20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ناكۆكییەكانی ئێران و ئازەربایجان - ئەو شەڕەی نەشكرێت، ھەر دەكرێت

ناكۆكییەكانی ئێران و ئازەربایجان - ئەو شەڕەی نەشكرێت، ھەر دەكرێت
20 . خەرمانان . 2723

RNA
جیحون بایرامۆف وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان رۆژی ھەینی ئاشكرایكردبوو كە ئەرمینیا لەسەركێشییەكانی بەردەوامەو خەریكە خەندەق و دیواری نوێی بەرگری لەسەر سنوور دروستدەكات، بایرامۆف ئەو قسانەی بۆ بالیۆزی وڵاتانی جیھان لە باكۆ كردبوو، وەكوو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی پێشوەختە پێیان رابگەیەنێت كە ئەرمینیا خەریكە رێككەوتنەكانی پێشوو پێشێل بكات و نایەوێ لەو شوێنانەی قەرەباغ كە بەگوتەی باكۆ داگیركراون، بكشێتەوەو لەسیاسەتی پێشوویان بەردەوامن.
ئەرمینییەكانیش نایشارنەوە كە سەرقاڵی خۆئامادەكردنن، چوونكە نیكۆل پاشینیان سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتەش لە كۆبوونەوەی كابینەی دەوڵەت رایگەیاندبوو :"ئازەربایجان لەچەند رۆژی رابردوودا لەسنووری قەرەباغ، ئەرمینیا و ئازەربایجان خۆی پتەو دەكات و لەسیاسەتی دەسترێژیكردنە سەر خاكی ئەرمینیا بەردەوامە." ئەو لەكاتێكدایە لەھەرێمی قەرەباغ ھەڵبژاردن كراوەو باكۆ و ئانكارا راستەوخۆ داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە، لە بەفەرمی ناسینی ئەو ھەڵبژاردنە خۆیان بپارێزن. چوونكە كابینەی ئێستای قەرەباغ لەژێر كۆنترۆڵی بەگوتەی ئەوان داگیركاری ئەرمینیا دایە.
ئەو شەڕە میدیاییەی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەكاتێكدایە ھەفتەی رابردوو ھەندێك میدیای ئازەربایجان ئاشكرایان كردبوو كە باكۆ بەپشتیوانی توركیا ھەر لەو مانگەدا و بەدیاریكراوی 25-ی سێپتەمبەر ئۆپراسیۆنێك بۆ گرتنەوەی كۆریدۆری زەنگەزوور دەست پێدەكات، وەكوو ھۆشداریەكیش بۆ ئێران لەراپۆرتەكەدا ھاتبوو كە ئەگەر ئێران بیەوێ دەستێوەردانی سەربازی لە قەرەباغ بۆ پشتیوانی ئەرمینیا بكات، ئازەربایجان، توركیا و تەنانەت ئیسرائیلیش بەھاوبەشی پلانی بی-یان ئامادە كردووە.
كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر لەئاستی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە كە لەدژی دەستێوەردانی سنوورەكانن و قبووڵی ناكەن رێگەی وشكانی ئێران بۆ ئورووپا دابخرێت. ئاماژەكە بۆ ئەوەیە كە ئەگەر كریدۆری زەنگزور بگیرێت، ئەو كریدۆرە رێگەی نەخجەوان بۆ توركیا دەكاتەوەو ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی سنووری وشكانی ئێران لە گەڵ ئەرمینیا نامێنێت و تارانیش ئەوە بە دەستێوەردان لە سنوورە نێودەوڵەتییەكان لێكدەداتەوە.
تاران بۆ رێگریكردن لە پلانەكانی ئازەربایجان و توركیا راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتیوانی لە ئەرمینیا كردووە، بۆ نموونە تاكوو ئێستا سێ مانۆری سەربازی لەسەر سنوور كردووەو جارێكیشیان وەكوو ھۆشداری تانك و زرێپۆشەكانی لە رووباری ئاراس پەراندنەوەو گەرایەوە. ھاوكات راگەیاندنەكانی ئازەربایجان لە دوو ھەفتەی رابردوودا ئاشكرایانكرد كە تاران یارمەتی سەربازی ئەرمینیاشی كردووە، بۆ نموونە ئەو چەكانەی ئێریوان لە ھیندستانی كڕیون، بەرێگەی ئێران رەوانەی ئەرمینیا كراون. چەكەكان بە بڕی 245 ملیۆن دۆلار بووەو چەكی قورس و تەنانەت موشەكیشی تێدابووە. گۆڤاری كالیبری ئازەربایجان ڤیدیۆیەكی بڵاوكردبوویەوە كە موشەكی پیناكای ھیندی و چەندین دژە تانكی دیكەش لەرێگەی بەندەرعەباس و لەوێشەوە بۆ سنوورەكانی ئەرمینیا رەوانە كراون.
توركیا و ئیسرائیل دوو پشتیوانی سەرەكی ئازەربایجانن بۆ ئەوەی سنووری وشكانی ئێران بۆ ئەرمینیا و لەوێشەوە بۆ ئوروپا بگرێت، ماڵپەری ئای 24-ی ئیسرائیل، تەلەڤیڤ لەبەرامبەر ھێرش و ھۆشدارییەكانی ئێران لەدژی ئازەربایجانی ھاوپەیمانیان بێدەنگ نابێت. ھاوكات ماڵپەری رویداد 24-ی ئێرانیش ئاشكرایكردووە كە ھاكان فیدان لەسەردانەكەی ھەفتەی رابردوویدا بۆ تاران بە بەرپرسانی ئێرانی گوتووە كە ئەگەر دەستێوەردانێك لەكاروباری ئازەربایجاندا بكەن، ئانكارا كاردانەوەی خێرا و تووندی دەبێت.
لەگەڵ ھەمووی ئەوانەش حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران پێیوایە پرسەكە ھەر رێگەی وشكانی ئێران بۆ ئەرمینیا نیە، چوونكە ئێستاش رێگایەك لەئازەربایجان بۆ نەخجەوان ھەیەو ئێران دەتوانێ بەكاری بھێنێت. یاسر جەبرائیلی رۆژنامەنووسێكی نزیك لە ئیبراھیم رەئیسی سەرۆككۆماری ئێران لە تویتێكدا دەلێ ئیلھام عەلیۆف دەیەوێ رێگەی ئێران بۆ قەفقاز بە تەواوەتی بپچرێت و تارانیش ھەرگیز ئەوە قبووڵ ناكات. ھاوئاراستە لەگەڵ ئەو بۆچوونە رۆژی شەممە سەرۆككۆماری ئێران و سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا پەیوەندییەكی تەلەفوونیان ھەبووەو لەوێ رەئیسی جارێكیتر دووپاتیكردووەتەوە كە ھەرجۆرە گۆرانكارییەكی ژیۆپۆلۆتیك لەسنوورەكان بۆ تاران ھێڵی سوورە.