1 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئایا ئیسرائیل یارمەتی ئەسەد و سوپای پاسداران دەدات؟

ئایا ئیسرائیل یارمەتی ئەسەد و سوپای پاسداران دەدات؟
14 . سەرماوەز . 2724

نووسینی: دکتور کامران مەتین
وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز

پێشڤەچوونە خێراو بەرفراوانەکانی گروپە جیهادییە سوننە مەزهەبەکان زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ ئیسرائیل پێکردووە. ئەگەر ئەو گروپانە بتوانن حەما و حەمەس داگیر بکەن و یان تەنانەت بتوانن رژێمی بەشار ئەسەد بروخێنن و بچنە ناو دیمەشق، ئەوە بەو مانایەیە کە گروپێکی سیاسی و ئیدیۆلۆژیکی نزیک لە حەماس لە سنوورەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئیسرائیل جێگیر دەبێت، بەو جیاوازییەش کە ئەو گروپە لەرووی سەربازی دەیان هێندەی حەماس بەهێزترن.

هەندێک راپۆرت باس لەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە سوریە خۆی ئامادە دەکات. لەکورتخایەندا یەکەم هەنگاو بۆ هێشتنەوەی بەشار ئەسەد، بەو شێوەیە دەبێت کە ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر کاروانی شیعەکانی عێراق و گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران. لەچەند رۆژی رابردوودا هێزێکی زۆری شیعە چەکدارەکان لە سنووری عێراق چوونە ناو سوریە، بەبێ ئەوەی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان بکرێتە سەر. ئەوە بە مانای یارمەتی ناراستەوخۆی ئیسرائیل بە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لەسەر پێ هێشتنەوە بەشار ئەسەد و کۆنترۆڵی گروپە جیهادییە سوننە مەزهەبەکانی سەر بە تورکیایە. ئەو دۆخە لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکە دەتوانێ بەرفراوانتریش بکرێت.

نوکتەی بابەتەکەش لەوە دایە کە دەوڵەتی سوریە رۆڵی سەرەکی لە دروستکردنی زەمینە بۆ لەدایکبوونی ئەو گروپە جیهادییە سوننە مەزهەبانە هەبووە. چەند ساڵ دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەسەد هەزاران چەکداری ئیخوان موسلمینی لە زیندانەکانی ئازاد کرد و، یارمەتی لۆجستیکی بۆ دابینکردن بۆ ئەوەی لە عێراق پەلاماری هێزە ئەمریکاییەکان بدەن. ئامانجیش ئەوە بوو کە ئەمریکا لەناو خاکی عێراق بوەستێنن، بۆ ئەوەی نەتوانێ لەدوای عێراق هێرش بۆ سەر سوریە بکات.

کۆماریه ئیسلامی ئێرانیش هەر پێیوابوو کە ئامانجی دواتری جۆرج بوش ئەوانن، هەربۆیە هەمان پلانی بەشار ئەسەدی جێبەجێکرد. ئێران یارمەتی لۆجستیکی بۆ سوننەکان و بەتایبەت پاشماوەکانی ئەڵقاعیدە لەئەفغانستان دابین کرد و رێگەی پێدان بەناو خاکی ئێراندا بچنە ناو عێراق و هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بکەن، بەمشێوەیە چاوی ئەمریکا لەسەر ئێران لابەرێت. ئەو هێزانە و چەکدارە سوننەکانی سوریە سەرەتا ئەڵقاعیدەی عێراقیان پێکهێنا و لەکۆتاییشدا بوون بە داعش.

ئێستا ئیسرائیل لەبەردەم مەترسی رووخانی بەشار ئەسەد دایە. چەندین دەیە ئەسەد رێبەرێکی دڵخوازی ئیسرائیلییەکان بوو. لەروانگەی ئیسرائیلییەکان بەشار ئەسەد پێشبینی کراوەو هاوکات لاوازەو ناتوانێ مەترسی بۆ ئیسرائیل دروست بکات، لەهەمان کاتدا بەرادەیەکیش بەهێزە کە رێگری لە بەهێزبوونی گروپە چەکدارە سوننە مەزهەبییە جیهادییەکان لە سوریە بکات. چوونکە ئەو گروپانە بەرادەیەکی زۆر لە حەماس و حیزبوڵڵا بۆ ئیسرائیل مەترسیدارترن.

لەگەڵ ئەوەش گۆرانکارییەکان رابردوو، بەخێرایی گومانی خستووەتە سەر کارامەیی ستراتیژیکی بەشار ئەسەد بۆ ئیسرائیل. ئایا ئەو دۆخە وادەکات ئیسرائیل پشتیوانی لە ئەسەد، حیزبوڵڵا و سوپای پاسداران لە سوریە بکات، بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لە هێزە سوننەکان بکەن؟ هەر وەکوو پێشووتر باسکرا، لە قەوارەیەکی بچووک ئەوە خەریکە روودەدات، بەڵام ئەگەر ئەوە بەرفراوانتر بکرێت، هەموو پلانە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل کە یەک دەیەیە کاری لەسەر دەکات، دەبێتەوە هیچ. چوونکە پرۆسەی لاوازکردن و دەرکردنی هێزە شیعەکانی ژێر سێبەری ئێران لەسوریە پێچەوانە دەبێتەوەو پێگەی ئێران لە سوریە بەهێزتر دەبێت و تەنانەت دۆخەکە بۆ بەر لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەگەرێتەوە.

ئەوە روونە کە ئیسرائیل رێگری لە چوونی هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران بۆ سوریە نەکردووە، بۆ ئەوەی یارمەتی ئەسەد بکەن. هەربۆیە جارێ موومکین هەتا روونبوونەوەی دۆخەکە لەسوریە هێرشی تۆڵەکردنەوەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هاوکات هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رووبدات.
ئیدەی هەبوونی ئیسرائیل، ئەسەد، ئێران و حیزبوڵڵا لەیەک بەرەدا سەرسورهێنەرو باوەرنەکراو خۆی دەنوێنێ، بەڵام بەگوتەی لۆرد پاڵمێرسۆن:"لە سیاسەت نە دۆستی هەمیشەیی و نە دوژمنی هەمیشەیی نیە، ئەوەی هەمیشەییە بەرژەوەندییەکانن."