Weather widget for website
خامنەیی چۆن کەسێکی میانڕەوی نەناسراوی کردە سەرۆککۆمار؟

خامنەیی چۆن کەسێکی میانڕەوی نەناسراوی کردە سەرۆککۆمار؟

30 . پووشپەڕ . 2724

سەرچاوە: رۆیتەرز

وەرگێران: رۆژهەڵات نیوز


بەرپرسە هەواڵگرییەکان لە مانگی ئۆردیبهێشت بەر لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی سەرۆککۆماری زانیارییەکی تاڵیان بە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران دا. زانیارییەکە ئەوە بوو کە بەهۆی کێشەی ئابووری و سەرکوتی ئازادییە مەدەنییەکان، زۆرینەی هاووڵاتیانی ئێران بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن و بەشدارییەکە نزیکەی ١٣ لەسەد دەبێت.


پێنج کەس لەو کەسانەی ئاگادار بوون، رایانگەیاند کە خامنەیی بڕیاریدا کە هەڵبژاردنێکی تەواو ئەندازیاریکراو بەرێوەببات. بەمشێوەیە زەمینە بۆ هاتنەسەر کاری مەسعوود پزیشکیان برەخسێنێت، چوونکە هەم میانەڕەوەو هەمیش جێگەی متمانەی خۆیەتی و لەرێگەی کێبەرکێیەک لەگەڵ تووندڕەوەکان ببێتە سەرۆککۆماری ئێران.

سەرچاوەکانی رۆیتەرز ٥ کەس بوونە، کەسێکیان بەرپرسێکی باڵای ئەمنی، دوو کەسیان لە نزیکەکانی خامنەیی بوونە. بە گوتەی ئەوان خامنەیی لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆردیبهێشتدا لە شوێنی ژیانی خۆی و لە ماڵێکی ئەمندا، ژمارەیەک لە راوێژکارە جێ متمانەکانی خۆی بانگکردووەو لانیکەم ٣ کۆبوونەوەی لەگەڵ کردوون. یەکێک لەو سەرچاوانەی کە ئاگاداری ئەو کۆبوونەوانە بووە رایگەیاند:" رێبەری ئێران نیگەران بوو، پێیوابوو بەشداری کەمی خەڵک لە هەڵبژاردن زیان لە پێگەی نیزام و رۆحانییەت دەدا." هەر بۆیە داوای لە بەشداربووان کرد رێگەیەک بۆ ئاراستەکردنی هەڵبژاردن بدۆزنەوە.


ئەو هەڵبژاردنە دوای ئەوە بەرێوەچوو کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار لە رووداوی کەوتنەخواری هەلیکۆپتەر کوژرا. مەرگی ئەو پرۆژەی هاوپەیمانە تووندڕەوەکانی تێکدا، چوونکە دەیانەویست ئەو بکەنە جێگری خامنەیی کە ئێستا ٨٥ ساڵ تەمەنییەتی. تێکچوونی ئەو پرۆژەیە بووە هۆی ئەوەی تووندڕەوەکان لەنێو خۆشیان بکەونە کێبەرکێ بۆ ئەوەی کاریگەریان لەسەر دەستنیشانکردنی رێبەری داهاتوو هەبێت.


کۆبوونەوەکان لە شوێنی مانەوەی خامنەیی دەکران، گروپێکی بچووک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی و هەواڵگری و سیاسی دەکرا. لە راوێژکارەکانی خامنەیی عەلی ئەکبەر ویلایەتی و دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانیش بەشداربوونە. بەگوتەی سەرچاوەکان، ئامانجی خامنەیی پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، چوونکە دژایەتییەکی زۆری لەناوخۆ و ئاڵۆزییەکی گەورەش لە دەرەوە هەیە. بە تایبەت دۆخی ئیسرائیل، غەزەو حیزبوڵلای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن. خامنەیی لە کۆبوونەوەکان باسی هەموو ئەوانەی کردووە.


هاوکات خامنەیی لەسەر ئەو باوەرە بووە کە ئێران پێویستی بە سەرۆککۆمارێک هەیە کە بۆ بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە سرنجراکێشی خۆی هەبێت، لەگەڵ ئەوەش حکوومەتی دینی ئێستا تووشی لەمپەرو پرسیار نەکات. پێنج سەرچاوەکە ئاشکرایانکردووە کە خامنەیی پێشنیاری مەسعوود پزیشکیانی کردووە، چوونکە پێیوابووە کە ئەو دەتوانێ‌ پەیوەندی نێوان دەسەڵاتداران بەهێزتر بکات، بۆشایی نێوان سیستەمی ئایینی و خەڵک پڕبکاتەوەو پرۆسەی هەڵبژاردنی رێبەری داهاتووش گرەنتی بکات. سەعید لەیلاز یەکێک لە شرۆڤەکارە ریفۆرمخوازەکانیش ئەوەی پشتراست کردووەتەوەو رایگەیاندووە کە ئەوە پلانێکی بێ کەموکوڕی لەلایەن رێبەری ئێران بووە، کە داهاتووی نیزامی گرەنتی کرد.


