Weather widget for website
کوژراوانی هەلیکۆپتەرەکە کێ بوون؟

کوژراوانی هەلیکۆپتەرەکە کێ بوون؟

31 . گوڵان . 2724


سەرجەم سەرنشینەکانی هەلیکۆپتەرەکە کوژران و، ئەو رووداوە یەکێک لە رووداوە مێژووییەکانی جیهانە، چوونکە دوو کەس کوژراون کە یەکیان بە ئایەتووڵڵای سێدارەو قاتڵ و یەکێکیتریان بە تیرۆریست دیپلۆماتکارێکی گەورە دەناسرایەوە.

دوای هێنان و بردنێکی زۆر، لە کۆتاییدا زانیاری ئەو هەواڵەی کە نیوەرۆی رۆژی یەکشەممە روویدابوو، سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە. سێ هەلیکۆپتەر دوای رێورەسمی کردنەوەی بەنداوێکی هاوبەش لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان دەگەرێنەوە، سەرنشینەکانی یەکێک لەو هەلیکۆپتەرانە دوو بەرپرسی باڵا و یەکێک لەتاوانبارترین کەسەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون. دوای مەودایەکی کەم لەکاتی فڕینیاندا، رێک ئەو هەلیکۆپتەرەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند بەرپرسی دیکەی تێدابوو، دیار نامێنێت.

بەرپرسان و راگەیاندنەکانی ئێران سەرەتا تووشی شلەژانێکی زۆر هاتن و سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هەلیکۆپتەرە هەر یەکەو قسەیەکیان دەکرد، دوای چەند کاتژمێرێک ناوەندە ئەمنییەکان و بەتایبەت سوپای پاسداران سەرپرشتی ناوەندی بەرێوەبەردنی قەیرانی گرتە دەست و ئیتر ئەمجارە هەواڵەکان بەئاراستەی ئەوە دارۆیشت کە هەلیکۆپتەری رەئیسی و هاوکارەکانی تووشی کێشەی تەکنیکی بووەو گەران و پشکنین دەستی پێکرد، کە کەش تاریک بوو، ئیتر ئەرتەش و سوپا و هیلال ئەحمەرو بە گشتی ئەو رژێمەی خۆی زۆر بە بەهێز دەزانێت، بۆی دەرکەوت فرۆکە و درۆنێکی نیە کە بتوانێ لە شەودا لە پشکنین بەردەوام بێت.

هەر ئەوەش وایکرد، داوا لە تورکیا بکەن، بە هانایانەوە بچێت. هەر زوو فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی ئاکینجی گەیشتە ئاسمانی شاری تەورێز و لە شوێنی رووداوەکە دەستی بە پشکنین کردو  وێنەکانیشی راستەوخۆ بڵاودەکردەوە، هەر ئەو فرۆکەیەش دوای ماوەیەک شوێنی کەوتنەخواری هەلیکۆپتەرەکەی دۆزیەوەو سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە سوپا و ئەرتەش و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو راگەیاندرا بەهۆی کەوتنەخواری هەلیکۆپتەرەکە و کێشان بە شاخدا و تەقینەوەی سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە. 

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدووڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دوو کوژراوی ناو هەلیکۆپتەرەکەن کە بەهۆکارگەلی زۆر ناسراون و مردنیان یان کوژرانیان واتای زۆری هەیە.


ئیبراهیم رەئیسی

ئیبراهیم رەئیسی لەساڵی ١٣٣٩ لە شاری مەشهەد لەدایکبووە، رەئیسی دواتر خوێندنی حەوزەویی یان ئایینی لە مەشهەد و دواتر لە قۆم درێژە پێدەدات. رەئیسی لە قۆم لە قوتابخانەی حەققانی کە تووندڕەوی شیعی بوون لە خوێندن بەردەوام بوو. بەهۆی تووندی و ئایدیۆلۆژیبوون لە ساڵی ١٣٥٩ و لەتەمەنی بیست ساڵیدا دەبێتە دادیار.

هەر ئەو خۆشزمەتی و قاڵبوونەوە لە ویلایەتی و باوەرەکانی خومەینی وایکرد کە ئیبراهیم رەئیسی وەکوو یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگی ساڵی ١٣٦٧ دیاری بکرێت، ئەو لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بڕیاری لەسێدارەدانی هەزاران کەسیان دا، تاوانەکە بە ڕادەیەک گەورە بوو، کە تەنانەت حوسێنعەلی مونتەزری قائیمەقامی خومەینیش دەنگی لێ بەرزبوویەوەو بەو هەیئەتەی گوت کە مێژوو وەکوو تاوانکاری مێژوویی ناویان دەبات. 

رەئیسی زاوای ئەحمەد عەلەموڵهودا پێشنوێژ و نوێنەری خامنەیی لە مەشهەدە، ئەو کاتێک بووە زاوای عەلەموڵهودا کە خۆی لەلایەن خامنەیی رێبەری ئێران وەکوو تولیتی ئاستانی قودسی رەزەوی لە مەشهەد دیاریکرابوو. 

