رەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپا لەدژی ئێران خرایە دەنگدان و بۆ یەکەمجار دوای بیست ساڵ بە فەرمی راگەیاندراو کە ئێران پێشێڵکاری ئەتۆمی کردووە، تارانیش دەڵێ وەڵامی گونجاویان دەبێت. ئەمرۆ پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، رەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئاڵمان خرایە دەنگدان و بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کرا. نۆزدە وڵات دەنگی ئەرێ، ١١ وڵات بێدەنگیان هەڵبژارد و تەنیا رووسیا، چین و بۆرکینافاسۆ دژی بوون. بەپێی بڕیارنامەکە کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی رێککەوتنەکانی پێشوو بۆ چاودێریکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی نەجولاوەتەوە، هاوکات یۆرانیۆم پیتێندراوی رانەگایاندراو لە بنکە ئەتۆمییە نهێنییەکانی دۆزراوەتەوە. بەگشتی بەپێی بڕیارنامەکە رێژەو جۆری یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، ناتوانێ بۆ کاری ئاشتیخوازانە بێت و داواش لە تاران دەکات بەپەلە هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ بکات. بە پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیەی ئەنجوومەنی بڕیاردەران، بە کردەوە رێگا بۆ گەرانەوەی سەرجەم گەمارۆکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەکرێتەوە، هاوکات لەئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە بەهۆی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرەو ئاڵۆزی دەچێت. لەبەرامبەردا ئێران لە یەکەم کاردانەوەیدا لەسەر زاری وتەبێژی ئەژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، کە بنکەیەکی نوێی پیتاندنی یۆرانیۆمیان لە شوێنێکی ئەمن و پارێزراو کردووەتەوە، هاوکات لەبنکەی ئەتۆمی فۆردۆ سانترفیوژی جیلی شەش لەجێگەی سانترفیوژی جیلی یەک دادەنێن و ئەوەش پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی جیاواز خێراتر دەکات. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، هێشتا دەنگ لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەکە نەدرابوو، بەڵام هەواڵدەرییەکانی رۆیتێرز، ئەکسیوس و ئەڵمۆنیتۆر رایانگەیاند، ئەمریکا بالیۆزخانەکەی خۆی لە بەغدا چۆڵ دەکات، هاوکات داوا لە بنەماڵەی دیپلۆمات و کارمەندانی بالیۆزخانەکانی بەحرەین، ئۆردن و کۆێتیش کراوە، ئەو وڵاتانە بەجێبهێڵن. مایکڵ گۆریلا فەرماندەی سێنتکۆمیش رایگەیاندبوو کە چەندین پلانیان رادەستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری وڵاتەکەی کردووەو هەر کات بڕیار بدرێت، ئەوان ئامادەی کاردانەوەن. گومانەکان لەوەی ئیسرائیل بەر لەکۆبوونەوەی گەڕی شەشی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران، هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زیادیکردووە، هەر ئەوەش هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان هەتا رادەیەک خستووەتە حالەتی ئامادەباش، لە ئێرانیش ئەمرۆ پێنجشەممە لەهەموو ئاستەکاندا نمایشی سەربازی لەژێر ناوی "رزمایش اقتدار ١٤٠٤" دەستیپێکردووە.