سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێ هەسەدە لە سوریا دەبێ لە ئەرکەکانی بەرامبەر داعش بەردەوام بێت و راشیدەگەیەنێت کە هەرگیز نابێ میلیشیاکانی سەر بە ئێران بگەرێنەوە سوریا. ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٥ی رێبەندان کۆنفرانسێکی گەورە لەسەر داهاتووی سوریە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەرێوەچوو. کۆنفرانسەکە بە بەشداری وەزیری دەرەوەی ئێستای سوریا و بەشی زۆری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئورووپا، ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی و تورکیا باسیان لە هاوئاهەنگی ناوچەو نێودەوڵەتی لە پرۆسەی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە سوریە کرد. ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند:"ئەولەویەت بۆ سوریە دابینکردن و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشە، هەربۆیە نابێ جارێکیتر سوریە ببێتە پێگەی لۆجەستیکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە دەیانەوێ ناوچەکە ناسەقامگیر بکەن." ماکرۆن داوای لە بەرپرسانی ئێستای سوریە کرد، کە بەهەموو شێوەیەک لەبەرامبەر گروپە تووندڕەو و تیرۆریستەکان بوەستنەوە. لەکۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکەی پاریس-دا بەهۆی گرفتی پرۆتۆکۆڵی لایەنی کوردی و هیچ نوێنەرێک لە هەسەدەو ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژئاوای سوریا بەشدار نەبوو، بەڵام ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێی سوریا کرد کە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هاوپەیمانی رۆژئاواییەکانن لە دژی داعش لە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتدا بەشداری پێبکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لەبەرامبەر داعش و گروپە تووندرەوەکانی دیکەدا بەهێز بمێننەوە. مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەوان ئامادەن هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سوریا تێکەڵ بکەنەوە، بەڵام لەسەر شێوازەکەی رای جیاوازیان هەیەو گفتوگۆکان لەو بوارەدا بەردەوامن. سەرۆککۆماری فەرەنسا لە وتارەکەیدا ئاماژەشی بەوەدا کە حکومەتی دوای حکومەتی کاتی ئێستا دەبێ فڕەیی پێکهاتەکانی سوریا لەبەرچاو بگرێت و لەسەر ئەو بنەمایە حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت. هەر لە کۆنفرانسەکەدا ژان نوئێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند کە لەهەوڵی ئەوەدان کە گەمارۆکانی ئورووپا لەسەر سێکتەرە جیاوازەکانی سوریا لابدەن، بەگوتەی ئەو نۆژەنکردنەوەی سوریا لانیکەم پێویستی بە ٤٠٠ میلیارد دۆلار هەیە. هاوکات ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لەکۆنفرانسەکەی پاریس رایگەیاند لەگەڵ هاوتا ئورووپاییەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سوریا لابدرێن، وتیشی کە گەشتێکی وڵاتانی یەکێتی ئورووپا دەکات. تورکیا، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، بەشێک لە وڵاتانی ئورووپا لەئاستی وەزیری دەرەوەدا بەشداری کۆنفرانسەکە بوون، بەڵام ئەمریکا وەفدێکی پلە دووی وەزارەتی دەرەوەی لەئاستی راوێژکار بۆ کۆنفرانسەکە ناردبوو.