17 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئایا جووەکان داگیرکەرن یان عەرەب؟

ئایا جووەکان داگیرکەرن یان عەرەب؟
23 . ڕەزبەر . 2723

لەم ڕۆژانەدا کە دەچیتە سەر سۆشیال میدیا، بابەتی عەرەب و جووەکان بووە بە باتێکی گەرم و هەر یەکە ئەوی تر تاوانبار دەکات. زۆر جار هەوڵ دەدرێت مێژوو بەکاربهێنرێت بۆ پشتگیری کردن لە لایەنێکی ئەم جەنگە ناشرینە. تەنانەت میا خەلیفە کە ئەکتەری بنەچە لوبنانی و موسوڵمانی عەرەبی فیلمە سێکسیەکانە، خەریکە مێژوو وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ داکۆکی کردن لە حەماس و دەڵێت دەوڵەتی ئیسرائیل نوێیە و هی سەدەی بیستەمە بەڵام فەلەستین کۆنترین دەوڵەتە. جا با بزانین لە دەرەوەی ئەو ژاوەژاوەدا بە کورتی ئەم وڵاتەی ئیسرائیل هی کێ بووە و ئەم کێشەیە چۆن دروست بووە.
یەکەم جار نزیکی ٣٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەسەر تاتەبەردێکی میسری، ناوی ئیسرائیل هاتووە. ناوهێنانی بەشێوەیەکی کورت هاتووە و بووە بە مایەی مشتومڕ لە نێوان توێژەراندا. هەندێک دەڵێن ئیسرائیلیەکان لە هەناوی کەنعانیەکانەوە دروست بوون و دواتر جیابوونەتەوە وهەندێکی تر دەڵێن لە بنەچەدا خەڵکی ئەوێ نەبوون و ئەو سەردەمە هاتوونەتە ئەو وڵاتە. بەڵام ٢٩٠٠ ساڵ لەمەوبەر، شانشینی باکوری ئیسرائیل بەڵگەی ڕوونی لەسەرە. ئەم دەوڵەتە لەلایەن ئاشوریەکانەوە لە ٧٢٠ پ.ز هێرشیان کرایە سەر و دواتریش هێرشیان کردە سەر شانشینی باشوری ئیسرائیل. تەورات ئاماژە بە ڕاگوێزانی ئەو جووانە دەکات لەلایەن ئاشوریەکانەوە لە ئیسرائیلەوە بۆ شارەکانی وەک پێشخاپور (فیشخاپور) و شارە مادیەکان (کوردیەکان).
دواتر لە ٥٨٧ پ.ز دا پاشای بابل، نەبوخودنەسریش هێرشی کردە سەر جووەکان و پەرستگەی سلێمانی جووەکانی وێران کرد و زۆریانی ڕاگوێز کرد بۆ بابل و شارەکانی تر. لە ڕاستیدا گۆڕی ئەو پێغەمبەرانەی کە ئەمڕۆ لە عێراقدان، بەرهەمی ئەو ڕاگوێزانەن. واتە ئەو گۆڕانەی کە ئەمڕۆ موسوڵمان لە عیراقدا سەردانی دەکەن، هەمووی گۆڕی جووە ڕاگوێزراوەکانن. بۆ نموونە پێغەمبەر دانێڵ لە کەرکوک، پێغەمبەر یونس لە موسڵ، ناحوم لە ئەلقۆش و عیزەکێل لە حلە. لە ڕاستیدا جووەکان لە کوردستان هێندە زۆر بوون، لە سەردەمی عەباسیدا لە ئامێدی شۆڕشێکیان بەرپا کرد لە ژێر سەرکردایەتی کەسایەتیەکی ئاینیدا بە ناوی داود، ئامانجی گەڕانەوە بوو بۆ ئیسرائیل. دواتر شۆڕشەکە تێکشکێنرا و سەرکردەکەی کوژرا. ئەو جووانەی کوردستان، هەندێکیان ئەو جوانە بوون کە هێنرابوون و هەندێکی تریان ئەو خەڵکە کوردانە بوون کە بوو بوونە جوو. لە تەواوی مێژووی جوودا، لە قۆناغێکدا تەنها لە کوردستان ڕێدراوە کە خەڵک ببێتە جوو . هەر لەبەر ئەمە یەکەم مامۆستای ئاینی ژن لە مێژووی ئاینی جودا، ژنێکی جووی کوردە بە ناوئ ئەسێناس بەرزانی (١٥٩٠-١٦٧٠) کە لە موسڵ ژیاوە (ئەم بابەتە لە پەرتووکە نوێکەمدا بە ووردی خراوەتە ڕوو).
