نووسەر: د. شوکریا برادۆست سەرچاوە: theconversation.com وەرگێران لە ئینگلیزییەوە: رۆژهەڵات نیوز رووبەرووبوونەوە ١٢ رۆژەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەمانگی ژوئەنی ٢٠٢٥ رەنگە نەبووبێتە شەرێکی تەواوی ناوچەیی، بەڵام دەتوانێ خالی وەرچەرخانی چارەنووسساز بێت، لە دوورەدیمەنی داهاتووی ناوخۆی ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتریش رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ دوژمنی دەرەکی هەبووە، بەڵام هیچ ک ات وەکوو ئێستا لەرووی سەربازی لاواز نەبووەو بەو رادەیە بۆشایی لەناوخۆدا نەبووەو بەو رادەیەش نامۆ لەگەڵ خەڵکی خۆی نەبووە. بەپێچەوانەی شەڕی ئێران و عێراق لە دەیەی هەشتای زائینیدا، حکومەت پشتیوانییەکی ئەوتۆی ناوخۆیی نیە. ئەگەرچی بەدەستهێنانی ئامار لەئێران ئەستەمە، بەڵام نەبوونی رێپێوانی پشتگیری گەورەو هەبوونی نارەزایی گشتی لەپێش شەڕەکەو هەبوونی سەرکوتی زۆرتر لەجاران ئاماژەن بە نەبوونی ئەو پشتیوانییە. وەکوو توێژەرێک لەبواری گروپە ئەتنیکییەکان لەناوخۆی ئێران، دەزانم کە زۆربەی ئێرانییەکان و بەتایبەت ئەوانەی بەدرێژایی مێژوو پەراوێز خراون، ئەو شەڕەیان بە شەڕی پاراستنی ئێران نازانن، بەڵکوو بە دەرەنجامی سیاسەتی سەرەرۆیی و ئایدیۆلۆژی حکومەت و سیاسەتی بەکارهێنانی پرۆکسییە ناوچەییەکان دەزانن. ئەو دۆخە کۆماری ئیسلامی وا لێکردووە، لەدوای شۆرشی ١٣٥٧ هیچکات وەکوو ئێستا لاواز نەبووە. لاوازبوونی هێزی رەق و نەرم پێویستە چاوێک بخشێنین و بزانین کە ئێران لە دەرەنجامی ئەو هێرشانەی کرایە سەر، چ زیانێکی بەرکەوتووە. هێزی نەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێشتر لەسەر بنەمای رەوایی شۆرشگێرانە، بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژی شیعی و بانگەشەی دژە رۆژئاوایی وەستابوو، ئێستا تەواو لاواز و بێکاریگەر بووە. کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین دەیە لەسەر بنەمای گێرانەوەیەک هێزی وەردەگرت: ئەوەیکە تەنیا دەوڵەتێکە بە بوێرییەوە لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل وەستاوەتەوە، بەرگری لە بەهاکانی موسوڵمانەکان دەکات و رێبەری مەعنەوی جیهانی ئیسلامیشی لەبەر دەستدایە. ئەو وێنا و گێرانەوەیە لەرێگەی میدیا دەوڵەتییەکان، پرۆکسییەکانی و بانگەشەکەرە مەزهەبییەکان بڵاودەکرایەوە، ئەوەش وایدەکرد حکومەتی ئێران پاساو بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە، خەرجکردنی بودجەیەکی زۆری سەربازی و هاوکات میلیشیا ناوچەییەکانی بهێنێتەوە. بەڵام ئەو گێرانەوەیە، کاریگەری جارانی نەماوە. رێبەرانی ئێران ناتوانن مانۆر لەسەر یەکگرتوویی لەناوخۆ بدەن، ناشتوانن وەکوو جاران ترس بڵاوبکەنەوە. تەنانەت پشتیوانییەکانیان لە کۆمەڵگە شیعییەکانی لوبنان، عێراق و یەمەنیش هەتا رادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە. لەناوخۆی ئێرانیش، بانگەشەکردن بۆ بەدوژمن ناساندنی ئیسرائیلیش کاریگەری جارانی نەماوە. بەتایبەت لەنێوان گەنجەکان کە زۆرتر خۆیان لە بزاڤە مافی مرۆڤییەکاندا دەبیننەوە، نەک لەگەڵ دروشم و بانگەشە حکومەتییەکان. هاوکات زۆر روونە کە هێزی رەقی ئێرانیش لاواز بووە، کوژرانی فەرماندە پڵە باڵاکان و لەناوچوونی ژێرخانە گرنگە سەربازییەکان دەریدەخات کە هێزی هەواڵگری و ئەمنی و سەربازی ئێران زیانێکی یەکجار زۆری بەر کەوتووە. تەنانەت بەر لە هێرشی ئیسرائیلیش ژمارەیەک راپۆرت دەریانخستبوو کە سوپای ئێران لە