دوای ماوەیەک لەو  کاتەدا کە باسوخواست لەسەر جێگرەوەی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران گەرم بوو، ناوی ئیبراهیم رەئیسیش وەکوو بژاردەیەک دەهات، لەپڕێکدا ئیبراهیم رەئیسی وەکوو کاندیدی بناژۆخوازەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کەوتە سەرزاران. ئەویش لەکاتێکدا کە دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری ئێران لەو پەڕی خراپی دابوو، ئەوەش‌ وایکرد کە دەنگۆی دیکە بێنە ئاراوە، هەندێک لایەن پێیانوابوو کە ئەوە سیناریۆی بەیتی خامنەیی و بەدیاریکراوی موجتەبا خامنەییە، بۆ ئەوەی رەئیسی وەکوو بژاردەیەک جێگرەوەی خامنەیی بسووتێنێت، چوونکە هەم لەلایەک کەمتر لە ٤٠ لەسەد بەشداری هەڵبژاردنی ئەویان کرد، هەمیش دەربازبوون لەو قەیرانانەی نیە. هاوکات هەشبوون پێیانوابوو کە سەرۆککۆماری پەیژەیەکە بۆ ئەوەی رەئیسی بۆ رێبەری داهاتووی ئێران ئامادە بکەن.


حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان

ئەگەرچی ناوی حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەکوو یەکێک لە کوژراوانی رووداوی هەلیکۆپتەرەکە کەوتووەتە پەراوێزی ئیبراهیم رەئیسی، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەو بەتایبەت لەسەر سیاسەتی ناوچەیی ئەگەر زیاتر نەبووبێت، بێگومان کەمتر نەبووە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە شاری دامغانی سمنان لەدایکبوو، ئەو هەر لەسەرەتاوە وەکوو مێرمنداڵ و گەنجێکی مەزهەبی مامەڵەی دەکرد، لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران گەنج بووەو هیچ پۆست و پلەیەکی نەبووە، بەڵام وەکوو کەسێکی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژی دەچێتە زانکۆ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەخوێنێت و هەر لەوێشەوە لەگەڵ بەسیج و سوپای پاسداران کار دەکات، بە خوێندکارێکی سوپایی ناسراوە. یەکەمجار لە کابینەی مەحموود ئەحمەدی نەژاد لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا وەکوو بالیۆزی ئێران لە مەنامە لەبەحرەین دەست بەکار دەبێت. ئەوەش وادەکات هەر لەوێوە دەبێتە چاوی سوپای قودس لە وڵاتانی عەرەبی و زۆرتر کارو توێژینەوە لەسەر وڵاتانی عەرەبی و دراوسێی ئێران دەکات. هەر ئەو تایبەتمەندییەش دەیکاتە بەشێک لە سوپای قودسی سوپای پاسداران.

دواتر هەر لە کابینەی مەحموود ئەحمەدی نەژاد و بەپشتیوانی سوپای پاسداران حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان پلەی بەرز دەبێتەوەو لەساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی وەکوو بەرپرسی دۆسییەی عەرەبی و ئەفریقایی وەزارەتی دەرەوە دەست بەکار دەبێت. ئەو پۆستە لە هەستیارترین کاتی ناوچەکەدا بەو دەسپێردرێت، چوونکە بزوتنەوەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی دەستیان پێکردبوو، هەر لەوکاتیشدا پەیوەندییەکانی ئێران و عەرەبستان دوای هێرش بۆ سەر بالیۆزخانەو کونسوڵگەری عەرەبستان بە تەواوەتی دەپچرێت.

دوای ئەوە عەبدوڵڵاهیان زۆرترین کاتی خۆی بۆ سوریە و عێراق تەرخان دەکات، تەنانەت کتێبێکیش لەسەر قەیرانی سوریە بەناوی "صبح شام، روایتی از بحران سوریە" دەنووسێت. ئیتر لەوێوە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لەقاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس نزیک دەبێتەوەو وەکوو راوێژکاری ئەو و، دیپلۆماتکارێکی ئەمنی وەزارەتی دەرەوەش بۆ کاروباری وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت سوریە و عێراق بەردەوام دەبێت. هەتا ئەوکاتەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران دیسان لەسەر داوای سوپای قودس و بە پشتیوانی خامنەیی عەبدوڵڵاهیان وەکوو وەزیری دەرەوەی ئێران دیاری دەکات. 











4

رەشبگیری دوای بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی بەردەوامە
مریشکەکان بۆ کەی ئێف سی
سیاسەتی دەرەوەی کامڵا هەریس
خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن
خامنەیی چۆن کەسێکی میانڕەوی نەناسراوی کردە سەرۆککۆمار؟
دەستی ئێران، لەهەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ-دا