Weather widget for website
ترسی رژێم لە هەڵبژاردن، بایکۆتی پێشوەختە لە کوردستان

ترسی رژێم لە هەڵبژاردن، بایکۆتی پێشوەختە لە کوردستان

16 . بەفرانبار . 2723


کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران، نزیکەی دوو مانگی دیکەو لەدوا مانگی زستاندا ئەو هەڵبژاردنە بەرێوەدەچێت. ئەوە یەکەمجا هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای شۆرشی ژینا و ئەو راپەرینە بوو کە بنچینەی ئەو رژێمەی کردبووە ئامانج. هەربۆیە ترس لەو راپەرینە بە ئامادەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دیارە، بۆ ئەوەی بتوانێ خەڵک بۆ سەر سندووقی هەڵبژاردنەکان رابکێشێت.

بەپێی پیلانێکی پێشتر بۆ دارێژراو، سەرەتا ئەنجوومەنەکانی پێداچوونەوە بە شیاوی کاندیدەکان لە پارێزگاکان نزیکەی پەنجا لەسەدی شیاوی کاندیدەکانیان رەتکردەوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری ریفۆرمخوازە حکومەتییەکانی لێکەوتەوە. دواتر لە شانۆیەکی پێشتر دارێژراودا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەدوو وتاردا داوای بەشداری هەمەلایەنەی لەهەڵبژاردنەکان کرد، هەفتەیەک دواتریش ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ لایەنە سیاسییە حکومەتییەکان کۆبوویەوەو دوای ئەوە شیای بەشێکی بەرچاو لە ریفۆرمخوازە حکومەتییەکان کە پێشتر لە پارێزگاکان رەتکرابوویەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور قبووڵکرا.

کردنەوەی سەری کیسەکە بۆ ریفۆرمخوازە حکومییەکان رێک رۆژی دوای تەقینەوەکانی شاری کرمان بوو، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی سەد کەس و بڕینداربوونی سەروو ١٥٠ کەس. رژێم لەراگەیاندنەکانیدا هەوڵیدا جۆرێک لە یەکگرتووی دروستبکات و بە مەزلووم نیشاندانی خۆی و جۆرێک لەترس بخاتە دڵی هاووڵاتیانی ئێران کە ئەگەر لەپشت رژێم نەبن، تیرۆر هەڕەشە لەهەموویان و تەنانەت لە یەکپارچەیی وڵاتیان دەکات. هەربۆیە شیاوی بەشێک بەرچاو لە کاندیدە ریفۆرمخوازە حکومییەکان قبووڵ کرایەوە، بۆ ئەوەی جارێکیتر بە دروستکردنی دووانەی ریفۆرمخواز و بناژۆخواز خەڵک هان بدەن و رووداوەکانی یەک ساڵی رابردوویان لەبیر ببەنەوە.

هەوڵدان بۆ درووستکردنەوەی دووانەی بناژۆخواز و ئیسڵاحتەڵەب لەلایەک و ترساندنی هاووڵاتیان لەتیرۆر و بەگوتەی خۆیان بەسورییەی کردنی ئێران لەلایەکی دیکە ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ راکێشانی خەڵک بۆ دەنگدانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جۆرێک لە تەسویە حیسابیشیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و بەتایبەت کورد و بەڵووچەکان کردووە.

بەگوتەی جەلال مەحموودزادە نوێنەری شاری مەهاباد ٤٠ لەسەدی نوێنەرە سوننەکانی ئێستای مەجلیسی ئێران، شیاویان رەتکراوەتەوە. بەگوتەی ئەو خۆی لەبەر ئەوە شیاوی رەتکراوەتەوە کە لەخۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو هەڵوێستی هەبووە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لەکاتی خۆکاندیدکردندا زۆرینەی رەهای خەڵک بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکەیان دەستپێکردووە، بەشێوەیەک کە لەزۆربەی شارەکان تەنیا ئەندامانی سەر بەرژێم کە کەسایەتیان بۆ خەڵکی شارەکان ئاشکرایە، خۆیان کاندید کردووە. هاوکات لەو شارانەی کە هەندێک کەسی ئاسایی یان بێلایەن خۆیان کاندیدکردووە، هەم لە فەرمانداری و ئۆستانداری و هەمیش لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاویان رەتکراوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەش لەئێستاوە لەزۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان حکومەت دەستی بە بانگەشەیەکی گەورە کردووە، بەڵێنی زۆری بەخەڵک داوەو لەرێگەی رێورەسمە حکومەتییەکان بەڵام بە پێدانی دەرفەتێکی سنووردار دەیەوێ جۆرێک لە قەرەباڵغی بۆ هەڵبژاردنی مەجلیس دروستبکات.

لەگەڵ ئەوەش بەرپرسانی ئێران ترسی ئەوەیان هەیە کە بایکۆتی ئەمجارەی هاووڵاتیان بەشێوەیەک بێت کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەزموون نەکراوە، هەربۆیە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لەئێستاوە خەریکی هاندانی خەڵکە، تەنانەت بەکارهێنانی تەقینەوەکانی کرمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێ، تووندترین تۆڵە لە تیرۆریستان بەشداریکردنی هاووڵاتیان لەهەڵبژاردنەکانە.

3

لە ساڵی پەنجاوهەشت لە کوردستان چی روویدا؟
ناوەندی هاوکاری بە ساردیش ناکۆکییەکانی بە گەرمی هێشتووەتەوە...ئایا حدکا پشتیوانی لە مانگرتنەکە کرد؟
راستەوخۆ...دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی، واشنتن ئێرانی لە پشتەو تۆڵەی قورس دەکەینەوە.
نیگەرانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کشانەوەی رۆژئاواییەکان
ئەمریکا و ئێران هەتا چەند لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی نزیکن؟
بۆچی تەنیا چەند هەنگاو لە شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نزیکین