حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەیەکەم پلۆنیۆمی دوای کۆنگرەی حەفدەیەمی خۆیاندا بە تێکرای دەنگ مستەفا هیجری وەکوو سکرتێر هەڵبژاردەوە. ئەمرۆ پێنجشەممە ١٨ی رێبەندان ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێدراوی کۆنگرەی حەفدەیەمی حیزدبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوە. محەمەد نەزیف قادری ئەندامی رێبەریی حدکا بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، ئەمرۆ لەیەکەم کۆبوونەوەی ئەندامانی رێبەریی هەڵبژێدراو بە تێکرای دەنگ مستەفا هیجری وەکوو سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێدرایەوە. سەبارەت بە سیاسەت و بەرنامەکانی دوای کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان محەمەد نەزیف قادری بە رۆژهەڵات نیوزی وت کە لەئاستی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ هاوخەباتی بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بتوانن بەیەکەوە لەبەرامبەر رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستنەوە. قادری لەئاستی کوردستانی گەورەشدا باسی لەوە کرد کە کۆنگرەکەیان پشتیوانی لەدۆزی هەموو پارچەکانی کوردستانی دووپاتکردووەتەوە. محەمەد نەزیف قادری ئەندامی رێبەریی حدکا وتیشی لەئاستی سەراسەری ئێراندا، بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی و کار لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ناو جوغرافیای سیاسیی ئێران دەکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەمافی سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆیان بگەن. بەرای قادری هاوخەباتی نەتەوەکانی ئێران دەتوانێ کاریگەری لەسەر پێکهێنانی سیستەمێکی فیدراڵ، دیموکرات و سیکۆلار بۆ داهاتووی ئێران هەبێت. ئەو ئەندامەی رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەدوای کۆنگرە بڕیاریانداوە کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان پتەوتر بکەن و ئۆرگانە پەیوەندییدارەکانیش لە ئوروپا و ئەمریکا بۆ ئەو ئەرکە رادەسپێرن کە لەهەموو ئاستەکاندا سەرنجی بڕیاردەران و ئازادیخوازانی جیهان بۆ لای پرسی کورد لە ئێران رابکێشن. محەمەد نەزیف قادری سەبارەت بەو رخنەو گلەییانەی لە پێکهاتەی رێبەری هەڵبژێردراو بەتایبەت کەمی رێژەی ژنان بە رۆژهەڵات نیوزی وت کە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژوودا و بەتایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا رۆڵێکی بەرچاویان هەبووەو لەهەموو بوارێکی خەباتدا شوێن پەنجەیان دیارە. بەرای قادری سیاسەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە ئەوە بووە کە ژنان لەهەموو شوێنە بڕیاردەرو ئۆرگانەکاندا بەشدار بن، بەڵام پێکهاتەو تایبەتمەندی کۆنگرەی ئەمجارە جیاواز بوو، ئەوەش بە مانای ئەوە نیە کە ژنان بەرێژەیەکی بەرچاو لە کۆمۆسیۆن، ئۆرگان و ناوەندەکان بەگشتی نابن و یەکێک لە کارە بنەڕەتییەکانی حیزبی دیموکرات سەرنجدان بە بەشداریکردنی ژنان لەهەموو ئاستەکاندا دەبێت.