پیلانەکانی رژێم، بۆ رێگریکردن لە بایکۆت
ئەمرۆ پێنجشەممە یەک هەفتە بانگەشەی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، ساردوسڕییەکی زۆر لەزۆربەی شارەکان بە کەمپەینەکان و ستادەکانی هەڵبژاردنەوە دیارە، بەڵام رۆژهەڵات نیوز بەدواداچوونی بۆ پیلانەکانی رژێم لە ١٢ شاری رۆژهەڵات کردووە، بۆ ئەوەی خەڵک هان بدات کە بەشداری لەو شانۆیەدا بکەن.
ئەگەرچی جگە لە شانۆکانی هەڵبژاردنی ئێران، بەراورد بە ئێران رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین بەشداری هەبووەو لەدوا هەڵبژاردنیشدا نێوەنجی دەنگدان لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر لە ٤٠ لەسەد بووە، ئەگەر سەنتەری شاری کرماشانی لێدەربکەین، رێژەی بەشداری لەرۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر لە ٣٠ لەسەدیش بووە. بەڵام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازتریشە ئەو شانۆی هەڵبژاردنە، یەکەم هەڵبژاردنی دوای خۆپێشاندانەکانی شۆرشی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی کە ئەمجارە ئەو شانۆیە زۆر ساردتر لەجاران بەرێوەبچێت، رژێمیش بە دەیان پیلان دەیەوێ نەک دۆخەکە ئاسایی نیشان بدات کە یەک ساڵی رابردوو کاری بۆ کردووە، هاوکات بە قەرەباڵغکردنی سەر سندووقەکان دۆخە ئاساییە ساختەکەی وەکوو ئەمری واقیع بچەسپێنێتەوە. هەربۆیە خەریکی چەندین پیلان لە کوردستان بەرێوەدەبات.
یەکەم: پارێزگارەکان (ئۆستاندارەکان)، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور (شورای نگهبان) پرۆژەیەکی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعات لەکوردستانیان جێبەجێکردووە، ئەویش پەسەندکردنی شیاوی زۆرترین کاندید لە کوردستان بەراورد بە هەموو بەشەکانی ئێرانە. ئامانجیش ئەوەیە کەڵک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردستان وەربگرێت و بە کاندیدای زۆر خەڵکی زۆر راکێشی سەر سندووقەکان بکات، جیاواز لەوەی دەنگ دەهێنێتەوە یان نا، بەمشێوەیە لەهەندێک ناوچە لەرێگەی فڕەیی کاندیدەکان بنەماڵە دیارەکان، هۆزو عەشیرەکان و تەنانەت کاری لەسەر دێهات و شارەدێیەکانیش کردووەو لەزۆربەیانی کاندیدایەک پەسەند کردووە.
لەکۆی چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان شیاوی نزیکەی ٧٥٠ کاندیدا پەسەند کراوە، تەنیا لەسەنتەری شاری کرماشان ١٢٩ کاندیدا، لەسەنتەری ورمێ ١٣٢ کاندیدا، لە سەنتەری سنە ٦١ کاندیداو لە ئیلامیش ٢٤ کاندیدا هەن، کە زۆربەیان هیچ ئەزموونێکی پێشووتریان نیەو تەنیا بەسەر بنەماڵە دیارەکان، عەشیرەو هۆزەکان و دێهات و شارەدێکان دابەشکراون، بۆ ئەوەی لەرێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان خەڵک هان بدەن.
دووەم: بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز لانیکەم لەو دوازدە شارەی کە بەدواداچوونی بۆ کردووە، وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران سیاسەتی تووڕەکردنی هاووڵاتیانیان پێرەو کردووە، بەشێوەیەک کە لەو دوازدە شارە وەکوو نموونە یەکێک لە بەدناوترین جاشەکانی ئەو شارەی کاندیدا کردووەو بە بودجەی ناوەندە ئەمنییەکانیش تەبلیغاتێکی زۆریان بۆ دەکرێت، ئەو جاش کاندیدایانە تەنانەت تێیاندا هەیە کە دەستی بە خوێنی پێشمەرگەکانیش سوور بووەو لای خەڵکی شارەکان ناسراون. بەو شێوەیە بە پرڕەنگکردنی ئەو کەسانە، دەیەوێ شەڕێکی دەروونی لەگەڵ هاووڵاتیان بکات، بۆ ئەوەی تەنانەت لەترسی سەرنەکەوتنی ئەو جاشە بێزراوە، بچن دەنگ بە کەسی بەرامبەری بدەن و لەکۆتاییدا رایانبکێشنە سەر سندووقەکان. کەواتا سیاسەتی جاش و جاشتری پێرەوکردووەو بێزراوەکانی لەبەرامبەر خەڵک داناوە، بۆ ئەوەی بۆ سەرنەکەوتنی ئەو بێزراوە، دەنگ بە کەسی بەرامبەری بدەن، کە لەکۆتاییدا ئەویش هەر جاشە، بەڵام رەنگە جیاوازی ئەوە بێت کە چەکدار نەبووە.
سێیەم: لەراستیدا سەرجەم کاروباری هەڵبژاردن لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدەستی وەزارەتی ناوخۆشدا نیە، ئەگەرچی خودی وەزیری ناوخۆ، خۆی سەردارێکی سوپای پاسدارانە. بەڵکوو وەزارەتی ئیتڵاعات و سوپای پاسداران سەرپرشتی سەرجەم پرۆسەی شانۆی هەڵبژاردن لەرۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. لە شەش مانگی رابردوودا بە پێدانی مۆڵەتی چاڵاکی کەڵتووری و هونەری هەوڵی ئاسایی نیشاندانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدوای شۆرشی ژینایان داوە، بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز ئەو کات و ئێستاش بەڵێن بە ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی، فەرهەنگی و هونەری شارەکان دراوە، کە ئەو مۆڵەتپێدانە بە مەرجێک بەردەوام دەبێت کە خەڵک و بەتایبەت گەنجان بۆ دەنگدان هان بدەن. ناوی سێ کەس لەو چالاکوانانە لای رۆژهەڵات نیوز پارێزراوە، کە حەراسەتی ناوەندی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شارەکەیان بە تایبەت بانگیکردوون و بە ئەدەبیاتێکی مەیلەو هەڕەشە ئەو داواکارییەی لێکردوون. لەگەڵ ئەوەش زۆرینەی رەهای چالاکوانان ئەوەیان رەتکردووەتەوەو زۆربەیان هەر لە شەش مانگ لەوەپێش کە ناوەندە ئەمنییەکان لەرێگەی فێستیڤاڵ، پێشانگا و رێورەسمەکان هەوڵی ئاسایی نیشاندانی دۆخەکەیان دەدا، لەماڵ دانیشتوون.
لەگەڵ هەمووی ئەوانەش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەئێستاوە بڕیاریداوە کە بەشداری لەو شانۆیەدا ناکات، ئەوەش لەراستیدا زۆر بەڕوونی بە کۆڵان و شەقام و ستادەکانی کاندیداکانەوە دیارە.