نووسین: پێشڕەو محەمەد پەرەدان بە تیرۆریزم، کڕینی زانکۆکانی خۆرئاوا و بەرهەمهێنانی گوتاری چەپی دژە-ئیمپریالیست ساڵانێکی ئێجگار زۆرە دامەزراوە سەربەخۆ و ڕەخنەییەکان لە خۆرئاوا هۆشداریی لە دەستێوەردان و بەخشینی ملیاران دۆلار بە دامەزراوە و زانکۆکانی ئەمریکا بەتایبەت و زانکۆ ئەوروپییەکان بەتایبەت، دەکەن. تەنانەت ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبییانەی ساڵانێکی زۆرە باسی ئەم دەستێوەردانە ترسناکانە دەکات. قەتەر هەروەها، هاوشێوەی تورکیا، بووەتە ناوەندی چڕبوونەوە و کۆبوونەوەی ڕابەرانی ئیسلامی سیاسیی، وەک ئیخوان موسلمین و حەماس و پشتیوانییکردنی دارایی لە تیرۆری ئیسلامیی. لەم چەند خاڵەدا بە کورتیی هەوڵدەدەم ڕۆڵی قەتەر لە بەرهەمهێنانی تیرۆریزم و کڕینی زانکۆکانی ئەمریکا و پشتیوانیی لە ئیسلامی سیاسیی و لە گوتاری چەپ لە خۆرئاوا بکەم: یەکەم: قەتەر وەک پشتیوانی تیرۆریزمی ئیسلامیی ئەمە ئێستا بۆ کەس شاراوە نییە کە قەتەر بووەتە نیمچەدوورگەیەکی ئارام بۆ گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان و پێدانی یارمەتیی دارایی و ڕەوایەتیی سیاسیی پێیان، لە حەماسەوە بۆ ئەل-قاعیدە و بۆ داعش. قەتەر پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ میلیشیا نا-دەوڵەتییە تیرۆریستییەکان دروستکردووە نەک تەنها بۆ کاریگەریی لە خۆرئاوا، بەڵکو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاش. لە ٢٠٢٢ەوە سەرانی حەماس لە دۆحە دەژین، لەوێوە ڕێگەیان پێدراوە ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجام بدەن و پەیامە سیاسییەکانیان بگەیەنن. ڕاپۆرتەکان ئەوەش پیشان دەدەن چۆن قەتەر ملیاران دۆلار دەدات بە حەماس، هەڵبەت لەژێر ناوی کۆمەکی مرۆیی لە غەززە، بەڵام لە بنەڕەتدا بۆ ئامانجی میلیتاریی، هاوشێوەی پارەکانی حاجی کاروان کە لەژێر ناوی کۆمەکی خەڵکی غەززە بۆ حەماسی کۆکردبوونەوە. هێرشی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر دۆحە تەنها بۆ لێدان لە سەرانی حەماس نەبوو، بەڵکو بۆ وەستاندنی پشتیوانی تیرۆریزمی ئیسلامییشە. تەنانەت وڵاتانی عەرەبیی وەک سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسریش ئابڵۆقەیان خستووەتە سەر قەتەر، هەمووشیان ئاماژە بە پشتیوانیی قەتەر لە تیرۆریزم دەکەن. دووەم: کڕینی زانکۆکانی خۆرئاوا قەتەر ملیاران دۆلاری لە کەرتی خوێندنی باڵا تەرخانکردووە بەتایبەت لەڕێگەی دامەزراوەی قەتەرەوە، تا کاریگەریی خۆی لە خۆرئاوا بونیاد بنێت. پپشتيوانییکردنی بەرنامەکانی خوێندن و لێکۆڵینەوەی زانستیی، پشتیوانیی دارایی بەو دامەزراوانە بۆ بەهێزکردنی ڕوانگەی ئیسلامیستیی دژی خۆرئاوا. - ئاستەکانی سەرمایەگوزاریی: لە ساڵی ٢٠٠١ەوە قەتەر لانیکەم ساڵانە ٦.٢٥ ملیار دۆلار لە زانکۆکانی ئەمریکا خەرج دەکات و ئەمەش وا دەکات بە دەیان پلە پێش بەخشینی چینیی بکەوێتەوە. لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی ساڵی ٢٠٢٢ی پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە ئەنتیسێمیتیزمی جیهانیی و سیاسیی دەڵێت ٤.