کاتێک کە لە ساڵی ٥٣٩ پ.ز دا فارسەکان بابلیان گرت، ئەوان ڕێیان دا کە جووە ڕاگوێزراوەکان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان لە ئیسرائیل. لە سەدەکانی چوارەم و پێنجەمی پ.ز، فارسەکان حوکمی ئەو ناوچەیەیان دەکرد لە ژێر ناوی وڵاتی یەهود. دواتر لە سەدەی چوارەمدا کە ئەلێکسەندەر ناوچەکەی گرت، وڵاتی جوو کەوتە ژێر دەستی یۆنانیەکان و جووەکان لەوێدا وەک زۆر نەتەوەی ڕۆژهەڵات بوونە ژێردەستی یۆنانیەکان و لە سەدەی دووهەمی پ.ز دا ووردە ووردە دەسەڵاتی یۆنانی کز بوو و جووەکان بوونە نیمچە سەربەخۆ و دواتر سەربەخۆی تەواو.
دواتر لە سەدەی یەکەمی پ.ز دا ڕۆمەکان ڕوویان کردە ناوچەکە و وڵاتی ئیسرائیلیان گرت و کردیانە دەڤەری ڕۆمی جوودیا (جوو) (Roman province of Judaea). بەو جۆرە وڵاتی جوو کەوتە ژێردەستی ڕۆمەکان. بەڵام لە سەدەی یەکەمی زاینیدا بە هاوکاری کوردە هەزەبانیەکان ئەوان ویستیان ڕۆم دەربکەن و لەگەڵ دەوڵەتی هەزەباندا ببنە یەک و پادشای کوردی هەزەبانی ببێت بە پادشای جوو. لەو جەنگەدا جووەکان و کوردە هەزەبانیەکان شکان. هەموو دیلە جووەکان کوژران و میرە کوردە هەزەبانیەکان برانەوە بۆ ڕۆم وەک دیلی دەوڵەتی ڕۆم (ئەم بابەتە لە پەرتووکە نوێکەمدا بە ووردی خراوەتە ڕوو).
هەوڵی جووەکان بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی ڕۆم بەردەوام بوو. لە سەدەی دووەمی زاینیدا جووەکان دیسان دژی ڕۆم هەستان و خۆیان ڕزگار کرد و بۆ ماوەیەکیش سەربەخۆ بوون، دواتر ڕۆمەکان سوپایەکی گەورەیان هێناو ئەوانیان شکاند. ئەوە بووە هۆی ڕاگوێزانی ژمارەیەکی زۆری جوو، بەتایبەت لە شاری ئۆرشەلیم (قودس).
شانبەشانی گۆڕینی ئاینی دەوڵەتی ڕۆم بۆ ئاینی کریستیان، یاساکانی ئەو دەوڵەتە دژی جوو دەردەکران، لەبەر ئەوەی کە لە ناو کریستیانەکان باوە کە جووەکان تۆمەت بار دەکەن بە کوشتنی عیسا. ئەوەش وایکرد کە ژمارەیەکی زۆری جوو وڵاتەکەیان بەجێبهێڵێن و ڕوو بکەن هەندەران و هەندێکیش ئاینەکەیان گۆڕی. دەبێت ئەوە بزانرێت کە کریستیانەکان دژایەتی جووەکانیان کردووە بە تایبەت لە دوای ئەوەی کە ئاینەکە بوو بە ئاینی دەوڵەتی ڕۆم.
لە ساڵی ٦١٤ زاینیدا ساسانیەکان بۆ ماوەیەکی کورت ئەو ناوچەیەیان گرت و جووەکان جارێکی تر دەسەڵاتیان وەرگرتەوە. بەڵام ڕۆمەکان لە ساڵی ٦٢٨ ناوچەکەیان گرتەوە. دەبێت ئەوە بزانرێت کە لە کاتێکدا جووەکان کۆنترین پەرستگەی ئاینیان لە شاری قودس هەیە، کریستیانەکانیش لە سەدەی یەکەمی زاینیەوە ئەو شارە بوو بە شارێکی پیرۆز لایان، لەبەر ئەوەی کە کۆنترین کڵێسای تێدایە، بەڵام بە دڵنیایی کڵێسای کریستیانەکان زۆر نوێترە لە پەرستگەری جووەکان.