ئەندازیاری هەڵبژاردن؟

چاوەروان ناکرێت، سەرۆککۆماری نوێ گۆرانکارییەکی ئەوتۆ لە سیاسەتی ئەتۆمی و سیاسەتی دەرەوە بکات. سەرۆککۆماری نوێ پشتیوانی لە میلیشیاکانی ئێران لە ناوچە دەکات، بەڵام لەنزیکەوە بەشداری لە پرۆسەی دانانی جێگری خامنەییدا دەکات. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تایبەتمەندییە میانەڕەوەکانی پزیشکیان، ئێرانییە نارازییەکان هێور دەکاتەوە، سەقامگیرییەک لەناوخۆ دروستدەکات و گوشارە نێودەوڵەتییەکانیش‌ کەم دەکاتەوە، هاوکات هاوپەیمانێکی جێ متمانەی خامنەییە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ جێنشینی ئامادە بکات.


سەرچاوەیەکی ناوچەیی دیکەش کە ئاگاداری کۆبوونەوە تایبەتەکانی دەسەڵاتدارانە رایگەیاندووە کە دیاریکردنی پزیشکیان بۆ هێورکردنەوەی کۆمەڵگە بووە، چوونکە دوای خۆپێشاندانەکانی گیان لەدەستدانی ژینا مەهسا ئەمینی، کابینەی رەئیسی گووشارەکانی بۆ سەر ئازادییە مەدەنییەکان زیاتر و خەڵکیشی تووڕەتر کردبوو. 


دوو سەرچاوەی دیکە رایانگەیاندووە کە:" قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەی خامنەیی کاتێک دەستیپێکرد کە پزیشکیان کە ئەوکات نوێنەری مەجلیس بوو، لەلایەن بەرپرسانی پراگماتیستی نزیک لە نووسینگەی خامنەیی هاندرا کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کاندید بکات." ئەوان وتیان:" پزیشکیان لە بڕیارەکانی پشت پەردە ئاگادار نیە." یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی:" ئەو تەنانەت چاوەروانی ئەوەشی نەدەکرد شیاوی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پەسەند بکرێت. " ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پێکهاتووە لە شەش فەقیە و شەش یاساناسی نزیک لە خامنەیی، ئەوان لە رابردوودا شیاوی زۆربەی کاندیدە میانڕەوەکانیان رەتکردبوویەوە.


هەر پێنج سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوەداوە کو پرۆژەکەی خامنەیی بەشێوەیەک دارێژرابوو کە زۆر دیموکراتیک و ئەخلاقی بکەوێتە بەرچاو. هەربۆیەش دوو کاندیدی تووندڕەو، سەعیدی جەلیلی و محەمەدباقر قالیباف شیاویان پەسەند کرا. ئەوەش بەو مانایە دەهات کە دەنگی ئەو دوو بەربژێرە بناژۆخوازە دابەش دەبێت و بەمشێوەیە ئیمکانی چوونیان بۆ قۆناغی دووەم کەم دەبێتەوە.


ئەنجامی دڵخواز

پزیشکیان، لە نەتەوەی ئازەرییە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا یەکەم هاتەوە، چینی ناوەراستی شاڕی و گەنجان دەنگیان پێدا. بەڵام چوونکە بەشدارییەکە تەنیا ٤٠ لەسەد بوو، ئەوەش کەمترین رێژەی دەنگدان لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، بەمشێوەیە هەڵبژاردن چووە خولی دووەم. لەو خولەدا پزیشکیان کەوتە کێبەرکێ لەگەڵ سەعید جەلیلی دژە رۆژئاوا. زۆربەی ئەو کەسانەی دەنگیان بە قالیباف دابوو، لە ترسی سیاسەتە تووندڕەوانەکانی جەلیلی، دەنگیان بە پزیشکیان دا، بەمشێوەیە رێژەی بەشداری گەیشتە ٥٠ لەسەد. 


لەکۆتاییدا پرۆژەکەی خامنەیی سەریگرت، پزیشکیان، پزیشکی نەشتەرگەری تەمەن ٦٩ ساڵ بەپشتیوانی ریفۆرمخواز و بناژۆخوازە میانڕەوەکان و کەمینە ئەتنیکییەکان ٥٤ لەسەدی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سەرکەوت. هەرزوو پزیشکیان لە تەلەفزیۆنی حکومەتی رایگەیاند:" سوپاسی رێبەری ئێران دەکەم، ئەگەر ئەو نەبووا، پێموانەبوو کە وا بەئاسانی ناوی من لە سندووقی دەنگدان هاتبادەر." 





1

ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی شۆرشگێر سەبارەت بە ڕاگوێزرانی بارەگاكانیان
حدکا: بێهزاد خوسرەوی ئەنداممان بووەو رادەستی ئێران کراوەتەوە
راگەیاندنی پاک، لەسەر گووشارەکانی سەر حیزبەکان
راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە سەر راگواستنیان بۆ سورداش
بەهۆی هەڵاواردن، فارسەکان یەکەمی کۆنکوری ئێرانن
ئێران لەدرووستکردنی چەکی ئەتۆم نزیک بووەتەوە