1 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

بەزمانی سادە، ئەمریکا چۆن لەدایکبوو

بەزمانی سادە، ئەمریکا چۆن لەدایکبوو
12 . خەزەڵوەر . 2724

نزیکەی چواردە هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح، خەڵکانێک لە باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا چوونە ئەو خاکەی ئێستا ناوی ئەمریکایە. ئەو خەڵکە شارەستانیەتی ئەمریکایان پێکهێنا، خۆشیان بوون بە هۆزگەلێکی جیاواز و وەکوو خۆجێییەکانی ئەمریکا (Native Americans) دەناسرێن. هەموو ئەوانیش وردە وردە بەهۆکاری جیاوازو یەکێک لەوان کەشوهەوا گۆرانکاریان بەسەر ژێنەکانیاندا هات و سەرجەمیان بوونە سوورپێستەکانی ئەمریکا (American Indians). هۆکاری ئەوەیش کە وەکوو هیندی ناویان دەبەن، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەو کاتەی کریستۆڤ کۆلۆمب ئەو خاکەی دۆزیەوەو یەکەمجار ئەو خەڵکەی دیت، وایزانی هیندین.
لەو هێما بەردینانەو بیناکان و هەندێک ئاسەواری دیکە کە دۆزراونەتەوەو ئێستاش بەردەستن، دەردەکەوێت کە خەڵکەکە شارەسانیەتێک گەورەو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی پێشکەوتوویان هەڵبەت بەپێی پێوەرەکانی ئەو کات هەبووە. لەئێستادا ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار سوورپێستی خۆجێی لە ئەمریکا ماون و لە باکووری ئەمریکا دەژین. بەشێکیان کەڵتوورو شێوەژیانی خۆیان پاراستووەو بەشی زۆریشیان وەکوو ئەمریکاییەکانیان لێهاتووەو شێوە ژیانیان تەواو گۆراوە


دۆزینەوەی ئەمریکا
پاشای ئیسپانیا لە ساڵی ١٤٩٢ دەریاوانێکی ناوداری ئیتاڵیایی بەناوی کریستۆف کۆلۆمبی راسپارد، کە رێگەیەک بەرەو هیندوستان بدۆزێتەوە. کۆلۆمب زۆر بەرێکەوت خاکی ئەمریکا دەدۆزێتەوە. لەسەدەی هەفدەیەم شەپۆڵی کۆچی ئورووپاییەکان بەرەو ئەو کیشوەرە نوێیە دەستیپێکرد. یەکەم جاریش ناوی ئەمریکا لە خەریتەی قەشەیەکی ئاڵمانی بەناوی مارتین وێڵزمۆئێر هات، دەگوترێ ناوەکە لە ناوی دەریاوانێک بەناوی ئەمریگۆ وێسپۆچی وەرگیراوە، کە لە گەشتەکانیدا بەو خاکەدا تێپەریوە.
لە وڵاتانی ئیسپانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا، فەرانسە، پورتوگال، سوئێد و روسیا روویان لە ئەمریکا کرد. ئیسپانییەکان زۆرتر لەناوچەی فڵۆریدای ئێستا نیشتەجێ بوون، بەریتانییەکان لەناوچەی ڤێرجینیا مانەوە، فەرانسەوییەکانیش زۆرتر لە باشووری ویلایەتی لوئیزیانا و دەورووبەری رووباری می سی سی پی جێگیربوون، هۆڵەندییەکانیش نیۆئامستەردامیان دروستکرد، کە ئێستا پێی دەڵێن نیۆیۆرک.


کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا
لەنێوان سەرجەم وڵاتانی ئورووپا، تەنیا بەریتانیا توانی لە ویلایەتی ڤیرجینیا و ماساچۆست هێزی ئابووری، سیاسی و کەڵتووری خۆی دروستکرد. ویلایەتی ڤیرجینیا بەهۆی دۆخی کەشوهەوای باش و خاکی بەپیت و دروستکردنی پیشەسازی تووتن و پەمۆ هێزێکی زۆری کۆکردەوە. بەریتانیا تەنانەت لە کیشوەری ئافریقا بەردەو کارەکەری هێنان و ئەوانیش بوونە بەشێک لە ئابووری ئەو وڵاتە.
کۆلۆنیالەکانی بەریتانیا لە باشووری ئەمریکا دەستیپێکرد و گەیشتە ناوچەکانی باکوور کە ئێستا وڵاتی کانادایە. بەو ناوچە کۆلۆنیکراوانە دەگوترا سێزدەوانە (Thirteen Colounes). ئەو ناوچانە بەهۆی نادادپەروەرییەکان و باجی زۆری بەریتانییەکان وەزاڵە هاتبوون و لەئاکامدا لە ساڵی ١٧٧٦ شۆرشیان کرد.


شۆرشی ئەمریکا
بەریتانییەکان بەهۆی هەبوونی بەردەو کارەکەری بێبەرامبەر ئابووری ناوچەکەیان گرتەدەست و باجیان زۆر کرد، بۆ ئەوەی لە شەڕ و بەرفراوانکردنی ئیمپراتۆرییەکەیان خەرجی بکەن. ئەو هەڵسوکەوتەش بازرگان و خەڵکی ئاسایی تووڕە کرد و دەستیان بە نارەزایی دەڕبرین کرد. لەو شۆڕشەدا دەوڵەتانی ئیسپانیا و فەرانسە بەهۆی کێبەرکێیان لەگەڵ بەریتانیا، پشتیوانیان لە راپەریوان دەکرد.
بەمشێوەیە شەڕەکانی سەربەخۆیی ئەمریکا لە ساڵی ١٧٧٥ و بە شەڕی لێگزینگتۆن بە فەرماندەیی جۆرج واشنتن دەستیپێکرد و لەساڵی ١٧٨١ ئەمریکاییەکان لە شەڕی یورکتوان سەرکەوتن و لەساڵی ١٧٨٣ رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان شۆرشگێرە سەرکەوتووەکان و بەریتانیا واژۆ کرا. سێزدە ویلایەتی ئەمریکا لە چوارەمی ژوئەنی ساڵی ١٧٧٦ بەیاننامەی سەربەخۆی ئەمریکا بە فەرمی بڵاوبوویەوەو ئەمریکا بووە وڵاتێکی سەربەخۆ.
رێبەرانی سیاسی بزاڤی سەربەخۆیی لە ئەمریکا کەپێیان دەگوترێ باوکانی دامەزرێنەر (Founding Fathers) رۆڵی سەرەکیان لە واژۆکردنی بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمریکا هەبوو، دوای ئەویش بۆ نووسینەوەی دەستوور (Constitution) هەوڵی زۆریاندا و یەکەم دەوڵەتی ئەمریکایان پێکهێنا. گرنگترینی ئەو رێبەرانە بریتین لە جۆرج واشنتن، تۆماس جفرسۆن، جان ئادامز، بنجامین فرانکڵین و جەیمز مدیسۆن.
یاسای بنەڕەتی یان دەستووری ئەمریکا یەکێک لە کۆنترین دەستوورەکانی جیهانە، تاکوو ئێستا نەگۆراوەو تەنیا هەمووار کراوەتەوەو هەربۆیە ئەو دەستوورە بەشێک لە میراتی نیشتمانی ئەمریکایە.