٧ ملیار دۆلاری قەتەریی بۆ دامەزراوەکان تەرخانکراوە (١٠٠ ملیار دۆلار تەنها تەرخانکراوە بۆ چاپکردنی کتێب بە زمانی ئینگلیزیی و ١.٥ ملیار و نیوێک دۆلار بە کۆلیژی ئیڤی لیگی زانکۆی هارڤارد دراوە، پارەکەی دیکەش بەسەر ئەم دامەزراوە ئەکادیمیانەدا دابەشکراوە: کۆرنێل میدیسن، گیۆرگتاون، و هەروەها نۆرسوێستەرن و تکساس. لە ساڵی ٢٠٢٣ بەدواوە زانکۆکانی ئەمریکا و بەشێک لە زانکۆکانی ئەوروپاش بوونە شوێنی پڕوپاگەندەی قەتەریی دژی ئیسرائیل و دژی خۆرئاوا. لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ڕوانگەی دژی ئیسرائیلیی لە زانکۆکانی هارڤارد و کۆرنیل و کۆلۆمبیا (ناوچەی یەکەمی جێ هەژموونی قەتەر) گەیشتنە ئاستی باڵا و بێ پێشینە. سێیەم: پشتیوانیی قەتەر لە چەپ: ئەم لایەنەیان زۆر کەمتر ڕاستەوخۆ بووە. بێگومان بۆ هەمووان ئاشکرایە کە قەتەر وڵاتێکی میرنشینی کۆنەپارێزی دژی ئایدیا کۆمەڵایەتییە پێشکەوتووەکانە. بەڵام سیاسەتی دەرەکیی و سەرمایەگوزاریی میدیایی بەردەوام بەشێک بووە لە دەهۆڵ و زووڕنای دژە-ئیمپریالیستیی و دژە-ئیسرائیلیی و بووە بە سەکۆی گوتاری چەپ بۆ پشتیوانییکردن لە فەڵەستین و پەرەدان بە ئایدیۆلۆژیای فەڵەستینیزم لەنێو چەپی خۆرئاواییدا. چۆن؟ میدیا و ڕۆنانی حیکایەت: ئەلجەزیرە ئێستا بە ئاشکرا بووە بە پلاتفۆرمی پەرەدان بە گۆشەنیگای چەپگەریی دەربارەی پرسەکانی جیهان وەک ئیمپریالیزمی ئەمریکیی، گۆڕانی کەش و هەوا و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بەبێ شاردنەوەی ڕەهەندە ئیسلامییەکەی. ڕاپۆرتە هەنوکەییەکان شوێنپێی قەتەرییان لەوەی پێیدەگوترێت بەهاری عەرەبیی، هەڵگرتووەتەوە لە بەرهەمهێنانی گوتاری دژە-ئەمریکیی و جێکردنەوە بۆ گوتاری چەپ لە میدیای جەزیرەدا، بەتایبەت بەشی ئینگلیزیی، کە بووەتە پلاتفۆرمێک بۆ چەپی جیهانیی. لە هەمووی دیارتر، قەتەر دەستیکرد بە بەخشینی ملیاران دۆلار بە کەمپوسەکانی زانکۆکانی ئەمریکا کە شوێن و ناوچەی کاریگەریی چەپن، بۆ نموونە بەردەوام پەرەی بە گوتاری لەکۆڵۆنیخستن، دژە-ڕاسیزم و لێکۆڵینەوە فەڵەستینییەکان داوە کە ڕوانگەی چەپ بۆ ئەم پرسە تێیدا باڵادەستە. هەروەها لەڕووی میدیاییەوە بەردەوام پشتیوانیی لە چەپەکانی ناو دیموکراتەکانی ئەمریکا کردووە و لەڕێگەی تینک تانکەکانییەوە ملیاران دۆلاری تەرخانکردووە. ئەمە بەو مانایە نایەت قەتەر وڵاتێکی چەپ بێت، بەڵام دەزانێت بە پشتیوانییکردن لە گروپی جۆراوجۆری وەک ئیسلامییەکان، چەپەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، دەتوانێت هەم هەژموونی خۆی فراوانتر بکات و هەمیش سەرئێشە بۆ وڵاتە خۆرئاواییەکان دروست بکات. جەزیرەی عەرەبیی شوێنی تەراتێنی ئیسلامیزمی تیرۆریستییە و جەزیرەی ئینگلیزیش ناوچەی لێکۆڵینەوەی پۆستکۆلۆنیالیزم، دژە-ئیمپریالیزمی چەپ، ئایدیۆلۆژیای فەڵەستینیزم و هتدە. وەک کوردیش بیرتان نەچێت: قەتەر بەهەشتی گوتاری دژە-کوردییە.