لاوازترین دۆخی خۆیدا لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا بووە. بەڵام ئەوەی لەهەموو شتێک گرنگتر ئەوە بوو، لەهێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران نابێ تەنیا ئاستی داڕمان و زیانەکان لەبەرچاو بگرین، بەڵکوو دەبێ ئەو نفوزە لەبەرچاو بگرین کە ئیسرائیل لە بەرزترین ئاستی سوپا و ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئێراندا کردوویەتی. هەربۆیە شکستەکە تەنیا سەربازیی نەبوو، بەڵکوو شکستی ئەمنییەتی و هەواڵگریش بوو. شکست لەدەرەوەو سەرلێشێواوی لەناوخۆ لەکاتێکدا هێزی ناوچەیی ئێران لەلاوازی داوە، حکومەت وەکوو جاران کۆنترۆڵی لەناوخۆشدا کەمبووەتەوە. راپرسییەک لەلایەن وەزارەتی کەڵتووری ئێران لەساڵی ٢٠٢٤ دەریدەخات، نارەزاییەتی بەرفراوان لە نێو خەڵکدا هەیە، بەشێوەیەک کە ٩٠ لەسەدی خەڵک لەدۆخی ئێستای وڵات نارازین. لە هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤-یشدا تەنیا کەمتر لە ٤٠ لەسەد دەنگیان دا، ئەوەش نارەزاییەتیی خەڵکی لە پرۆسەی سیاسی ئێران دەردەخست. راپۆرتەکان لەناوخۆ دەریدەخەن، زۆرینەی ئێرانییەکان، سیاسەتەکانی حکومەت بەهۆکاری سەرەکی ئەو شەڕە دەزانن. هاووڵاتییەکی شاری رەشت بە هەواڵدەری رۆیتێرزی وتووە:" من حکومەتی ئێران بەهۆکاری سەرەکی ئەو شەڕە دەزانم، سیاسەتەکانیان شەڕ و ماڵوێرانی بۆ ئێمە هێناوە." حکومەتیش لەوەڵامدا، شێوە باوەکەی خۆی بەکاردەهێنێت، ئەویش سەرکوتکردنە. بەپێی زانیاریی میدیاکانی نزیک لە حکومەت لەکاتی شەڕەکەو رۆژانی دواییش ٧٠٠ کەس دەستبەسەر کراون، هەمووشیان تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ناوەندی هەواڵگری ئیسرائیل-مووسادیان لێدراوە. هەر وەکوو سەرکوتکردنەکانی پێشوو، ئەمجارەش ناوچەی کەمینەکان و بەتایبەت کوردستان کراوەتە ئامانج. تەنیا رۆژێک دوای ئاگربەستە کەگەڵ ئیسرائیل، حکومەت سێ کۆڵبەری کوردی بەهەمان تۆمەت لەسێدارە دا. هەموو ئەو لەسێدارەدانانە بەبێ بەرێوەچوونی دادگا یان هەبوونی پارێزەربووە، ئەوەش ئامرازی هەمیشەیی حکومەتی ئێرانە، هەر کاتێک حکومەت هەست بە مەترسی دەکات، سەرەتا پەلاماری کوردەکان دەدات. نموونە مێژووییەکانی سەرکوتکردن بەپێی بەراوردەکان ژمارەی کوردەکانی ناو ئێران ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن کەسن، کە دەکاتە ١٢ بۆ ١٥ لەسەدەی سەرجەم دانیشتووانی ئێران. ئەوەش وایکردووە کوردەکان دوای فارس و ئازەرییەکان گەورەترین گروپی ئەتنیکی ئێران بن، لەناو ئێراندا کەمینەیەکی بەلووچ و عەرەبیش هەن. لەکاتی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی لەساڵی ١٣٥٧، زۆرینەی ئەتنیکەکان پشتیوانیان لێکرد، ئەوان بەو هیوایە بوون ئێرانی دوای سەڵتەنەتی خۆسەپێنی شا، ئێرانێکی دیموکراتیکتر و بەرفراوانتر بێت. بەڵام ئەو هیوایە هەر زوو نەما. ئایەتوڵڵا روحوڵڵا خومەینی فرەیی رەتکردەوەو بانگەشەی بۆ ئایدیۆلۆژی ئیسلامی شیعی لەسەر بنەمای شوناسی فارسی کرد و گروپەکانی غەیرە فارسی و غەیرە شیعە خستە پەراوێزەوە. بەگومانەوە سەیری ئەتنیکەکان کرا، لەکاتێکدا ئازەرییە شیعەکان لەناو سیستەمدا توانەوە. خومەینی بەرامبەر بەرگری کوردەکان فەتوای جیهادی راگەیاند، ئەوانی وەکوو کافر، جیاییخواز و سەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا ناوی بردن. حکومەت بە کەڵک وەرگرتن لە چەکە پێشکەوتووەکانی سەردەمی شای پەهلەوی، هێرشێکی سەربازی بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد. زۆربەی گوند و