Weather widget for website
بەکارهێنانی “کۆماری ئیسلامی”  بۆ رژێمی ئێستای ئێران راستە یان نا؟

بەکارهێنانی “کۆماری ئیسلامی” بۆ رژێمی ئێستای ئێران راستە یان نا؟

27 . گوڵان . 2724

دکتور کەماڵ سولەیمانی نووسینێک خۆی لە وەڵامی دکتور یاسین بورهان بڵاوکردووەتەوە، لە نووسینەکەدا دەردەکەوێت کە دکتور بورهان رەخنەی لە دکتور کەماڵ گرتووە، کە نابێ دەستەواژەی کۆماری ئیسلامی بۆ رژێمی ئێستای ئێران بەکار بهێنێت. رۆژهەڵات نیوز، نووسین و وەڵامی هەردوویان بڵاودەکاتەوە.


نووسینی دکتور پرۆفسور یاسین:

دەست خۆش دکتۆر کەمالی ئازیز. بەڵام بەندەش تێبینییەکی جددی هەیە لەسەر ئەوەی بەڕێزتان، تەنانەت هێزە سیاسییەکان، چەمکی «کۆماری ئیسلامی» بەکاردەبەن، کە ئەمەش بۆخۆی هەڵەیەکی گەورەیە: ١) بەناوکردنی رژێمێک کە داگیرکار و دوژمنێکی سەرسەخستی کوردە وەک خۆی، تەنانەت رێک وەک خۆی حەز دەکات، هەڵەیە، چونکە جۆرێکە لە رەوایی ”شەرعییەت”دان بەو رژێمە؛ ٢) هەموومان باش دەزانین کە کورد لە سەرەتای دامەزرانی ئەو ”کۆمارە” راستتر بڵێین رژێمە ئەو رژێمە و دەستورەکەی رەفز کردەوە. کەواتە تەنانەت ئەگەر رۆژێک ئەو رژێمە رێککەوتننامەی ئاشتیش لەگەڵ کوردا بکات، پێویستە ئەو کاتە سەرلەنوێ

”ریفراندەمێک” تایبەت بە کورد رێک بخات بۆ ئەوەی رەواییەتی لە کورد وەرگرێ بۆ ناو و دەستورە ئیسلامییەکەی.

لەسەر بنەمای ئەوەی کە وترا، بەندە پێم وایە چەمکی رژێمی ئیسلامی، رژێمی سێدارە یا رژێمی بەزۆر سەپاوی ئیسلامی ئێران پڕ بە پێستییەتی. تەنانەت لە پەیوەستی نووسینی ئەکادیمیشدا چەمکی ”رژێم” بەکار دەبرێ کاتێک نووسەر پێی وایە لە رووی ئەکادیمییەوە دروست نییە ناوی رژێمەکە وەک خۆی ببرێ، چوونکە ئەو کاتە ئەژادیمیستەکە لایەنگریی لە رژێم دەژات ئەگەری ئەو ناوەی کە رژێم پێی خۆشە بەکاری ببات. . . کێشەی ئەوەی دروستترە بڵێین «خەلیجی فارسی» یا »خەلیجی عەرەبی» کێشەیەکی باو و زانراوە لە پەیوەستی ئەکادیمیدا: ئەمە شەڕە لەسەر شەرعییەت پێدان یا لەولاوە بەدەستهێنان، ئەمەش باس و خواسی ئەکادیمیی زۆی لەسەر کراوە. ببوورە کە کۆمێنتەکەم کەمێ درێژ بوو. جارێکی دیکە دەستەکانتان خۆش، لەگەڵ بوونی تێبینییش. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە جوانە. هەر هەبن، ئازیز.


وەڵامی دکتور کەماڵ سوڵەیمانی:

