Weather widget for website
فەرزاد کەمانگەر، لە دوو توێی نامەکانیدا

فەرزاد کەمانگەر، لە دوو توێی نامەکانیدا

19 . گوڵان . 2724



چواردە ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەرو چوار لە هاورێیانی بەناوەکانی شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان تێپەر دەبێت. فەرزاد کەمانگەر وەکوو مامۆستایەکی پۆلی یەکی سەرەتایی لە گوندێکی کامیاران لەرێگەی نامەکانی ناو زیندانیدا توانی جیهان بینی خۆی بەنیسبەت کوردستان و زیندانبانەکان و بەتایبەت خوێندکارەکانی دەربخات، ئەوەش وایکردووە وەکوو سیمبۆلێک بناسرێت. دەقی بەشێک لە نامەکانی لە خوارێدا هاتووە.


گاندی دەڵێ مرۆڤە ڕاستەقینەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ژیانێکی سەختدا دەستەویەخەن. سا هەرمان فەرزاد کەمانگەر ژیان و چارەنووس و نامەکانی گەواهی لەسەر مێنتاڵی ئەم مرۆڤە مەزنە دەدەن. لە یەکێک لە نامەکانیدا و لە دێڕێکدا گوزارشت لە خۆی وەک زیندانییەک و زیندانەوانەکە دەکات و دەڵێ : دوو کەس، دوو دیوی دیوار، دەرگەیەکی ئاسنین هەیە و ڕۆژنەیەکی گچکە تێیدا، تۆ لە دەرەوەی بەندینگە و من لەناویدا.

یاخود دەنووسێ : من مەدەرە بەر کوتەك کاتێک لە بەڕێڕۆیشتندا دەنگی پێیەکانم دێت، ئاخر دایکم فێری کردووم بە هەنگاوەکانم لەتەك زەمیندا قسە بکەم و بەرخورد بم. لەنێوان من و زەمین پەیمانێك هەیە و پەیوەندییەك کە پێویستە زەمین پڕ لە خەندە و جوانی بکەم، دەی کەواتە بهێڵە با بەکاوەخۆ بەڕێدا بڕۆم، بهێڵە با دەنگی پێم ببیسترێت، بهێڵە زەمین بزانێت هێشتاکە من زیندووم و هیوادار”

لێم مەدە، کە بۆچی گۆرانی دەڵێم، من کوردم، باوایانی من ئەویندارییان، دەردەکانیان، خەباتیان و بوونیان لە گۆرانی و سروودەکاندا بۆ من بە یادگاری بەجێهێشتووە. من دەبێت بێژم و تۆ ببیستی. تۆ دەبێت گوێ لە گۆرانییەکەم بگری، دەزانم کە ئازارت دەدات.


لەیەکێکی تر لە نامەکانیدا دەنووسێ : “منی فێرکار لە فێرخوازەکانمەوە خەندە و پرسیارەکانم بە میرات بردووە”. ئەمەش دەریدەخات کە مامۆستایەکی ڕاستەقینە بووە و ئەزموونی لە خوێنکارەکانی گرتووە و لەگەڵیاندا لە پەیوەندییەکی هەتەرانەدا بووە. ئەوەتا لە زاری نیچەوە دەڵێ : کەسێک لە ڕیشەوە مامۆستایە هەموو شتەکان لە پەیوەندی بە خوێنکارەکانیەوە بە جدی وەردەگرێ”

