لە زنجیرە گفتوگۆکانی RNA سەبارەت بە خەسارناسی یەک ساڵەی شۆرشی ژینا بێهروز بووچانی نووسەرو چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند مەنشووری مەهسا مەنشوورێکی فاشیستی بوو، بەشداری سەرکردەیەکی کوردیش لەو مەنشوورەدا ئاساییکردنەوەی فاشیزم بوو، کە نەدەبووا رووبدات. بووچانی دەشلێ ناکرێ گفتوگۆ لەگەڵ کەس یان لایەنێک بکەین کە وجوودی ئێمە وەکوو کورد قبووڵ ناکات و، لە ماهیەت و شووناسی کورد تێناگات. بێهرووز بووچانی پێیوایە کورد ئەو هێزەی هەیە کە بتوانێ بەڕەیەک لەدژی ناوەندگرایی دروستبکات و تێشیدا سەرکەوتوو بێت. بووچانی ئەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا بە شۆرشێکی تەواو مانا دەزانێت، بەڵام رایەکی دیکەی لەسەر ماهیەتی نارەزاییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران هەیە. بەرای ئەو ژن ژیان ئازادی لەرووی ناوەرۆک و ماهیەتەوە زۆر جیاوازە لەگەڵ زن زندگی آزادی، چوونکە کۆمەڵگەی کوردی ناوەرۆکی ژن ژیان ئازادیی لەناخیدا چەسپاندووە، بەڵام خاوەندارانی زن زندگی آزادی هەرزوو مرد میهن آبادیان لەبەرامبەر دانا. ئەو نووسەرە دیارە کوردە کە چەندین بەرهەم و خەڵاتی نێودەوڵەتی هەیە، سەبارەت بە ئیلام و کرماشانیش پێیوایە کە ئێستا لەو ناوچانە ناسیۆنالیزمی کوردی پەرەی سەندووەو هەنگاوێکی گەورە لەبواری شوناسخوازی کوردستانی چوونەتە پێش، نموونەش هەر شۆرشی ژینا دەهێنێتەوە، کە لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە ئیلامیشەوە خۆپێشاندان کراو دروشم و داواکارییەکانیش زۆر لەیەک نزیکبوون. بووچانی دەشلێ بەگشتی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو یەک ساڵەدا هەڵوێست و کاردانەوەی باشیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەی هەندێک کار کران کە نەدەبووا کرابان. بەڵام گشتییەتی کاری حیزبەکان لەو یەک ساڵەدا بە ئەرێنی ناودەبات. کۆی تووێژەکە لە کەنالی یوتیوبی RNA دەتوانن سەیر بکەن.