Weather widget for website
کچان پارێزەرانی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

کچان پارێزەرانی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

26 . گوڵان . 2724


ساڵانە لەرۆژی ١٥-ی ئایار کە دەکاتە رۆژی ٢٦ی گوڵان ناوەندە رۆشنبیری و کەڵتورییەکان لە کوردستان بایەخ بە زمانی کوردی دەدەن، بەشێوەیەکی نافەرمیش وەکوو رۆژی زمانی کوردی دیاریکراوە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لەساڵی ١٩٣٢ و لەو رۆژەدا یەکەمین ژمارەی گۆڤاری هاوار، لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخان لە شاری دیمەشق لە وڵاتی سوریا بڵاوکرایەوە.

زمانی کوردی بە هەموو زاراوە و بن زاراوەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی سەد ساڵە شەڕ بۆ مانەوەو نەفەوتانی دەکات. لەو رۆژەوەی لەسەر پێداگری ژمارەیەک بەناو رۆشنفکری فارس هەوڵ بۆ دروستکردنی ئێرانی یەک میلەت، یەک ئالا و یەک سەرزەمین درا، هێرشە هەمە لایەنەکان لەدژی زمانی کوردی دەستی پێکرد. سیستەمی خوێندن بەشێوەیەکی سیستماتیک کرایە زمانی فارسی و لەرێگەی هێرشی سەربازی هەوڵی لەناوبردنی بزاڤە سیاسی و کەڵتوورییەکانیان لە کوردستاندا. بەڵام بزاڤی سیاسی و کەڵتووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕگرییەکی کەم وێنەیان کردووەو پاراستنی زمانی کوردیش‌ بووە یەکێک لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی بزوتنەوەی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

لەو نزیک سەد ساڵەدا تەنیا یازدە مانگی کۆماری کوردستان، کوردەکانی ناو جوغرافیای کۆمار توانیان بە ئاشکراو بەفەرمی بەزمانی کوردی بخوێنن و چەندین رۆژنامەو گۆڤاریان بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە، پێش ئەوکات و دوای ئەویش و تاکوو ئێستا رژێمی پەهلەوی یەکەم و دووەم و کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی سیستماتیک بە خەرجکردنی سەدان ملیۆن دۆلار هەوڵی ئاسیمیلاسیۆنی زمانی و کەڵتووری کوردیان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا. 

لەگەڵ ئەوەش لە قانونی ئەساسی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەمادەی ١٥-دا باس لەوە کراوە کە زمانی فەرمی ئێران فارسییە، بەڵام زمانە مەحەلی و قەومییەکان دەتوانن ئەدەبیاتی خۆیان بەزمانی کوردی بخوێنن. ئەوەش ئەگەرچی زۆر جیاوازە لەگەڵ خوێندن بە زمانی کوردی و تەنانەت خوێندنی زمانی کوردیش، بەڵام ئەو مادەیەش هیچ کات جێبەجێ نەکرا. 

لەگەڵ ئەو هەموو گوشارو هەوڵ و دوژمنایەتییە سیستماتیکەی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەر زمانی کوردی، بەڵام هەر لەسەرەتاوە خەڵکی لەکوردستان خۆیان سەرەتا بەڕگرییەکی زۆریان لەبەرامبەر شەپۆڵی ئاسیمیلاسیۆنی کردووەو لەو بەڕگرییەیەشدا بە پێداگری لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی هەتا رادەیەک سەرکەوتوو بوون. لە قۆناغی دووەمدا چالاکوانانی مەدەنی، کەڵتووری و زمانەوان و ماموستایانی زمانی کوردی بەشێوەیەکی خۆبەخشانە دەستیان بە فێرکاری زمانی کوردی لە شارو گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. 

فێرگەکانی زمانی کوردی لەزۆربەی شارەکان و لە هەموو وەرزەکان بەردەوامە، بەڵام لە وەرزی هاویندا و بەهۆی پشووی خوێندکاران بەشداربووەکانی بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەشێوەیەک لەگەڵ ئەوەی گوشارەکانی رژێم بەردەوامە، بەڵام هەوڵدان بۆ فێربوونی رێزمان و رێنووسی زمانی کوردی لەرێگەی ئەو فێرگە مەدەنی و خۆبەخشانە وەکوو نەریتێکی لێهاتووەو پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت. 

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لەو کەسانەی لەرێگەی ئەو فێرگانە، خۆیان وەکوو مامۆستایەکی زمانی کوردیان لێهاتووە، لەرێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت ئینستاگرام  ئاگاهیی بۆ فێربوونی زمانی کوردی بڵاودەکرێنەوەو ئەو پەیجانەیش کە کار لەسەر فێرکاری زمانی کوردی دەکەن، پێشەوازییەکی یەکجار زۆریان لێدەکرێت. هەربۆیە ئێستا جیلی نوێ پێشەنگی پارێزگاریکردن لە زمانی کوردین لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەگەرچی هەر لە سەرەتای حەفتاکانی هەتاوی، پیاوان (رەگەزی نێر) بەشداریان لە خولەکانی فێرکردنی زمانی کوردی دەکرد، بەڵام ساڵ لەگەڵ ساڵ بەشداری ژنان و کچانی کوردستان لەو فێرگانە زیادیکردو، تەنانەت ئێستا بەشێک لە مامۆستا ناودارەکانی زمانی کوردی لەرۆژهەڵاتی کوردستان ژنن. بەشداری کچان لە فێرگەکانی زمانی کوردی لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەدوای شۆرشی ژینا تەقییەوە، بەشێوەیەک لە یەک ساڵەی شۆڕشی ژینا رۆژهەڵات نیوز بەدواداچوونی بۆ خولی هاوینەی زمانی کوردی لە ١٢ شاری رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، لانیکەم لە ٥ شار بەشداری کچان لە خولەکان زیاتر لە کوڕان بووەو لەوانیتریش وەکو یەک یان بەرێژەیەکی زۆر کەم کەمتر لە پیاوان بووە. 
بەشداری کچان لە خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی هی تەمەنی جیاوازن، لە ٩ ساڵییەوە هەتا نزیکەی ٦٥ ساڵی لە خولەکان بەشداریان کردووەو ئێستاش هەر بەردەوامن.





4

رەشبگیری دوای بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی بەردەوامە
مریشکەکان بۆ کەی ئێف سی
سیاسەتی دەرەوەی کامڵا هەریس
خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن
خامنەیی چۆن کەسێکی میانڕەوی نەناسراوی کردە سەرۆککۆمار؟
دەستی ئێران، لەهەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ-دا