لە ٦٤١ موسوڵمانەکان ناوچەکەیان گرت و ناوچەکە هەر سەردەمەی بەدەست خەلیفەیەکەوە بوو، لەوانە ئەمەوی و عەباسی و فاتمی و دواتر چووە دەست سەلجوقی و ئەیوبی کوردەوە. لە سەردەمی دەوڵەتی ئەیوبی کوریدا کە موسوڵمان بوون، میرێکی هەزەبانی کورد کرا بە والی شاری ئورشەلیم و لە ژێر بالی ئەیوبیەکاندا، جووەکان و کریستیانەکان بەشێوەیەکی باش مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. لە سەردەمی ئیسلامدا، عەرەبەکان بەشێوەیەکی گەورە ڕوویان کردۆتە ئەو ناوچەیە و ژمارەیان زیادی کردووە لە کاتێکدا کە جووەکان ژمارەیان جارێکی تر کەمی کردووە. ئەوەش بەهۆی کۆچ و گۆڕینی ئاینەوە.
جووەکان و خاکەکەیان لەژێر دەستی عوسمانیدا مایەوە هەتاوەکو سەدەی بیستەم. لە کاتێکدا سەدان هەزار جوو بە درێژایی مێژوو ئەو وڵاتەیان بەجێهشیتبوو، ئەوان وەک خەوێک هەمیشە بەشێکی زۆریان ئاواتیان گەڕانەوە بووە بۆ خاکی خۆیان کە ئەوان بە پیرۆزی دادەنێن. بۆ نموونە، وەک ئەوەی کە پێشتر ئاماژەی پێکرا، لە کوردستاندا لە سەردەمی عەباسیدا شۆڕشێکی جووەکان هەڵگیرسا بۆ ئەو مەبەستە. بەو شێوەیە گەڕانەوەی جووەکان بۆ ئیسرائیل هەمیشە ڕوویداوە، هەرچەندیشە ژمارەکەی زۆر نەبووە.
لە ساڵی ١٨٩٤ بزووتنەی زایۆنیست لە ئەوروپا دەستیپێکرد. هۆکاری ناونانی بە (زایۆن) دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە تەوراتدا شاری ئورشەلیم و خاکی ئیسرائیل بە زایۆن ناوی هاتووە. ئامانجی بزووتنەوەکە دروستکردنەوەی دەوڵەتی جوو بوو. لەبەر ئەوە بزووتنەوەکە هەوڵی دەدا کە جووەکان بگەڕێننەوە بۆ خاکی باوباپیرانیان. لە نێوان ١٩٠٤ بۆ ١٩١٤ نزیکەی چل هەزار جوو گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل. لە دوای ١٩١٧ ناوچەکە کەوتە دەستی بەریتانی و فەرەنسیەکان و وڵاتی ئیسرائیل کەوتە ژێر دەستی بەریتانیەکان. گەڕانەوەی جووەکان بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام بوو. لە ١٩١٩ بۆ ١٩٢٣ نزیکەی سەد هەزار جووە گەڕانەوە ئەو وڵاتە. بەهۆی بەهێزبوونی نازیەکان لە ئەوروپا، نزیکەی چارەکە ملیۆنێک جوو گەڕانەوە ئەو وڵاتە و ئەوە بووە هۆی شەڕ لە نێوان عەرەب و جووەکاندا لە نێوان ساڵی ١٩٣٦-١٩٣٩. کە ئەوە بزووتنەوەی چەکداری جوەکانیش تێیدا بەشدار بوون و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە عەرەب و جوو و بەریتانیەکانیش کوژران.
بە ئامانجی وەستانی ئاژاوە، بەریتانیەکان لە ساڵی ١٩٣٩ ڕێسایەکیان دەرکرد بۆ ڕاگرتنی گەڕانەوەی جووەکان، بەڵام بەهۆی کەشوهەوای جەنگی جیهانی دووەم، جووەکان بەردەوام بوون لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکە. ئەوە بووە هۆی زیادبوونەوەی ژمارەی جوو لەو وڵاتەدا. بەریتانیەکان دوای جەنگی جیهانی دووەم کەوتبوونە نێوان بزووتنەوەی پارتیزانی جووەکان و عەرەبەکان. بەتایبەت بزووتنەوەی چەکداری جووەکان گورزی بەهێزیان لە بەریتانیەکان دەدا. بۆ نموونە یەکێک لە کەسایەتیە بەناوبانگەکانی ئیسرائیل لاوێكی جووی کوردە، بە ناوی مۆشێ بەرزانی. ئەو لاوە لەژێر دەسەلاتی ئنگلیزدا لە بزووتنەوەیەکی نهێنیدا بوو، دواتر دەستگیرکرا، بەڵام لە زینداندا ڕومانەی بۆ برا و ئەو لەگەڵ لاوێکی تری جوودا خۆیان تەقاندەوە. بۆ ئەو سەردەمە ئەو کارەی مۆشێ گەورەترین شێوەی گیانفیداکاری بوو بۆ جووەکان و چیرۆکی ئەو لاوە لە ناو جووەکاندا زانراوە. سەرۆکی ئیسرائیل مەناحیم بێگن پێش مردنی وەسێتی کرد کە لە تەنیشت گۆڕی مۆشێ بەرزانی و هاوەڵەکەیەوە بنێژرێت و وەسێتەکەی لە ساڵی ١٩٩٢ دا جێبەجێ کرا. دایکوباوکی مۆشێ بەرزانی، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە کوردستانەوە گەڕابوونەوە بۆ ئیسرائیل.
