1 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

وردەکاریی بەڵگەکانی پێنتاگۆن لەسەر خۆئامادەکردنی ئیسرائیل بۆ هێرش بۆ سەر ئێران

وردەکاریی بەڵگەکانی پێنتاگۆن لەسەر خۆئامادەکردنی ئیسرائیل بۆ هێرش بۆ سەر ئێران
29 . ڕەزبەر . 2724

سەرچاوە: CNN-AXSIOS
کەناڵی سی ئێن ئێن و ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکا پەردەیان لەسەر لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هەڵداوەتەوە، کە باس لە خۆئامادەکردنی ئیسرائیل بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات.
ئەو بەڵگانەی دەستی ئەو دوو کەناڵە کەوتوون، هەموو ئەو ئامادەکاریانەی تێدا هاتووە کە ئیسرائیل بۆ هێرش بۆ سەر ئێران کردوونی، کۆی بەڵگەکانیش لەدەرەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی پێنتاگۆنن لەسەر جۆری خۆئامادەکردنی ئیسرائیل. لە بەڵگەکاندا باس لە جێگۆرکێی هێزی ئیسرائیل دەکات، هاوکات راهێنانەکانی هیزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ هێرش کردنە سەر ئامانجە دیاریکراوەکان لەناو خاکی ئێرانیش ئاماژەی پێکراوە.
ئەو دوو بەڵگەیە کە دەگووترێ هی پێنتاگۆنە، یەکەمجار رۆژی هەینی ٢٧ی رەزبەر لە کەناڵی تلێگرامی میدڵ ئیست ئێسپێکتیتۆر بڵاوکراوەتەوە، ئە کەناڵی بە نزیک و لایەنگری کۆماری ئیسلامی ئێران دەناسرێت. ئەو کەناڵە راگەیاندووە کە هەندێک سەرچاوەی ناو دامودەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پێیانی داوە، بەڵام روونکردنەوەی زیاتری نەداوە. دواتر هەردوو کەناڵی سی ئێن ئێن و ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکا بەدواداچوونی وردیان بۆ کردووە.
بەڵگەکان لەلایەن ناوندی زانیاری نیشتمانی و ناوەندی نیشتمانی زانیاری ئەمریکا (NGA) ئامادە کراون. ئەو دوو ناوەندە سەرجەم ئامادەکارییەکانی ئیسرائیلیان لە رۆژانەی ٢٤ و ٢٥ی رەزبەر کۆکردووەتەوەو رادەستی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆنیان کردووە. ئەو دوو ناوەندەی ئەمریکا بۆ پێنتاگۆنیان نووسیوە کە دڵنیان کە سەرجەم ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێرانە.
لە بەڵگەکاندا هاتووە کە درۆنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارین لەسەر ئاسمانی ئێران. ئاماژەشیان بەوە کردووە ئەگەرچی ئیسرائیل خەریکی ئامادەکاری هەواڵگری و سەربازییە بۆ هێرش بۆ سەر ئێران بەڵام بە پێنتاگۆنیان وتووە کە هیچ ئاماژەیەک بەدی ناکەن کە باس لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم و مووشەکی جریکۆ ٢ لەلایەن ئیسرائیل بکات.
کەناڵی سی ئێن ئێن و ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکا لە دوو بەڵگەی دیکەشدا کە ئەوانیش هەر هی ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکان، باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل سەرقاڵی پتەوکردنی سیستەمی بەرگری بۆ ناوەندە سەربازییەکانیەتی، هاوکات جولەو راهێنانی زۆری سەربازی لە بنکەی ئاسمانی رامات داڤید و راموون دەبینرێت. ئاماژەگەلێکیش هەن کە ئیسرائیل خەریکە خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات کە هێرشی مووشەکی باڵستیک بۆ سەر ئێران بکات، کەڵکیش لە مووشەک گەڵێک وەردەگرێت کە لە فرۆکەوە ئاراستە دەکرێن. لە راهێنان و مانۆرەکانیشدا ئیسرائیل سێ فرۆکەی گەیاندنی سووتەمەنی و کۆنترۆڵ و فەرماندەیی لە جۆری عیتام-ی بەکارهێناوە.
بەڵگەکان ئەوەش رووندەکەنەوە کە ئیسرائیل دوو جۆر مووشەک لە جۆری راکز و مووشەکی گوڵدن هورایزن بەکاردەهێنێت. مووشەکی راکز دروستکراوی کۆمپانیای رافائێلی ئیسرائیلەو تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە دەتوانێ لە مەودایەکی دوور ئامانجەکەی بە وردە بپێکێت. .مووشەکی گۆڵدن هورایزنیش بۆ هەردوو مەبەستی بەرگری و هێرش بەکار دێت.
ئەو بەڵگانە لەلایەن دوو ناوەندە هەواڵگرییەکەی ئەمریکا لەرێگەی سەتەلایتەوە گیراون، لەگەڵ ئەوەی تاکوو ئێستا ئیسرائیل سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی زانیارییە سەربازییەکانیان ئەویش لەلایەن گەورەترین هاوپەیمانە سەربازییەکەیان، لێدوانی نەداوە. لەگەڵ ئەوەش‌ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ماڵپەری ئەکسیۆسی گوتووە کە بڵاوبوونەوەی ئەو زانیاریانە هیچ کاریگەرییەک لەسەر پلان و بەرنامەکانی ئیسرائیل دانانێت.
لەگەڵ ئەوەش میک مۆڵرۆی جێگری وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و فەرماندەیەکی خانەنشینکراوی دیکەی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنیان گوتووە کە دەبێ بە پەلە ئێف بی ئای و پێنتاگۆن و ناوەندە هەواڵگرییەکانی دیکەی ئەمریکا لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگەنامانە دەست بەکار بن. بەرای ئەوان ئەگەر بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگانە راست بێت، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دادەنێت. چوونکە کۆکردنەوەی زانیاری ئەمریکا لەسەر ئیسرائیل و هاوکات بڵاوکردنەوەی زانیارییە هەستیارییە سەربازییەکان پێشێڵکارییەکی روونەو دەتوانێ کاریگەری نەرێنی زۆر دابنێت.