شێعرێکی یوونس رەزایی لەسەر زمانی کوردی
لە قەراغ رێگای سبەینێ
بەهار دێنێتەوە بیری رێبواران.
زمانی فەرمی من دارە
سەوز و بەرز
هەموو وەرزەکانی ئەوینیش بێژ دەکا
گەڵا گەڵا
چۆمێک؛
بە پەنجەی چاوەڕوانی وڵاتدا
دەبێتە ئاوێنەی ئاسمان.
زمانی فەرمی من چۆمە
روون و رەوان
گشت هەرێمەکانی جوانیی
دەنگ دەدەنەوە لە شەپۆلی سروودیدا
شەپۆڵ شەپۆل
باڵێک؛
رۆژئاوا دەپێوێ
باڵێکی دیکە، رۆژهەڵاتی زانیوە.
زمانی فەرمی من باڵە
دەفڕێ بەسەر جوغڕافیای خۆرەتاودا
تا جەغزەکانی رووناکی
بەرینتر کاتەوە بۆ ژووان
پەیتا پەیتا
پرچی واتاکان رستە رستە دادێنێ.
بێشکەی تەنیایی هەموو مەلێک
شەوانە
بەکاوەخۆ رادەژێنێ.
لایە لایە بۆ خاک دەکا و
نوێژەبارانە بۆ دڵتەنگی کات.
زمانی فەرمی من ژنە
جوانی دەژی و
ژان دەناسێ
روو دەکاتە وەرزی تازە و
پیتەکانی ئاسمان دووپات دەکاتەوە.
هەورێک بەرە بەرە دەخوشێ
لەنگەر دەگرێ
لەسەر لاپەڕەی ئەو شێعرە و
چاوێک پڕ دەبێ لە وشە
نمە
نمە
زمانی فەرمی من بارانە
لەمەودوا.