1 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئیسرائیل چۆن لە سێ مانگدا رێبەرانی حەماس و حیزبوڵڵای لەناو برد؟

ئیسرائیل چۆن لە سێ مانگدا رێبەرانی حەماس و حیزبوڵڵای لەناو برد؟
30 . ڕەزبەر . 2724

سەرچاوە: AXSIOS
ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە چۆن ئیسرائیل توانی لەماوەی سێ مانگدا، سەرکردە سەرەکییەکانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی لەناو برد؟
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئیسرائیل سەرجەم سەرکردەکانی گەورەترین دوژمنی ناوچەیی خۆی لە ئۆپەراسیۆنە کەم وێنەو مێژووییەکانی دۆزیەوە، کردنیە ئامانج و لەناوی بردن.
کوژرانی یەحیا سینوار، پڵاندارێژی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوو، کۆتایی پرۆسەیەکی سێ مانگە بوو، کە سەرجەم سەرکردە باڵاکانی حەماس و حیزبوڵڵا و جێگرە سەرەکییەکان و هاوکات فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لەناو بردران.
ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیل، ساڵێک دوای هێرشی حەماس، زیانێکی ئیفلیجکەری لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی ناسراو بە میحوەری موقاومەت گەیاند. کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین دەیە ئەو گروپانە پرچەک کردووەو راستەوخۆ پشتیوانی ماڵی لێکردوون.


دامەزراندنی ناوەندێکی تایبەت بەناوی شین بێت
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەزە، کوشتنی رێبەرانی حەماس و سەرجەم میلیشیاکانی پشتیوانی هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر بوو. بۆ ئەو مەبەستە ناوەندێکی تایبەت لەناو ناوەندی زانیارییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل ناسراو بە شین بێت درووستکرا. هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەوڵە ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و گروپە تایبەتەکانیان یارمەتیدەری ئیسرائیل بوون بۆ ئەوەی یەحیا سینوار و جێگرەکانی بدۆزرێنەوە.
لەگەڵ ئەوەی کوژرانی سەرجەم سەرکردەو فەرماندەکانی حیزبوڵڵا و حەماس بە پلانێکی پێشوەختەی ورد بوو، بەڵام یەحیا سینوار زۆر بەرێککەوت کوژرا.


سەرەتای بەئامانجگرتنی رێبەرانی حەماس و حیزبوڵڵا
دوای ئەوەی شەری ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە سنووری باکووری لوبنان لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەر پەرەی سەند، ئیسرائیل فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و ئەو گروپانەشی خستە لیستی ئەو کەسانەی کە دەبێ‌ لەناو بچن. ئەگەرچی ئیسرائیل لە شەش مانگی یەکەمی شەڕی غەزە، چەندین فەرماندەی حەماس و حیزبوڵڵای کوشت. بەڵام کوژرانی محەمەد زەیف فەرماندەی باڵی سەربازی حەماس دەستکەوتێکی گەورە بوو، ئەوە یەکەمجار بوو کە ئیسرائیل یەکێک لە پلاندارێژەرانی حەوتی ئۆکتۆبەر بکوژێت.
دوو هەفتە دواتر، ئیسرائیل لەهێرشێکی ئاسمانی بۆ بەیروت، فوئاد شوکر فەرماندەی سەربازی حیزبوڵڵای کوشت. ئەوە لەدوای کوژرانی عیماد موغنیە لەساڵی ٢٠٠٨ گەورەترین زیان بوو کە لە حیزبوڵڵای لوبنان درا. رۆژێک دوای ئەو ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی ئیسرائیل هەموو جیهانی شۆک کرد، ئەمجارە لەتاران ئیسماعیل هەنیە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە تاران کوژرا و بەرپرسی دەفتەری سیاسیی حەماس لەناوبردرا.
سەرەتای مانگی سێپتەمبەر، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی و بێ وێنەدا، هەزاران پەیجەرو بێتەلی بە ئەندامانی حیزبوڵڵادا تەقاندەوە، ئەوەش بووە هۆی کوژران و بڕینداربوونی هەزاران ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان، کە چەندین بەرپرسی باڵاشی تێدابوو.
چەند رۆژ دواتر، ئیسرائیل لە زنجیرە هێرشێکی ئاسمانیدا بەشێکی زۆر لە کۆگاکانی مووشەکی حیزبوڵڵای لەناو برد و، چەندین فەرماندەی باڵا و مامناوەندی وەکوو ئیبراهیم عەقیل کوشت. هێرەشەکانی ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی مانگی سێپتەمبەردا بە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی حیزبوڵڵا گەیشتە ئەو پەری خۆی. ئیسرائیل نەسروڵڵای لە پەناگە پارێزراوەکەی خۆیدا کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی خۆی و چەندین فەرماندەی دیکەی حیزبوڵڵا. عەلی کەرکی فەرماندەی بەشی باشووری حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرۆشان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لەناو کوژراوەکاندا بوون.
زۆری پێنەچوو، دوای هەفتەیەک سوپای ئیسرائیل هاشم سەفیەدین جێگری نەسروڵڵاشی کردە ئامانج و کوشتی. لەکۆتاییدا راپۆرتەکەی ئەکسیۆس بە ئەنجامگیرییە دەگات کە ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنانە بووە هۆی گەرانەوەی هێزو هەیبەتی ئیسرائیل لەناوچەکەدا، ئەو هێزەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر گومانی خرابووە سەر.