15 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techهەڵبژادرنی ئامریکا

دکتور بێهروز چەمەن ئارا: گێرانەوەی کوردی دەتوانێ بەشێکی گرنگی رژێمی حەقیقەتی و مەعریفی ئێرانییەکان لەناو ببات

دکتور بێهروز چەمەن ئارا: گێرانەوەی کوردی دەتوانێ بەشێکی گرنگی رژێمی حەقیقەتی و مەعریفی ئێرانییەکان لەناو ببات
4 . ڕێبەندان . 2723

دکتور بێهروز چەمەن ئارا توێژەری مێژوو ماوەیەکە بە بۆچوون و لێکدانەوەکانی بەشێک لە ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانی تووشی گرفتێکی جیدی مەعریفی کردووە، ئەو لەسەر ئەوە پێداگرە کە گێرانەوەی کوردی توانای ئەوەی هەیە کە بەسەر گێرانەوەی فارسەکان لە نووسینەوەی مێژوویی ناسیۆنالیستی ئێرانییەکاندا سەر بکەوێت. دکتور چەمەن ئارا دەشڵێ فارسەکان لە گێرانەوەی کوردی دەترسن، چوونکە دەتوانێ گرفتی جیدی بۆ رژێمی حەقیقەتی و مەعریفیان دروستبکات.
دکتور بێهروز چەمەن ئارا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا وەڵام سێ پرسیاری مەسعوود نەبەوەی بۆ رۆژهەڵات نیوز دەداتەوە.


١- ئایا مێژووی ئێمە بەشی ئەوە دەکات کە پێناسەی نەتەوەبوونی کوردی پێ بکەین، چوونکە وەکوو فارسەکان دوودمان، مێژوو و جوگرافیای تایبەتی خۆمان هەیە؟

وەڵام: سەبارەت بەو پرسیارە، بەر لەوەی کە وەڵام بدەمەوە دەبێ هۆشدارییەک بدەم، لەواقیعدا ئەو پیواژۆیەی مێژووی ناسیۆنالیزمی فارسی دروست دەکات، بەهەمان رێگەدا برۆین. نابێ بە ناهۆشیاری ئەوەی ناسیۆنالیستی مێژوویی فارس چێی کردووە، ئێمەش هەمان کار بکەین. ئەوە زۆر باوە لە مەسەلەی دەرووناسی و فەڵسەفە باسکراوە. زۆرجاران سوژەی داشکاو و سوژەی بندەست خۆی لە باڵادەستدا دەبینێت و دەیەوێ وەکوو ئەوی لێبێت و خۆ وەکوو ئەو لێبکات.
ئێمە وەکوو کورد مێژووی خۆمان هەیە، بەشێک لە مێژووی ئێمە خۆمان نەمانتوانیوە بیپارێزین یان دەسەڵاتدار دەستی بەسەردا گرتووەو لەکاتێکدا هی خۆمانە. هەربۆیە مێژووی کورد توانای ئارتیکیۆلیتکردن سورەتبەندیکردنی خۆی هەیە، توانای دروستکردنی دروستکردنی پەیوەستارێکی مێژوویی هەیەو سێ توانای بەیەک گرێدانی ئێمەشی هەیە. بەڵام لەواقیعدا ئێمە ئێستا لەنێو چەند گوتاری مێژوویی و ناسیۆنالیستیدا دەژین، هەندێکی فارسی و هەندێکی فارسی و عەرەبییەو هەندێکیشی ئایینیەوە.
ئەوەش وایکردووە کە ئێمەش بووینەتە چەند باڵ. هەندێکمان حاشا لەهەر جۆرە لەپەیوەندی خۆمان و نەیارەکانمان دەکەین. بۆ نموونە ئەگەر فارس بەسێک لەمێژووی فارسەکانی بەکارهێناوە، ناسیۆنالیزمی کورد ئەوە رەتدەکاتەوە. ئەگەر ناوی ئێرانی بەکارهێناوە، لەکاتێکدا باس لە ئێمەو خاک و موڵکی کوردی دەکات، بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی رەتیدەکاتەوە. ئەوەش کێشەگەلێکن کە ئێمە بۆ نووسینەوەی مێژووی نەتەوەی گەلی کورد بخرێنەوە بەرباس.


٢- ئایا مێژوویی ناسیۆنالیستی ئێرانی لە رەوایەتی کوردی دەترسێت، ئایا قبووڵکردنی ئەو رەوایەتە رەوایەتی ئەوان و شوناسیان تووشی گرفتی جیدی دەکات؟

