بڕیارە پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیارە مێژووییەکەی دوای کۆنگرەی رابگەیەنێت، بەپێی زانیارییەکان پەکەکە چەک دادەنێت، لەبەرامبەردا بەندکراوە سیاسییەکانی ناوخۆی باکووری کوردستان ئازاد دەکرێن و سێشەممەش پەرلەمانی تورکیا لەسەر ئەو پرسە کۆدەبێتەوە. رۆژی هەینی ٢٠ی بانەمەڕ پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە کۆتایی هاتنی سەرکەوتنانەی دوازدەیەمین کۆنگرەی خۆی راگەیاند و لە راگەیاندراوێکی کورتدا رایگەیاند کە لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بڕیاری گرنگ و مێژووییان داوە. ئەگەرچی باس لەوە کراوە کە بەمزووانە وردەکاری بڕیارەکە بڵاودەکەنەوە، بەڵام رۆژهەڵات نیوز سەبارەت بە بڕیارەکەو لێکەوتەکانی هەندێک زانیاری دەستکەوتووە. عەبدوڵرەحیم سەماوی سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوێژکاروی ستراتیژی تەمەل کە بارەگاکەی لە ئەستەمبوڵە هەندێک زانیاری سەرنجراکێشی بڵاوکردووەتەوە. بەوتەی سەماوی رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوەو دەستکاری یاسای تیرۆر دەکات، بەو پێیە بەشێکی بەرچاوی بەندکراوانی گرێدراو بە پەکەکە لە گرتووخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئازاد دەکرێن، لەنێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپ. بەوتەی زانیارییەکانی سەرۆکی ناوەندی تەمەل پەکەکە لەکۆنگرەکەیدا بڕیاری چەک دانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە. چەکەکانیان بەشێکی دەفرۆشرێت و بەشێکی دیکەشی رادەستی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی سلێمانی دەدرێت. سەبارەت بە هاتنەخواری گریلاکانی پەکەکە لە قەندیلیش، عەبدوڵرەحیم سەماوی رایگەیاند کە هەتا کۆتایی هاوین سەرجەم گریلاکان لەو ناوچانەی ئێستا لێی جێگیرن، نامێنن و دێنە خوار. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی رگەزپەرەستی مەهەپە کە بە دارێژەری ئەو پرۆسەیە ناوی دەهێندرێت، لەیەکەم کاردانەوەی دوای کۆنگرەی پەکەکە پەیوەندی تەلەفوونی بە ئەحمەد تورک سیاسەتوانی باکووری کوردستان و ئەندامی شاندی ئیمراڵییەوە کردووەو هیوای خواستووە کە ئەو پرۆسەیە ببێتە مایەی خێر بۆ هەمووان و پیرۆزبایی لێکردووە. لەبەرامبەردا ئەحمەد تورکیش هیوای خواستووە کە زووتر پرسەکە بگوازرێتەوە بۆ پەرلەمانی تورکیا و کاری جیدی بۆ بکرێت، ئەحمەد تورک بە باخچەڵی وتووە کە ئەوان تەنیا بۆ کورد کار ناکەن، بەڵکوو تورکیایەکی دیموکراتیک و گەشەسەندووش کار دەکەن. لەگەڵ هەمووی ئەوانەش تاکوو ئێستا دیار نیە کە پەکەکە وردەکارییەکانی بڕیارەکەی کۆنگرەی کەی بڵاودەکاتەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەیەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، کە دەبووا زووتر پەکەکە بڕیارەکەی راگەیاندبا، باسیشی لەوە کردووە کە هەر وەکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتوویەتی، ئیدی شەڕی چەکداری سودی نەماوەو دەبێ لەرێگەی سیاسیی و دیموکراتی کار بکرێت. هاکان فیدان ئاماژەشی بەوە داوە کە پرسەکە تەنیا چەکدانان نیە، بەڵکوو دەبێ هەموو رێکخستنەکانی پەکەکە لەناو نەمێنن و کاری سیاسیی بە شێوەی شەفاف و ئەشکرا ئەنجام بدرێت.