شارەکانی کوردستانی وێران کرد، لەنێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ هەتا ١٣٦٧ نزیکەی ٥٠ هەزار کوردی کوشت. ئەو ناوچەیە بووەتە ناوچەییەکی میلیتاریزەکراو و تاکوو ئێستاش هەر بەردەوامە. ئۆپەراسیۆن لەدژی کوردەکان دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق لەهاوینی ١٣٦٧، حکومەت تووشی قەیرانی ئابووری و لاوازی هێزی سەربازی ببوو، هەربۆیە لە راپەرینەکان لەناوخۆ دەترسا. بەڵام لەجێگەی ریفۆرمی سیاسیی، هات و گەورەترین و بێ بزەییانەترین سەرکوتی لەمێژووی خۆیدا ئەنجامدا. خومەینی بە فەتواییەک فەرمای لەسێدارەدانی زیندانییە سیاسییەکان و لەنێویشیاندا دژبەرە کوردەکانی دەرکرد. لەدوو مانگی هاوینی ١٣٦٧، چەندین هەزار کەس و زۆربەیان بەبێ ئەوەی دادگایی کرابن، لەسێدارە دران. بەپێی راپۆرتی رێکخراوەی لێبوردنی گشتی لانیکەم ٥ هەزار کەس کوژراون و لەناو گۆری بەکۆمەڵی بێ ناسنامە شاردراونەتەوە. خومەینی ئەوانی بە موحاریب، شەڕکەر لەدژی خوا ناو بردبوو، تەنانەت رەخنەی لە دادگاکانی ئینقلابی ئەوکات گرت، کە بۆچی زووتر لەسێدارەی نەداون. ئەو هەنگاوانە دەریخست کە حکومەت پێداگرە لەسەر ئەوەی هەموو دژبەرەکانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەما یاسایی و مافی مرۆڤییەکان لەناو ببات. لە ساڵانی دواییشدا، حکومەت بەشێوەی سیستماتیک رێبەرانی کورد و دژبەرەکانی دیکەشی لەدەرەوەی وڵات تیرۆر کرد. لەناوبردنی سیستماتیکی رێبەرانی کورد، لەگەڵ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بەندکراوانی سیاسیی، پیلانێکی ستراتیژی حکومەت بوو، بۆ ئەوەی رێگری لە سەرهەڵدانی هەرجۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی رێکخراو بکات، بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە حکومەتی خۆی بدات. قەیرانێکی نوێ، رێکارێکی دووپاتە وا هەست دەکرێت، کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا هەمان پیلان و رێکاری رابردوو پێرەو دەکات، بەڵام لەدۆخێکی زۆر لاوازتر لەرابردوو. بەپێی ئەو قەیرانانەی ئێستا هەن، رەنگە پرسیارێک ئەوە بێت کە بۆچی لەئێستادا نارەزایی بەرفراوانتر، بەتایبەت لەناوچەی کەمینەکان نابینرێت. بۆ زۆربەی کەس، وەڵامەکە خۆی لەو ترسەدا شاردووەتەوە کە لەداهاتوودا هەیە. زۆربەی کوردەکان لەراپەرینەکانی پێشوو، بەتایبەت لە راپەرینی ژن ژیان ئازادی لەساڵی ٢٠٢٢ فێری ئەو وانەیە بوونە، کاتێک دەبنە پێشەنگی نارەزاییەکان، رووبەرووی تووندترین سەرکوتکردن دەبن. زیاتر لە ٥٦ لەسەدی کوژراوانی خۆپێشاندانەکان کوردەکان بوونە. لەهەمان کاتدا، ئۆپۆزسیۆنی سەراسەریش وەکوو پەرشوبڵاو و بێ رێبەرین، هەم لەرووی ئەتنیکییەوەو هەمیش لەرووی ئامانجە سیاسییەکان. گروپە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشێوەی سوننەتی خۆیان لە بەفەرمی ناساندنی مافی ئەتنیکەکان دەدزنەوە، چ ئەوەی بیانەوێت لەدوورەدیمەنی داهاتووی ئێراندا بیگونجێنن. ئەوان لەسەر یەکپارچەیی وەکوو پێشمەرجی هەر جۆرە گفتوگۆیەک پێداگرن، بۆچوونێک کە هەمان وێژمانی کۆماری ئیسلامییە. ئەوە یەکێک لە میراتە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بانگەشەکانیان رای گشتی ناوخۆی دروستکردووە، هاوکات کاریگەری لەسەر ئۆپۆزسیۆن داناوەو ئێرانییەکانی لەناوخۆ و دەرەوە پەرشوبڵاو کردووە. کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە گروپی ئەتنیکی زاڵی لەدژی ئەتنیکەکانی دیکە هان داوەو ئەوان وەکوو دوژمنی ناوخۆیی پێناسە دەکات.