دەستەکانت خۆش بێت مامۆستا بۆرهان گیان. لە وتارێکدا کە لە جۆرناڵی سیکیۆریتی دیالۆگ و لەگەڵ دۆستێک بڵاومان کردۆتەوە، بە وردی ئاماژەمان کردووە بەوەیکە کۆماری ئیسلامی جۆرێک پارادۆکسە (contradiction in terms). من لە وردی ڕەخنەکەی جەنابت دەگەم و زۆریش گرنگە. لە ڕاستیدا کۆمارییەت و دین- جا گرینگ نییە چ دینێک بێت- لە باری فەلسەفییەوە دژبەرن. چونکە کۆمارییەت سەرچاوەکەی مرۆڤە و مرۆڤ بە ئاخرین سەرچاوەی مەشرووعییەت دەزانێ. بەڵام دینەکان(ی بەتایبەت ئاسمانی) ئەرکەکەیان تەنیا نەجاتی( salvation) مرۆڤە لە ڕێگەی ئیتاعەی ئیلاهی و ئیتاعەی یاسای سەرو مرۆڤ، باوەڕە بە پرسی شەرعییەت لە دەرەوە و لە سەرەوەی مرۆڤ. گەورەترین کێشەی دین لەگەڵ مرۆڤ، دەگڕێتەوە بۆ ئیدیعای یاسادانەری مرۆڤ و شەرعییەتی یاساکەی وەکوو ڕەقیبی یاسای ئاسمانی. لە ڕوانگەی دینەوە یاسایی زەوینی شیرکە و توغیانە لە بەرامبەر خوا ( بۆ نموونە ئیسلام:  و انا انزلنا الکتاب لتحکم بما اراک اللە). ئەساسەن دێموکراسی و باوەر بە شەرعییەتی نیهایی دێموس و بە وتەیەکی گشتگیتر و ئابستراکتر، سەرچاوەی مرۆڤی یاسا، تاغوتە؛ بما اراک اللە هیچ مانایەکی نامێنێ. یانی مرۆڤ لەو ڕوانگەی دینەوە، لە سەر تەختی خودایی دانیشتوە؛ چونکە خۆی بووە بە سەچاوەی مەشروعییەت. دین لە سەر گریمانەی گومرایی زاتی بەشەری پێش یان بێ ئیمان بە خوا و  بۆ پەیرەوی ڕێگەو یاسا نێردراو، ڕونراوە. بەڵام، کۆمارییەت و دێموکراسی بە گشتی لە سەر باوەڕ بە توانا و مافی یاسادانەری بەشەر، بەبێ زەرەرووتی دەخالەتی ئاسمان، ڕۆ دەنرێ. هیچ یاسایەکی شەرعییەت پێشینی ( a priori) نییە; یاسای نێردراو، لە دێموکراسی و کۆمارییەتدا، جێی گومانە، نامشرووعە، دژایەتی هەیە لەگەڵ سەروەری گشتی و ئیرادەی گشتی بە مانا ڕووسۆییەکەی. چونکە سەرەوەری خوا، باوەڕە بە جورە تەفسیرێک لە خوا کە لەلایەن موفەسسیرانی تایبەتەوە بە سەر کۆمار و دێموسدا دەسەپێنرێت.

بەڵام، من بە چەند هۆ چەمکی کۆماری ئیسلامی بە کار دێنم لە حالێکدا لەگەڵ جەنابت وەکوو پرەنسیپ هاوڕام و پێموایە دەوڵەتی ئیسلامی دروستترە: یەک، ئەو دەوڵەتە بە ئی ئێران و بە ئێرانی دەزانم و بەشێکیش لە کێشەی دژبەیەکی زاتی ئەو حاکمییەتە لە خودی بنەما ناسینەییەکانی وەکوو فارس-شیعە--کە لە هەمان کاتدا ئیدیعای گشتگیری ئەو سیستەمەشی هەیە--دەزانم. ٢- من پێموایە، بە کار هێنانی کۆماری ئیسلامی باشە، چونکە بەشێک لە ئیسلامی سیاسی ئیدیعا دەکات کە سیستەمێکی باشتر ئیسلامی سیاسی مومکینە. من-زۆر بە ڕاشکاوی-- پێموایە کە قەت لە مێژوودا دین توانای بەرهەم هێنانی سیستەمێکی عادڵانەتری نەبووە و لە داهاتووشدا نایبێت. بۆیە، نامەوێت کە کەمترین نرخ بدەم بە ئیدیعا و گریمانەیەک کە دەڵێ ئەو سیستەمە ئیسلامی نییە و ئێمکانی کۆماری دینی بێ کێشەتر لەوە هەیە. ٣- بەکار هێنانی ڕەژیمی ئیسلامی بە جۆرێکی شارەوە، ئیمکانی دابڕینی تێگەیشتنی فەلسفەی حاکمیەت و سەرەوەی ئێرانی، لە کۆماری ئیسلامی پێوە دیارە؛ بۆیەش خۆی لێ دەپارێزم. من پێموایە کە تێگەیشتنی نەریتی ئێرانی لە حاکمییەت و سەروەری- چ جۆری پادشاییەکەی، چ جۆری کۆمارییەکەی بە سیکۆلەر و مەزهەبییەوە، هەر هەمووی بە جۆرێک مەزهەبییە. بنەمایەکەی جۆرێک لە ئیلاهیاتی سیاسییە و ڕەگەیەکی فرەایزدی فارس و ئارییایی تێدایە. جۆرێک لە ئیلاهیاتی ڕەگەزپەرەستی و خۆ -بە-مەکەز-دیتنی زاتی تێدایە کە لە ئەساسدا دژە غەیرە و ژنۆسایدییە. بۆیە نامهەوێ بڵێم کە کێشەی حاکمییەت لە ئێران لە کێشەی ڕەژیم جیاوازە. لە ڕوانگەی من هەمووی ئەوانە ئەگەر یەک شتیش نەبن، زۆر پێکەوە گرێدراون. منی کورد دەبێ بە تەواوی لە دەرەوەی ئەو سیستەمە و بنەما مەعریفی و فەلسفییەکانی ڕاوەستم.






4

رەشبگیری دوای بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی بەردەوامە
مریشکەکان بۆ کەی ئێف سی
سیاسەتی دەرەوەی کامڵا هەریس
خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن
خامنەیی چۆن کەسێکی میانڕەوی نەناسراوی کردە سەرۆککۆمار؟
دەستی ئێران، لەهەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ-دا