وەڵام: ئەو پرسیارەتان زۆر گرنگە، کە ئایا رەوایەتی کوردی، رەوایەتی ئەوان تووشی کێشە دەکات. بێگومان وایە. نزیکترین نەتەوە لەرووی مێژووییەوە بەنەتەوەی فارس، کوردەکانن. بەڵام ئەوان توانیویانە گوتاری خۆیان بەسەر ئێمەدا بەسەپێنن و رژیمێکی حەقیقەتەوە ساز بکەن و لەلایەن رۆژهەڵاتناس و رۆژئاواییەکان پەسەند کراوە. وەکوو رژیمێکی مەعریفی پرسیار لێنەکراوو شتێکی ڕوون قبووڵکراوە، ئێستا دونیا خەریکە لەچاوی ئەوانەوە سەیری ئێمەش دەکات. گۆرینی ئەو کەڵان رەوایەت و پووچەڵکردنی ناوەرۆکەکەی بەقازانجی رەوایەتی کوردی، بەشێک لە هێزو توانای رژێمی حەقیقەتی ئەوان دەشێوێنێت.
هەربۆیە سروشتییە تەواوی هەوڵی خۆیان بدەن کە یەک: لەپێواژۆی دەزگای پەروەردە منداڵ و گەورەکانمان فێربکەن و نەهێڵن لە دەزگایەکی پەروەردەی کوردی شکڵ بگرێت، بۆ ئەوەی حەقیقەتێکی دژ بەوەی ئەوان دروستیان کردووە، چێ بکرێت. چوونکە ئەو دەستنووس گەڵ و مێژووە کە لەرابردوو هەبوو، سەبارەت بە ئێمە بووە، بەڵام هەم ئێمە دەتوانین کەڵکیان لێوەربگرین، هەم ئەوانیش دەتوانن، چوونکە لە جوگرافیای ئێمە روویانداوە. ئەوان کەڵکیان لێوەرگرتووەو ئێمە ئەو کارەمان نەکردووە. ئەوان خەریکە لەگوتاری ناسیۆنالیستی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن، بەڵام ئێمە قار دەکەین و پشتمان تێکردووە.
ئەگەر بێت و بگەرێینەوەو داوای بەشی خۆمان لەو مێژووە بکەین و، لەگوتارێکی کوردی سەربەخۆییخوازانە و لەنیزامێکی مەحریفی و رژێمی حەقیقەتی تایبەت بە خۆمان کاری پێبکەین، لەوێدا شەڕی گێرانەوەکان دەست پێدەکات. ئێمە لە نیزامی گشتی گێرانەوەی مەعریفی-دا دەستی باڵامان نیە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە ناتوانین هەوڵێکی کوردانە بکەین.

٣- گرفتەکانی مێژوونووسی کوردی چین؟ ئەوەی هەیە بەشی زۆری بیرەوەرییە، چۆن دەکرێ ئەو خامە بەهێزە، وەکوو ئاسەوار، ئوستوورە، تراژیدیا و نۆستالیژیاکان تێکستێکی زانستی مێژوویی بنووسینەوە، پێتوانیە لەو بوارەدا ئاکادیمسییەنەکان کەموکوڕیان هەبووە؟

ئەوە تەنیا کێشەی ئێمە نیە، ئەگەرچی گریک و یۆنانی و رۆمانییەکان دۆخیان باشترەو نەریتی ئارشیڤیان هەبووە. ئەوە لە رۆژهەڵات زۆر باوەو سروشتییە. بەشی هەرە گەورەی کە ئێمە بەناوی ئاکادیمیا و پەروەردەی مێژووی ئێرانی دەیناسین، هەمووی بیرەوەریی گەلێکن کە بەشی زۆری لە جیهانی عەرەبی هاتووەو بەشێک لە گریک و ئاسووری و پالەوییەکانن و دوای چەندین سەدە نووسراونەتەوە. هەموو ئەوانە بەجۆرێک لە رژێمێکی حەقیقەتی ناسیۆنالیستی دانراون و وەکوو بەرساختەیەک دانراوەو ئێمە دەیخوێنینەوە.
ئەو خەتە کە فارسەکان دەیهێنن لەدوای ساسانییەکان باسی دەکەن و بەهاتنی مەغوول و خوڵەفاو تورک و تا ئێستا بەهی خۆی دەزانن، ئەوە ئارتیکۆلیکردنە. ئێمەش ئەو توانایەمان هەیە، ئێمە نەمانتوانیوە لەدوای هاتنی ئیسلام پێکهاتنی هێزە کوردییەکان وەکوو دینەوەرو بەرزیکانییەکان، شەدادییەکان، خاڵیدییەکان و مەروانییەکان و تەنانەت سەڵاحەدین ئەیووبی، نەمانتوانیوە خاوەندارییەتی بکەین. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە دەزگایەکی سیاسی دەوڵەمەندمان نەبووە. ئەگەرچی هەندێکیش لەسەردەمی ئەردەڵانییەکان بوون و هەندێک شتیان نووسیوە، بەڵام لەراستیدا پەیوەندیان لەگەڵ تاران و دەزگای سەفەوی هەبووەو ئەوەش وایکردووە هەندێک راستییەکان بشاردرێتەوە. یان شەرەفخانی بەدڵیسی ئەوەی بە فارسی نووسیویەتی و ئەوەی تاریخی مەردووخی هەن.
ئێستاش هەندێک دەزگا و دەسەڵاتی سیاسی کە هەن، ئەگەر عەقلییەتی هەبێت بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤی کورد، دەستبەکار بکات و هەوڵی چێ کردن و بەدیهێنانی مێژووییەکی کوردی، لەگوتاری سەربەخۆیی و کوردایەتی رژێمی حەقیقەتی خۆی پێشنیار بکات و لەپشتی رابوەستێت. ئێمە زۆر زۆر دەستمان ئاوەڵایە، چوونکە دەقەکان خۆیان بەشوێنێکەوە نەبەستووەتەوە، ئەوانەی ناوەندەکانی دەسەڵات کەڵکیان لێوەردەگرن، بەشوێنێک بەستراوەتەوە، ئێمە دەتوانین دژ بەو گێرانەوەی ئەوان دەیکەن، گێرانەوەی خۆمان دابین بکەین، پێناسەی بکەین و پەروەردەی بکەین و بەرگری لێبکەین. بەداخەوە ئەو کارەمان نەکردووەو رەخنەیە لەسەرمان. دەبێ هەموومان هێزەکەمان بکەین بەیەک و ئەو کارە بە ئەنجام بگەیەنین.