لەهۆڵی مەولەوی زانکۆی کوردستان لە سنە سمینارێکی ئاکادیمی لەسەر هەورامان وەکوو سیمبولی هاوبەشی کۆمەڵایەتی لەنەورۆز بەرێوەچوو و، شارەزایانی مێژو گرنگی هەنووکەیی و بەتایبەت مێژوویی نەورۆزیان بۆ کوردستان و بەدیاریکراوی هەورامان روونکردەوە. لەو سمینارەدا هەر یەکە لە دکتور قوتبەدین سادقی توێژەرو ماموستای زانکۆ، دکتور پویا تاڵب نیا ئاسەوارناس و دکتور پەرویز کەفچە ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی بەشی ئابووری زانکۆی کوردستان توێژینەوەکانی خۆیان لەو بوارە باسکرد. سمینارەکە لە سێ بەشی "نەورۆز و ئوستوورەناسی"، "نەورۆز و بەرێوەبەری گەشتیاری"، "نەورۆز و ئاشتی جیهانی" و "نەورۆز و بەرێوەبەریی شاریی" بەرێوەچوو. دکتور قوتبەدین سادقی بە وردی و بە تێروتەسەلی رووی کەونارو ئوستوورەیی نەورۆزی باسکرد. دکتور سادقی رایگەیاند کە یەکێک لە بنەما ئوستوورەییەکانی نەورۆز "دادار"٠ە. داداریش لەگەڵ ئەهوورا جیاوازە. ئەهوورا خوای بازنەی خۆرە، بەڵام دادا خوای هەموو کائیناتە. بەبۆچوونی ئەو ئوستوورەناسە کوردە، کاتێک دادار ویستوویەتی جیهان بخوڵقێنێت، سەرەتا ئاسمان، دوایی ئاو، دوایی زەوی و ئینجا گیا و ئاژەڵ و لەکۆتاییدا مرۆڤی خوڵقاند. بەپێی ئوستوورەکانیش خوڵقاندنی مرۆڤ لە یەکەم شەوی نەورۆز بووە. بە بۆچوونی دکتور قوتبەدین سادقی، ئەهوورا کاتێک دێوی رەش و تاریکی لە ئاسمان دیت، لەگەڵی کەوتە شەڕو ئامانجیشی لەناوبردنی بوو. هەربۆیە شەڕێکی سەخت لەنێوان ئەهوورا و دێوی رەش دروستبوو، لەکۆی ١٢ هەزار ساڵ لە مێژووی لەدایکبوونی مرۆڤ، ٩ هەزار ساڵ دێوی رەش بەسەر ئەهوورادا سەرکەوتووە. لەکۆتاییدا ئەهوورا بۆ ئەوەی بتوانێبەسەر تاریکیدا سەربکەوێت، کە گەیشتە سەر زەوی شەڕەکە وەستا و مرۆڤی خوڵقاند و بەشێک لە رووناکایی جەستەی خۆی بە مرۆڤ بەخشی. هەربۆیە بەرای دکتور سادقی ئێمەی مرۆڤ چەکدارانی ئەهوورا مەزدا لەسەر زەوین بۆ ئەوەی لەدژی تاریکی و درۆ و ئیستبداد شەڕ بکەین. ئەو نووسەرە کوردە لەسەر ئەو باوەرەیە، مرۆڤ ئەرکێکی لەسەر زەوی هەیە، تەنانەت دوای مردنیشی ئەو رووناکییە واز لە جەستەی مرۆڤ ناهێنێت، چوونکە ئەو روحە کاتێک لەسەر زەوی هەڵکەندرا، دەچێتەوە ئاسمان و هەموو ساڵێک تەنیا یەک جار ئەویش لە شەوی نەورۆز دەگەرێتەوە سەر زەوی! لە شەوی نەورۆز روحی ئازیزانی ئێمە جارێکیتر دەگەرێتەوە سەر زەوی و هەڵکردنی ئاگر لەسەر بانی ماڵەکانیش بۆ ئەوەیە روحی مردووەکە لەرێگەی ئەو ئاگرە ماڵی بنەماڵەکەی خۆی بدۆزێتەوە. دکتور قوتبەدین سادقی پێیوایە کە چوارشەممە سووری هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و بە تایبەت بە نەورۆزەوە نیە. بەرای ئەو تەنانەت وشەی چوارشەممە عیبری و سامیە و پەیوەندی بەکوردەوە نیە. هۆکاری جێکەوتنی چوارشەممە سووریش بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە کە کاتێک عەرەبەکان هێرشیان کردە سەر کوردستان، هەوڵیاندا سەرجەم رێورەسمەکانی کوردی قەدەغە بکەن، لەسەردەمی مەئموون هەوڵدرا کە جارێکیتر رێورەسمە مێژووییەکانی کوردستان دەستپێبکەنەوە، هەر بە رێککەوت ئەوکات یەکەم شەوی نەورۆز لە رۆژی چوارشەممەدا بووە و، ئەوەش وایکردووە کە ئێرانییەکان دوا چوارشەممەی ساڵ بە چوارشەممە سووری ناو دەبەن. هەر لەو سیمینارەدا دکتور قوتبەدین سادقی ئوستوورەناسی کورد، رایگەیاند کە گەورەترین هێمای کەڵتووری کوردی لە نەورۆزدا رێورەسمی " میر میران"٠ە. لە ٥ رۆژی ئاخری ساڵدا بە هۆی ئەوەی کە هەر ساڵ ١٢ مانگەو هەر مانگ ٣٠ رۆژە، ٥ رۆژی کۆتایی ساڵ جێگەی هەموو یاسا و رێساکانی ژیان دەگۆرێت. بۆ یەکەمجاریش ژاک دو مورگان گەریدەی فەرەنسی لە مەهاباد رێورەسمی میر میران دەبینێت و لە کتێبەکەیدا باسی دەکات و تەنانەت وێنەشی لێگرتووە.