Weather widget for website
کورد و بەلووچ:  دوو نەتەوەی بێ دەوڵەت و لەتکراو و چارەنووسێکی وەک یەک

کورد و بەلووچ: دوو نەتەوەی بێ دەوڵەت و لەتکراو و چارەنووسێکی وەک یەک

28 . بەفرانبار . 2723

هێدین محەمەدی
لە تیرە و تەبار و مێژوودا، کورد و بەلووچ هاوڕیشەن. هەر دوو لە هۆزی دێرینی سەکایی بەدیهاتوون، هەر دوو لە پێش دا ڕۆژپەرست/ مێهردین بووگن. بەڵام لەم نێوەدا تیرە و بنچینەی کورد ئێجگار فراوانترە و تەنیا بە سەکاکان کورت نابێتەوە، بۆ نموونە هەورامی و دیملی لە هورییەکانن، لەک و گۆران لە پاشماوەی مادن، ئیلامیەکان لە سومێر نزیکن و … لەم نێوەدا بەشێکی زۆر لە کورد و کورمانج سەنتێزی ماد و هورین، یان سەنتێزی ماد و سەکان و...

بەڵام لەم نێوەدا کورمانج، سۆران، لوڕ و کەلهوڕ و بەلووچ لە تیرە و تەباری سەگوەند/ سەکاوەند یان سەکاکانن. هەر دوویان، هەم کوردەیل چوار زاراوە و هەم بەلووچەیل، خۆیان بە نەوەی ڕۆستەمی زاڵ دەزانن. ئەم ڕۆستەمە کێ یە کە لە میتۆلۆژی و مێژووی هەر دوو نەتەوەدا وەک قارەمانێکی ئوستوورەیی دەردەکەوێ؟

بەپێی زۆربەی هێما و نیشانەکان و هەندێ فاکتی تاریخی، ئەم ڕۆستەمە هەر هەمان ڕۆستەم سورێن، یان "سورێن پاڵوو"یە کە لە دەورانی ئەمپراتۆری پارتی ئەشکانی دا کەسی دووهەمی وەڵات بوو. ئەودەم ماڵباتی سورێن یەکەم ماڵباتی بەهێزی وەڵات بوون و دانیشتووی سەکاستانی کۆن و کوردستانی ئێستا بوون. بەپێی پلوتارکی یۆنانی، سورێن لە پلە و پێگەی سیاسی و سەربازی دا زۆر جار دەبوو بە کەسی یەکەمی وەڵات و هەندێ جار شای بە دەسەڵات دەگەیاند و، هەندێ جار ژی شای لەسەر دەسەڵات لادەبرد. دەکرێ بێژین کە ڕۆستەمی تاجبەخشی شانامە هەر ئەم ڕۆستەم سورێنەیە. هەر ئەویش بوو کە کراسوس فەرماندەی مەزنی ڕۆمی لە نزیک ئورفا کوشت و سەرەکەی بە دیاری نارد بۆ مێهردات.

بەپێی مێژووی ئەشکانی دیاکۆنۆف، لە ساڵانی٥٠ی بەر لە زایین دا، ڕۆستەم سورێن کۆمەڵێ لە خەڵکی هۆزی سەکایی ناردووە بۆ دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ئەمپراتۆری و بۆ پاراستنی سنوورەکان لە هەمبەر هێرشبەران.
وادەنوێنێ لەمە بەولاوەیە کە هۆزی بەلووچ لە دەڤەری درەنگیانەی کۆن و لە سیستانی ئێستا گیرساونەوە.

ناوەکەشیان لە بناغەدا ڤەهڕۆچ بووە، بەمانای ڕۆژپەرست/ مێهردین. شایانی سەرنجە کە ئێستاش لە کوردستانیش گوندی "بەلووجە"مان هەیە. وەلێ لەم نێوەدا شیکاری ئێتمۆلۆژیکی چەندین ناوی ڕەمزاوی وەکوو هورمزگان، زاوڵ/ زابڵ، ئورڤەند/ ئەڵوەند/هیرمەند؛ سورێن/ سۆران/ سوران و شاهۆ و هیتر کە لە هەر دوو دەڤەری کوردستان و بەلوچستان دا هەن زۆر سەرنجڕاکێش دەبێ. بێگومان خەڵکی بەلووچ ئەم ناوانەیان وەک یادگار لە کوردستانەوە بەرەو سیستان بردووە.

ئەوە ئاماژەیەک بە ڕابردووی کۆن و میتۆلۆژی و دین و فەرهەنگی هاوبەشی کورد و بەلووچ بوو. بەڵام لە ئەمڕۆدا و لە پرۆسەی خەباتی ژینادا، لە ململانێی دوو دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئێران و پاکستان دا، کوردستان و بەلووچستان دوو ناوەندی گرنگی خەبات پێکدێنن. یەک لە هۆکارەکان ژی ئەوەیە کە هەم زۆڵم و زۆری دەوڵەتی داگیرکەر لە زەمانی شا و لە دەورانی ڕژیمی ئیسلامی دا لەم دوو دەڤەرە زۆر زیاتر بووە، هەم پۆتانسیەلی ناڕەزایی نەتەوەیی و مەزهەبی لەم دوو دەڤەرە زۆر بەهێزترە. هەم کەم تا زۆر ورە و فەرهەنگی ئازادیخوازییان پاراستووە. ئەڵبەت بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان سێکۆلارترە، بەڵام هی بەلوچستان زیاتر مەزهەبی یە.

