6 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

دوایین زانیارییەکان لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان

دوایین زانیارییەکان لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان
11 . سەرماوەز . 2724

دەستەی تەحرير شام و گرووپە چەکدارە هاوپەيمانەکانی زۆرينەی شارى حەلەبيان، بە فرۆکەخانە، ناوەندە حکومييەکان و زيندانەکانەوە کۆنترۆڵکردووە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "بەبێ بەرگریی سوپای سووريا ئەو گرووپانە پێشڕەوييان کردووە".
روانگەی سووری رەتيدەکاتەوە "گرووپە چەکدارەکان گەيشتبنە شاری حەمای دراوسێی حەلەب". وەک ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى نزیک لە گرووپەکانەوە بانگەشەى بۆکرا. ئاماژەى بەوەشکردووە، حکومەتى دیمەشق هێز و پێگە سەربازییەکانى لە حەما رێکخستووەتەوە و خاڵى نوێى سەربازى لە دەوروبەرى شارەکە داناوە.
لە کاردانەوەی بەرپابوونی شەڕەکە، سێ وڵاتی پەیوەندیدار بە ململانێی سووریا، واتە رووسیا و ئێرانی هاوپەیمانی ئەسەد و تورکیای پشتیوانکاری "ئۆپۆزسیۆن" گفتوگۆیان لەسەر "پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی" سووریا کرد. هەروەها تاران رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئەمڕۆ (یەکشەممە) سەردانی سووریا دەکات و دواتر دەچێتە تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە کۆشکی سپی لەیەکەم کاردانەوەدا لەگەڵ ئەوەی رایگەیاند کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشەوە نیە، بەڵام هۆکاری ئەو دۆخەی سوریای بۆ ئەوە گەراندەوە کە بەشار ئەسەد پشتی بە ئێران و رووسیە بەستووەو هۆی ئەو دۆخەش هەر ئەوانن.
رۆژی شەممە ئەو چەکدارانەی سەر بە تورکیا لەراگەیاندراوێکدا باسیان لەوە کرد کە لەپێشرەوییەکانیان بەردەوام دەبن و، بەگوتەی خۆیان سوریا رزگار دەکەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەراگەیاندراوەکەدا بۆ یەکەمجار باسیان لە رۆژئاوای کوردستانیش کرد و ناوی هەسەدەیان وەکوو هێزێکی جیاییخواز لەگەڵ ناوی سوپای سوریە و میلیشیاکانی ئێران هێنا.
لەچەند لاوە بەتایبەت لە لای عەفرین و هاوکات رێگەی شەهبا بۆ حەلەب هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەگە خەریکی بەرگرییەکی قارەمانەن، بۆ ئەوەی رێگری لە پێشرەوی ئەو چەکدارانە بکەن.
لەگەڵ شەڕی ناوخۆیی لە سوریا هەتا ساڵی ٢٠١٦ شاری حەلەب لەدەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و گروپە تووندرەوەکانی سەر بە تورکیا دابوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٦ دوای گەمارۆ و بوردوومانێکی چڕ و پشتیوانی رووسیا و ئێران سوپای سوریە توانی شارەکە کۆنترڵ بکاتەوە.
چەکدارەکانی تەحریری شام کە ناوەندی سەرەکیان پارێزگای ئیدلیبە، رۆژی چوارشەممە دەستیان بەهێرش بۆ سەر گووندو ناوچەکانی دەورووبەری حەلەب کرد، شەوی هەینی گەیشتنە ناو شاری حەلەب و ئەمرۆ یەکشەممە کۆنترۆڵی هەموو شارەکەیان لەبەردەستدایە.
بەگوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، دەستەی تەحریری شام کە پێش ئەوەی خۆی لە رێکخراوی قاعیدە جیابکاتەوە ناوی بەرەی نوسرە بوو، ئێستا لەگەڵ گروپێکی تووندرەو و پرچەکی دیکە کە لەلایەن تورکیا پشتیوانی تەواو دەکرێت، پەلامارەکانیان بۆ حەلەب و دەورووبەری دەست پێکردووەو بەرەو حەما و لەهەندێک ناوچەش روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانیش‌ کردووە.