8 . خەزەڵوەر . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژکۆحەفتەوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

هاوپەیمانین کە هاوپەیمان نەبین

هاوپەیمانین کە هاوپەیمان نەبین
7 . خەزەڵوەر . 2726

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، کاروبارەکانی هاوپەیمانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە خاوی دەچنەپێش و بە وتەی ئەو:"هاوپەیمانن کە هاوپەیمان نەبن."


هاوپەیمانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٨ مانگە دامەزراوە، بەڵام تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە هاوپەیمانییەکە مانادار بکەن و تەنانەت ئایین نامەیەکی کاری هاوبەش پێکبهێنن. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، زۆر لەمێژە دەبووا ئایین نامەیەک وەکوو رێسای کاری هاوبەش درووستکرابا، قسەو باسی زۆری لەسەر دەکرێت، بەڵام بۆچوونەکان هێندە لێکدوورن کە ئەگەریش رێسایەکی کاریش بڵاوبکرێتەوە، زۆرتر رووتین دەبێت، چوونکە لەسەر بنەماکانی کاری هاوبەش رێکنەکەوتوون و پێناچێ وا بە ئاسانیش رێککبکەون. 

کێشەکان زۆرن، دیارترینیان تاکوو ئێستا لەسەر ئاڵای کوردستان ناکۆکی هەیە، پێنج لایەن پێیانوایە کە دەبێ ئەو ئاڵای کوردستانەی ئێستا بەفەرمی بناسن، هەتا ئەوکاتەی لەرۆژهەڵات لەسەر ئاڵایەک ساغ دەبنەوە، بەڵام پژاک بەفەرمی ناناسێت و دەڵێ ئەوانیش ئاڵای کۆماری کوردستان دەهێنن. هاوکات لەسەر پرسی یەکخستنی پێشمەرگەو گریلاش بۆچوونەکان لێکدوورن. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ئەگەرچی دژوارە ئێستا بتوانن هێزێکی یەکگرتوو درووستبکەن، بەڵام پێیوایە دەتوانن لەسەر دەقێک بۆ کارو راهێنانی هاوبەشی پێشمەرگەو گریلا رێکبکەون، بەڵام ئەو باسەش بەجیدی وەرنەگیراوە.

کێشەیەکی دیکەی بەردەم ئایین نامەکە هاتنەبەرباسی پرسی ئینتگراسیۆنە و ئەوەش کێشەکانی بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی ماناداری هاوبەش قووڵتر کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەیش تاکوو ئێستا لەئاستی پەیوەندییەکانیشدا، ئاستی بەیەکەوە کارکردنی هاوپەیمانی لەدەرەوەی وڵاتیش لەئاستی کۆمیتەکاندا ماوەتەوەو رێبەرایەتییەکان بەیەکەوە کاری دیپلۆماسی هاوبەش ناکەن.

جێگەی ئاماژەپێدانە لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ٨ مانگ بەسەر راگەیاندنی هاوپەیمانیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا تێپەریوە، بەڵام نەتوانراوە سمینار یان کۆنفرانسێکی هاوبەش لانیکەم لەئورووپا بەرێوەببەن.