لە نامەیەکی تریشدا و لە توێی زیندانێکی تەنگ و تاریک و بۆگەنەوە خەیاڵەکانی باڵدەگرێ و دەیباتەوە بۆ ڕابردوو و ئەو گوندەی کە تێیدا مامۆستا بووە و بە دڵێکی بریندارەوە بۆ فێرخوازەکانی دەنووسێ : زۆر دڵتەنگم بۆتان، لە توێی ئەم زیندانەوە شەو و ڕۆژ بە بیرەوەرییە شیرینەکانی ئێوەوە شیعری ژیان دەچڕم، ھەموو ڕۆژێ لەبری ئێوە ڕۆژباش لە خۆرەتاو دەکەم، لەنێو ئەم چواردیوارە بەرزانەوە لەگەڵ ئێوەدا بێدار دەبمەوە، لەگەڵتاندا پێدەکەنم و لەگەڵتان دەنووم. ھەندێکجار ‘شتێکی لەشێوەی دڵتەنگی’ سەراپای هەبوونم دادەگرێ، خۆزگە دەکرا بە وێنەی جاران کە لە گەشت و گەڕان دەھاتینەوە و بەم گەرانەشمان دەگوت گەشتی زانستی!

لە ڕوانگەی خۆشەویستی بۆ فێرخوازەکانی ئامۆژگاری دەدا و دەنووسێ: کوڕانی سروشت و خۆرەتاو دەزانم ئیدی لەمەودوا بۆتان ناکرێ لەگەڵ هاوپۆلەکانتان دانیشن و بخەنن و وازی بکەن، چونکە دوای بەڵای(پیاوبوون) خەمی نان پەیداکردن بەرۆکتان دەگرێ، بەڵام نەکەن پشت بکەنە خەونەکانتان. منداڵەکانتان فێربکەن بۆ وڵاتەکەیان ببنە ڕۆڵەیەک لە جنسی شیعر و باران. لە کۆتاییدا دەنوسێ ئیدی بە خۆرەتاوتان دەسپێرم تا سبەینێیەک کە هێندە دوور نییە وانەی عیشق و ڕاستی بۆ وڵات بڵێنەوە!


لێگه‌رێن با دڵم له‌ قوژبنێکى ئه‌م دنیا به‌رینه‌تان دا لێ‌ بدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ و ئاگا لێى بێ‌، که‌ ئه‌وه‌ دڵى مرۆڤێکه‌ که‌ زۆربه‌ى قسه‌ى نه‌وتراوى خه‌ڵک و نیشتمانه‌که‌ى خۆى هه‌ڵ گرتووه‌. خه‌ڵکێک که‌ مێژووه‌که‌ى لێوانێوه‌ له‌ ئازار و ژان و حه‌سره‌ت.

لێگه‌رێن با له‌ سینه‌ى منداڵێک دا لێ‌ بدا دڵم به‌یانى یه‌ک له‌ قوڕگێکه‌وه‌ و به‌ زمانى زگماکیم هاوار بکا.

من ده‌مه‌وێ‌ ببمه‌ بایه‌ک

خۆشه‌ویستى مرۆڤ به‌رم

بۆ گشت سوچى ئه‌م دونیایه‌


فەرزاد خۆی دەیزانی رێگەی نەمری و شەهیدبوونی لەبەردەم دایە، بەڵام بۆ شەهید ئیحسان فەتاحیان دەنووسێ :تۆ نات بە هەڵاتن و نا پیاوەکان وت، سەرت بە سێدارە سپارت، هەتا لەسەر پێ بمێنیەوە. هاورێ ئاسوودە بنوو، مەرگی  ئەستێرە، هیوای رۆژهەڵاتی پێیە، لێکدانەوەی خەونی سێدارەیەک کە هەموو شەوێک لە نیشتمانەکەمان خەون بە مردن دەبینێت، لەدایکبوونی منداڵێکە لە داوێنی زاگرۆس، کە بۆ سەرهەڵدان لەدایکبووە…





0

کوژراوانی هەلیکۆپتەرەکە کێ بوون؟
بەپەلە… باس لە مردنی رەئیسی لەرووداوەکەی جولفا دەکرێت
بەکارهێنانی “کۆماری ئیسلامی” بۆ رژێمی ئێستای ئێران راستە یان نا؟
ڕاگەیاندنی کۆتایی کونگرەی ١٤ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ورمێ.. وازهێنانی ٥٨٠٠ قوتابی سەرەتایی لەخوێندن
کچان پارێزەرانی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان