ئیلهام ئەحمەد لەچاوپێکەوتنێکدا بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی وتووە، کە بەبێ رۆڵی ئیسرائیل، هیچ چارەسەرێکی دیموکراتی لەناوچەکە سەرناگرێت. ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئورشەلیم پۆستی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە کە پەیوەندی تەلەفوونیان لەگەڵ گیدۆن سائیر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەبووەو قسەیان لەسەر چارەسەری قەیرانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست کردووە. بە باوەری ئیلهام ئەحمەد بەبێ رۆڵی ئیسرائیل، هیچ چارەسەرێکی دیموکراتی لە ناوچەکە سەرناگرێت. ئیلهام ئەحمەد لەچاوپێکەوتنەکەدا باسی لە تەحریر شام کردووەو دەڵێ ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین کە ئەو گروپە لە لیستی تیرۆر دەربهێندێن. بەباوەری هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باکوورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەگەر تەحریر شام لە لیستی تیرۆر بهێندرێتە دەر، دەست بەسەر هەموو سوریادا دەگرێت و لەکۆتاییشدا واز لە ئایدیۆلۆژییە تووندڕەوەکەی خۆی ناهێنێت. هەربۆیە داوا دەکات کە بەربەست و سنووردارکردنی تەحریر شام وەکوو گروپێکی تیرۆریستی بەردەوام بێت. ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە داهاتووی هەسەدەش بە رۆژنامە ئیسرائیلییەکەی گوتووە کە کێشەیان لەگەڵ ئەوە نیە کە هێزەکانی هەسەدە ببنە بەشێک لە سوپای سوریا، بە مەرجێک کە ئەوان بەشداری و هاوبەشیان لە بەرێوەبەری سوپای سوریادا هەبێت.