27 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

چارەنووسی پەنابەرە رۆژهەڵاتییەکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا

چارەنووسی پەنابەرە رۆژهەڵاتییەکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا
29 . جۆزەردان . 2724

زیاتر لە نیوەی سەرنشینەکانی بەلەمەکە نقوومبووەکەی کەنار ئاوەکانی ئیتاڵیا کوردن و چارەنووسی زۆربەشیان نادیارە.


رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ٢٣ی جۆزەردان بەڵەمێک بۆدروومی تورکیا جێدەهێڵێت و ئامانجیشی گەیشتنە بە ئیتاڵیا. ٦١ کەس لەو بەڵەمەدا بوون، کە بە ئاواتی گەیشتن بە ئورووپا خۆیان لەو بەلەمە بچووکەدا جێکردبوویەوە. بەڵام هیچ یەک لەو کەسانەی بە ئاواتی گەیشتن بە ئورووپا لەو بەلەمەدابوون، ئیتر هیچ کات بەو ئامانجەیان ناگەن، چوونکە هەواڵی نقوومبوونی بەلەمەکە جیهان و بەتایبەت کوردستانی شۆک کرد. 

ئێوارەی رۆژی دووشەممە میدیاکانی ئیتاڵیا رایانگەیاند کە بەلەمێکی بچووکی پڕ لە پەنابەر لە کەنارئاوەکانی ئیتاڵیا نقووم بووە. بەلەمەکە ٦١ کەس و لەنێویاندا ژن و منداڵیشی تێدابووە. بەکر عەلی سەرۆکی رێکخراوی پەنابەرە کوردە گەراوەکانی ئورووپا رایگەیاند کە زیاتر لە نیوەی پەنابەرەکانی ناو بەڵەمەکە کورد بوونە و، لە باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی گەیشتن بە ئورووپایان داوە. بەگوتەی بەکر عەلی لەو ٦١ کەسە تەنیا ١١ کەس رزگاریان بووەو چارەنووسی ئەوانیتر نادیارە.

لەو یازدە کەسەی کە رزگاربوونە، ناوی ژمارەیەک هاووڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز کەسێک بەناوی وەفا خەڵکی ورمێ، ناسر رەمەزانی خەڵکی بۆکان و ئاکۆ قادری خەڵکی مەهاباد لەو کەسانەن کە لە بەلەمەکەدا بوونەو رزگاریان بووەو ئێستا لە نەخۆشخانەی رۆسێلا لۆنیکای ئیتاڵیا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

ئەگەرچی تاکوو ئێستا دیار نیە لەو ٣١ کوردەی لەو بەلەمەدا بوونە، چەند کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، زۆربەی رۆژهەڵاتییەکان هی پارێزگای ورمێ و بەتایبەت شاری سەڵماس و دەورووبەرن.