بۆ ڕاگرتنی کێشە و ئاژاوەکان، لە ساڵی ١٩٤٧ دا خاکەکە لە نێوان دەوڵەتێکی جوو و دەوڵەتێکی عەرەبی دابەشکرا. بەریتانیەکان لە ساڵی ١٩٤٨ دا ئەو ناوچەیەیان بەجێهشێت، بەڵام لەو ڕۆژەوە جەنگ لە نێوان عەرەب و جووەکاندا دەستیپێکردووە. بەهۆی دەسەڵاتی ئابووری گەورەی جووەکانەوە، ئەوان توانیویانە ڕووبەڕی خاکەکەیان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بکەن. لە ساڵی ١٩٤٨ دا سوپای عێراق، سوریا، ئوردون و میسر، لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل کەوتنە شەڕ. دوای ساڵێک لە شەڕ، ئەمجا ڕێکەوتن کرا. بەو جۆرە بەشێک لە خاکی عەرەبەکان ناونرا کەناری ڕۆژئاوا (زیفەی غەربی) و کە زیاتر لەژێر کۆنترۆلی ئوردونیەکاند بوو، بەشەکەی تری (غەزە) و ئەوەش کەوتە ژێر دەستی میسریەکان، لەبەر ئەوەی کە سنووری لەگەڵ ئەواندا بوو.
لە ١٩٤٠ تا ١٩٥٠ کەمپەینی گەڕانەوەی جوو دەستیپێکرد. هەندێک گوند لە کوردستان، خەڵکەکەی بە تەواوی جوو بوون. شارۆچکەیەکی وەک زاخۆ، ژمارەیەکی بەرچاوی جووی تێدا بوو. ئەوان شانبەشانی هەزارن جووی تر لە جیهاندا، زۆرینەیان گەڕانەوە و کۆمەڵگەیەکی کوردی گەورەیان لە ئیسرائیل دروست کرد. ئەمڕۆ یەکێک لە گەورەترینیان کۆمەڵگە کوردیەکان، جووە زاخۆییەکانن. گەڕانەوەی گەورەی جوو لە جیهانەوە بۆ ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو هەتاوەکو ساڵی حەفتاکان بەردەوام بوو. لەو ڕۆژەوە عەرەبەکان لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیاندان. لە ساڵی ١٩٦٧ دا دەوڵەتە عەرەبیەکان جەنگێکی شەش ڕۆژیان لەگەڵ ئیسرائیلدا کرد، کە بەشێوەیکی زۆر خراپ تێکشکان و لە ئەنجامدا کەناری ڕۆژئاوا لە ئوردن سێنرا، غەزە و بیابانی سینا لە میسر و جۆلان لە سوریا سەنرا و جووەکان لەو شەڕەدا زۆر سەرکەوتوو بوون. لە ساڵی ١٩٦٤ وە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین (منظمة تحریر فلسطین) دامەزرا کە هاوکاریەکی زۆری لە وڵاتە عەرەبیەکان وەردەگرت و کەوتنە دژایەتیکردنی ئەو دەوڵەتە.
