23 . جۆزەردان . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

خەڵکێکی زۆر لە مزگەوت و گۆشتێکی کەم بۆ قوربانی

خەڵکێکی زۆر لە مزگەوت و گۆشتێکی کەم بۆ قوربانی
18 . جۆزەردان . 2725

باوەردار بیت یان نا، کەشی جەژنی قوربان لەرۆژهەڵاتی کوردستان بیرەوەرییەکی خۆشی کۆمەڵایەتییە. هەتا رادەیەک و لەهەندێک ناوچە کەشی جەژنی قوربان، ئەوەندەی کەشێکی کۆمەڵایەتیی تایبەتە، بەو رادەیە بۆنەیەکی ئایینی نیە. زۆر کەس لەجەژنی قورباندا جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکات، خواردنی تایبەت دروست دەکات و بۆنەیەکیشە کە خزم و کەسوکار سەردانی یەکتر بکەن و تەنانەت زۆر دڵ ئێشی و دڵگرانی لەو رۆژەدا کۆتایی پێدێت و خەڵک گەردن ئازایی لەیەکتر دەکەن. بەڵام تایبەتترین تایبەتمەندی جەژنی قوربان، قوربانیکردن و کۆکردنەوەی گۆشت و بردنی بۆ هەژار و نەدارەکانی ئاوایی و شار.

ئەمساڵ بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و هاوکات گرانی گۆشت رێژەی گۆشتی قوربانی لەسەرجەم ئاوایی و شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. بە پێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، بەشێوەی نێوەنجی لەماوەی بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو، رێژەی گۆشتی قوربانی نزیکەی سێ ئەوەندە کەمیکردووە. بۆ نموونە لە شاری بانەوەڕی نزیک پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان ئەمساڵ تەنیا ٣٢٢ سەر ئاژەڵ ( مەڕ، بزن، گا) بۆ جەژنی قوربانی سەڕ بڕدراون. ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی ١٤٠١ هەر لە بانەوەڕ ٩٣٢ سەر ئاژەڵ سەر بڕدراون.

هاوکات ئەمساڵ کۆمیتەی ئیمدادی پارێزگای ئیلام رایگەیاندووە، ئەمساڵ توانیویانە لە رێگەی خێرخوازەکانی پارێزگاکە ١٥ هەزار تۆن گۆشتی سوور کۆبکەنەوەو بەسەر بنەماڵەکاندا دابەشی بکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی ١٤٠١ هەمان دامەزراوە، ٥٢ هەزار تۆن گۆشتیان کۆکردبوویەوە.

هاوکات بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، رێکخراوی خێرخوازی ماهرۆخسار خانی موعتەمەد وەزیری لە شاری سنە، ئەمساڵ تەنیا توانیویەتی ٢ هەزار کیلۆگرام کۆشتی قوربانی کۆبکاتەوەو بەسەر هەژارەکانیدا دابەش بکات، لەکاتێکدا هەمان رێکخراو لەساڵی ١٤٠١ زیاتر لە ٧ تۆن گۆشتی سووری بەسەر خەڵکی خاوەن پێداویستیدا دابەشکردووە.

هاوکات ئەگەرچی ساڵانی پێشوو، لە شارەکانی ئێران ئەوە دەبینرا کە گۆشتی مریشک و تەنانەت سەبەدی خۆراکی بێ گۆشت لە جەژنی قورباندا دابەش بکەن، بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو نەریتێک هەر گۆشتی سووری ئاژەڵان دابەشکراوە، کەچی ئەمساڵ لە ریزبەندی دابەشکردنی گۆشتەکان بە بۆنەی جەژنی قوربان، لە سنە، بۆکان، سەقز، کرماشان، ئیلام و چەند شارێکی دیکەش لەریزی گۆشتی سوور، گۆشتی مریشکیش وەکوو گۆشتی قوربانی حیسابکراوە.

چاڵاکوانێکی مەدەنی لەشاڕی مەریوان سەبارەت بە کەمکردنی بەشە گۆشتی قوربانی بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، لەدۆخی ئاساییدا خەڵکێکی زۆر ساڵانە توانای دابینکردنی گۆشتی پێویستیان بۆ سەر سفرەکانیان نیە، تەنانەت هەندێک لەهاووڵاتیان زۆر لەمێژە گۆشتی سووریان لەسەر سفرە نەماوەو بە گۆشتی مریشک و خواردنی دیکە پڕیان کردووەتەوە، هۆکارەکەش بۆ داهاتی کەم و گرانی زۆر دەگەرێتەوە.

ئەو چاڵاکوانە پێیوایە، کە سەردانی مزگەوتەکان دەکەیت، ژمارەی بەشداربووانی خەڵک بۆ نوێژی مزگەوت گۆرانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووەو هێشتا مزگەوتەکان لانیکەم لەجەژنە ئاینیەکاندا قەرەباڵغن، بەڵام ئێستا چینی ناوەراستی ساڵانی پێشووش توانای بەشداریان لە دابینکردنی گۆشتی جەژنی قوربان نیەو هەر دەوڵەمەندەکان ئەو کارە دەکەن. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی گۆشتی قوربانی ساڵ لەگەڵ ساڵ کەمتر دەکات.

بەبۆچوونی ئەو چاڵاکوانە، ساڵانی پێشوو، نزیکەی دە بۆ دوازدە ماڵی گەرەکێک بەیەکەوە کە کارمەند یان هیچ چینی مامناوەند بوون، بەیەکەوە مەڕ یان تەنانەت گاییەکیان دەکڕی و دەیاننارد بۆ بەشە گۆشتی قوربان، بەڵام ئێستا ئەوانیش ناتوانن ئەو بەشدارییە بکەن. هەر بۆیە لەهەر شاڕ یان گەرەکێک دەوڵەمەندەکان یان رێکخراوە خێرخوازییەکان ئەو کارە دەکەن، ئەوانیش توانایان سنووردارەو کاریگەری لەسەر کەمبوونی رێژەی گۆشتی قوربانی، لەجەژنی قوربان دابنێت.