ئەمما چارەنووسی تراژیکی هەر دوو میلەت لەوە دایە کە هەر دوویان، هەم کوردەکان و هەم بەلووچەکان لە مابەین سێ ـ چوار دەوڵەتی ناوچەکەدا دابەش کراون، نیشتیمانیان داگیرکراوە و خاوەن سەروەری سیاسی نین. یانی وەکچۆن کوردستان لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا لەنێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و تورکیا، ئێراق و سوریەدا و بە پیلانی ئینگلیس و فەرانسە دابەشکرا، بەلووچستان ژی لە سەردەمی مۆدێڕن دا و بە پیلانی ئینگلیس لەنێوان دەوڵاتانی ئێران، ئەفغانستان و پاکستان دا دابەش کریا. لە هەر دوو دەڤەردا بزاڤ و خەباتی ڕزگاری خوازی لەئارا دایە، بەڵام لەم ناوەدا خەباتی کوردەکان وەک نەتەوەیەکی مەزنی بێ دەوڵەت زیاتر ناسراوە و خەباتی بەلووچەکان زۆر کەمتر ناسراوە. ئەڵبەت لە شۆڕشی ژینادا بە ڕێبەری مەولەوی عبدالحمید بە گوڕ و تینەوە بەردەوام بووە و نەختێ ئەو بۆشایی یە قەرەبوو کردەوە.

دەکرێ ئاماژەیەک بە بەلووچەکانی گونبەد کاوس لەپاڵ دەریای خەزەر و ڕۆڵی ڕێبەری مەولەوی گورگیچیش بکەین. شایانی سەرنجە کە خەڵک بەگشتی پێیان وایە کە بەلووچەکانی گونبەد کاوس کەسانی کۆچەرین و لە بەلووچستانەوە هاتوون، یان تەبعید کراون و لەوێ گیرساونەتەو. وەکچۆن بەغەڵەت کوردەکانی خۆراسانیش بە کۆچەری دەزانن. بەڵام ئەمە ڕاست نییە، کوردەکانی خۆراسان، کەلاردەشت، دەماوەند، شیراز و خەڵخاڵ و … کۆچەری و تەبعیدی نین، بەڵکوو دواین پاشماوەی سەکا ومادن کە لەوێ ماونەتەوە، بەلووچەکانی گونبەد کاوس ژی هەر پاشماوەی هۆزی سەکان، ئەگەر دەور و بەریان زیاتر بووگن بە فارس و تورکمەن، ئەوە بەرهەمی هێرشی دەرەکی و ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی زمانی بووە. فارس بناغە و ڕەچەڵەکی دێرینی نییە، هەر فارسێک کورد/ بەلووچێکی ئاسیمیلەیە. هەر فارسێک لۆڕ/ تورک/ تالش و...ێکی ئاسیمیلەیە.

دوایین خاڵ: ڕەنگە خوێنەر لەم وتارە کورتەدا هەست بەو ڕاستییە بکا کە هەر دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ بەهۆی مێژووی هەرە کۆن و ڕەسەن تووشی چارەنووسێکی تراژیک هاتوون، ئەگەر لە سەرەتای دەورانی مۆدێڕن دا لەبواری دین و زمان و کولتوردا ئاسیمیلە بووایەن و بووبان بە فارس و شیعە، یان تورک و ئوردو، ئیدی تووشی ئەو ڕادەیە لە سەرکوت و بێ مافی نەدەهاتن؛ بەڵام ئەوان سەرەڕای هەموو زوڵم و زۆرێک کەم تا زۆر تائێستا زمان و ناسنامەی خۆیان پاراستووە و نەتواونەتەو. لە ئێستادا زەبر و زەنگ و موشەک بارانی سێ دەوڵەتی کۆنەپەرستی تورکیا، ئێران و پاکستان، زیاتر مافی بێ دەوڵەتی کورد و بەلوچ ئاشکرا دەکا، وە زیاتر پیلانی نگریسی بریتانیا و زلهێزەکانیش لە لەتکردنی ئەم دوو نەتەوەدا ڕسوا دەکا... ئەمە برینێکی کارییە کە دەبێ چارەسەر بکرێ. ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچاوانی سیستمی سیاسەتی نێونەتەوەییەو. چارەسەری ئەم برینەش تەنیا بە هەڵوەشانەوەی سنوورە دەسکردەکانی ئێران، ئێراق، تورکیە، سوریە، پاکستان و ئەفغانستان هەموار دەبێ. لە دنیای دەوڵەت سەنتەری ئەمڕۆدا تا ئەم دوو نەتەوە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نەبن، هیچ کەس دیفاعیان لێ ناکا.

شۆڕش هەڵدەگیرسێتەوە، وە دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ هەر دوو میلەت و بۆ میلەتانی تریش، بۆ هاوپشتی و هاوپەیمانی و دەرفەتی ڕزگاری و سەروەری سیاسی ـ نەتەڤی بۆ هەمووان…

تێبینی: بەئاگاداری نووسەر لە پەڕی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە

8

قاسمی سلێمانی شاری سەردەشتی بە كیمیابارانكردن دا
شانۆی هەڵبژاردنی داگیرکەر لە کوردستان
لە دیکتاتۆرییەتدا (هەڵبژاردن) بوونی نیە!
هەڵبژاردنەکان لە ئێران
ئەمڕۆکە دەنگنەدان ئەرکێکی ئەخلاقیە!
یاد و ناوی ٥٩ لاوی مەهاباد