20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

رژێم دەیەوێ بەپاساوی رەمەزان رێگری لە رێورەسمەکانی نەورۆز بکات

رژێم دەیەوێ بەپاساوی رەمەزان رێگری لە رێورەسمەکانی نەورۆز بکات
19 . ڕەشەمە . 2723

وەزارەتی ناوخۆی ئێران سەرجەم پارێزگارەکانی ئەو وڵاتەی راسپاردووە، لە ناو مانگی رەمەزاندا رێگری لە بەرێوەچوونی رێورەسمەکانی نەورۆز بکەن، داواکە بەمشێوەیە کراوە کە نابێ هیچ گردبوونەوە یان رێورەسمێک ئەنجام بدرێت کە موغایری مانگی پیرۆزی رەمەزانە. 


لەکاتێکدا لە زۆربەی شاروگوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوەختە رێورەسمەکانی نەورۆز دەستیان پێکردووەو رێورەسمەکانی ئاگرکردنەوەی نەورۆز بە مەشغەڵ و جامانەو هەڵپەرکێ بەرێوەدەچن، بەڵام لەلایەن پارێزگارەکانی هەموو پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قائیمەقام (فەرماندارەکان) راسپێردراون، رێگری لە بەرێوەچوونی رێورەسمەکانی نەورۆز لە مانگی رەمەزان بگرن. بەخشنامەیەک ئاراستەی قائیمەقامەکان کراوە کە نابێ لەمانگی رەمەزاندا هیچ گردبوونەوەو رێورەسمێک ئەنجام بدرێت کە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی مانگی پیرۆزی رەمەزان موغایر (پێچەوانە یان دژی)بێت. 


لەگەڵ ئەوەش بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز و ئەو ڤیدیۆیانەی لە هەندێک شارو گوند بڵاوکراونەتەوە، لە دە رۆژ بەر لە ئێستاوە رێورەسمەکان لە ناوچەی هەورامانەوە دەستیان پێکردووەو تاکوو ئێستاش لە زۆربەی شاروگوندەکان بە گڕوتینێکی زۆرەوە بەردەوامن. 


سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە ئەو بەخشنامەیە هەر لەسەرەتای ئەو مانگەوە گەیشتووەتە قائیمەقامەکان، لەکاتێکدا پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئاراستەی پارێزگارەکانی کردبوو. سەرچاوەکە ئاشکرایکرد کە پێشوەختە چالاکوانەکان لە رێگەی بەخشدارو شۆرای گوندەکان لە هەبوونی وەها بڕیارێک ئاگادار کراونەتەوە، هەربۆیە لەهەندێک شوێن بەبێ گەرانەوە بۆ شۆرای گوندەکان یان بەخشداری و قائمەقامییەکان رێورەسمەکانی نەورۆز دەستی پێکردووە، بۆ ئەوەی بەر لە هاتنی مانگی رەمەزان رێورەسمەکان بەرێوەببەن.


بەڵام لەگەڵ ئەوەش رۆژهەڵات نیوز لە سێ سەرچاوەی ئاگادار لە پارێزگای ورمێ، سنەو کرماشان زانیویەتی کە چاڵاکوانەکان لە شارەکان و شۆرای گوندەکانی زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی رێورەسمی نەورۆز لە ئێوارەی پێش سەری ساڵی کوردی دەکەن. ئەو سەرچاوانە پشتراستیان کردەوە کە لەگەڵ ئەوەی مانگی رەمەزان بۆ زۆربەی خەڵکی کوردستان رێزلێگیراوە، بەڵام رێورەسمەکانی نەورۆز لە رۆژی خۆیدا ئەنجام دەدەن.