27 . ڕێبەندان . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

دوای چوار رۆژ شاخەوانە ونبووەکانی نەغەدە نەدۆزراونەتەوە

دوای چوار رۆژ شاخەوانە ونبووەکانی نەغەدە نەدۆزراونەتەوە
26 . بەفرانبار . 2723

پێشنیوەرۆی رۆژی هەینی ٢٢-ی بەفرانبار هەواڵێکی دڵتەزێن شارەکانی نەغەدەو شنۆ و دەورووبەری هەژاند، هەواڵ هات کە پێنج ئەندامی گروپی شاخەوانی کاویانی نەغەدە لە بەرزاییەکانی رندۆڵەی شنۆ کەوتوونەتە ژێر رنووی بەفر، لەوێ بەفر هەرەسی هێناوەو دیار نامێنن. هەر زوو شاخەوانەکانی ناوچە، خەڵکی ئاسایی و مانگی سووری شنۆ گەران بەدوای چارەنووسی شاخەوانەکان دەست پێدەکەن، لە ئێوارەی هەمان رۆژدا دوو لە شاخەوانەکان بە ناوەکانی سەلام بەهمەنیارو مۆبین جێسمی بە برینداری دەدۆزنەوە.

دوای چوار رۆژ لە گەران تاکوو ئێستا چارەنووسی سێ لە شاخەوانەکان بەناوەکانی موحسین عەزیزی، محەمەد روویان و رەزا کایشی دیار نیە. لەو چوار رۆژەدا دەیان گروپی شاخەوانی و ئافرۆیدسوارو مانگی سووری شنۆ و نەغەدە و ورمێ سەرقاڵی گەرانن. ئەگەرچی لەرۆژی دووەمدا کەڵوپەلی یەکێک لەو سێ شاخەوانە ونبووە دۆزرایەوە، بەڵام خۆیان هێشتا نەدۆزراونەتەوە. تاکوو ئێستاش لەو شوێنەی رنووی بەفر هاتووە، گەران بەردەوامە. ئەگەرچی بەپاساوی خراپی کەشووهەوا مانگی سوورو قائیمەقامی شنۆ رێگەی نەدا رۆژی یەکشەممە هاووڵاتیان بەدوای شاخەوانەکاندا بگەرێن، بەڵام لە هەمان رۆژیشدا گوندنشینەکانی دەورووبەری خۆیان پێنەگیراوەو لەگەڕان هەر بەردەوام بوونە.



دیارنەمانی چارەنووسی ئەو سێ شاخەوانەی شاری نە‌غەدە شەپۆلێکی هاوخەمی و یەکگرتووییەکی زۆری لەنێو خەڵک رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردووە، لەزۆربەی شارەکان شاخەوان و ژینگەپارێزەکان ئامادەیی خۆیان دەربریوە کە خۆیان بگەیەننە بەرزاییەکانی رندۆڵە بۆ ئەوەی لەگەڕان بەدوای شاخەوان ونبووەکان بەشداری بکەن. رۆژانە زیاتر لە دە گروپ بەشێوەی جیا و بە هاوبەشی خەریکی گەرانن، بنەماڵەکان بەشێوەی خۆبەخشانە خواردن بۆ شاخەوانەکان ئامادە دەکەن و هەر کەسەو بەشێوەو توانای خۆی لەهەوڵی یارمەتیدانی ئەو کەسانەدان کە خەریکی گەڕانن.