لەو ساتەوە ئیسرائیل لەگەڵ ئوردن و میسردا پەیوەندیەکی باشی دروست کردووە و هەندێک لەو خاکەی کە ئیسرائیل لە میسری لە جەنگدا گرتبوو، لە ئەنجامی ڕێکەوتندا گەڕاندیەوە بۆ میسر. ئەمڕۆ ئیسرائیل لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتە عەرەبیەکان بەرژەوەندیەکی هاوبەشیان هەیە، بەڵام سوریا دژیەتی. بەتایبەت کە خاکی جۆلانی سوریا کەوتۆتە دەست دەوڵەتی ئیسرائیلەوە. ئەمڕۆ ناوچەکە کەوتۆتە دوو بەرەوە و فەلەستینیەکانش بە هەمان شێوە. بەشی گەورەی خاکی فەلەستین کە لەژێر دەستی دەسەڵاتی فەلەسینیدایە، سەر بە بەرەی ڕۆژئاوا، ئوردن، میسر، سعودیە و هاوپەیمانەکانیەتی. لە کاتێکدا کە غەزە، بەشەکەی نزیک میسرە، سەر بە ئێران، سوریا، ڕوسیا و هاوپەیمانەکانیەتی. بەشێک لەم شەڕەی کە ئەمڕۆ دەکرێت، جەنگی لەبری ئەو دووبەرەیەیە. لەبەر ئەوە کێشەی فەلەستین بووە بە بەشێک لە کێشەی ئەو دووبەرەی جەنگە کە ئەمڕۆ جەنگەکەیان بە تەواوی خەستبووەتەوە.
ئەنجام
وەک مێژوو، کۆنترین نەتەوە کە مابێت لە ئیسرائیل، جووەکانن و خاکی ئیسرائیل مێژووەکەی زۆر دێرینەو خەڵکی جوو، کۆنترین نەتەوەن کە مابێتن و لەوێدا ناویان هاتبێت و وڵاتیان بە ناوی خۆیانەوە هەبووبێت. زۆرینەی عەرەبەکان لەگەڵ سوپای ئیسلامدا هاتوونەتەوە ئەو ناوچەیە و بە بنەچە خەڵکی ئەوێ نین. لە کاتێکدا کە نەتەوەی جوو و خاکی ئیسرائیل هەبووە، فەلەستینیش هەر هەبووە، بەڵام فەلەستین هەرگیز بە ناوی عەرەبەوە نەبووە. خەڵکی فەلەستین لە سەرەتای مێژووەوە ئاماژەیان پێکراوە، بەڵام ئەوان عەرەب نەبوون و یەکێک لە خەڵکە جیاوازەکانی ئەو ناوچەیە بوون. هەندێک بۆچوونیش هەیە کە دەڵێت فەلەستینیە دێرینەکان زمانیان لوڤی بووە، کە زمانێکی هیندۆئەوروپیە، بەڵام زیاتر ئەگەری سامی بوونیان هەیە (لە پەرتووکی "کورد کێیە؟" دا فەرهەنگێکی زمانی لوڤی-کوردیم داناوە).
لە دەرەوەی مێژوودا، لە کاتێکدا کە عەرەب چەندین وڵاتی سەربەخۆی خۆی هەیە، جووەکان لەسەر خاکی خۆیانن و ئەوانیش هەقی خۆیانە خاوەنی دەوڵەتێک بن کە لەسەر خاکی مێژوویی خۆیان بێت و خۆیانی تێدا بپارێزن. لە هەمان کاتدا ئەم ئەو دوو نەتەوەیە هەردووکیان مافی ئەوەیان هەیە کە دوو دەوڵەتیان هەبێت لەسەر ئەو خاکەی کە لەسەر دابەشکردنی ڕێکەوتوون. بەداخەوە ئەم بابەتە دەوڵەتانی دەوروبەر بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاریدەهێنن. ئەم کێشەیە بووە بە بابەتێک کە بازرگانی پێوە دەکرێت و ئاین و سیاسەت لە بابەتەکدا تێکەڵ دەکرێت. چارەسەری کۆتایی، دامەزراندنی دوو دەوڵەتی جوو و عەرەبە فەلەستینیەکانە و کۆتایی هێنانە بەو نەهامەتیەی کە بۆ نزیکی سەدەیەکە بەردەوامە. بە دڵنیایی لەم کێشەیەدا، عەرەبە فەلەستینیەکان قوربانیان زیاتر داوە بەڵام جووەکانیش زیانیان پێگەیشتووە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
- ئامانجی ئەم نووسینە بەرچاو ڕوونیەکی گشتیە و شتەکان بە گشتی نووسراون.
- وێنەکان لە ڕاستەوە پیاوێکی جووە لە ئیسرائیل، وێنەی کۆمەڵێک پیاوی کوردی جووە لە ئیسرائیل کە پەڕاوی ئاینی دەخوێننەوە، وێنەی ژنەکە، وێنەی خەیاڵی ئەسێناس بەرزانیە و ئەوەی تەنیشتیشی وێنەی فۆتۆگرافی مۆشێ بەرزانیە.