دەوڵەتی نوێی ئەمریکا جارێکیتر سیاسەتی ئەوپەری گوشاری بۆ سەر ئێران داناوەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە رژێمی گەندەڵ و بێ توانای تاران لەبەردەم گەورەترین لەمپەری مێژوویی خۆیدایە. ئێران لەبواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەقەیران دایە، ئەوەش دەرفەتێکی تایبەتە بۆ گۆرانکارییەکی دیموکراتیک لەو وڵاتە. هەموو رۆژێک سەرجەم ئیدارەو خوێندنگەکانی نیوەی پارێزگاکانی ئێران بەهۆی نەبوونی کارەبا دادەخرێن. کەمی کارەبا ٥٠ لەسەد بەرهەمهێنانی نیشتمانی کەمکردووە. کارناسان زەنگی مەترسیان لێداوەو دەڵێن دۆخەکە رۆژ لەدوای رۆژ خراپتریش دەبێت. لەگەڵ ئەوەش هەڵاوسان زیادیکردووە، پارەی نیشتمانی دابەزینێکی یەکجار زۆری بەخۆیەوە دیتووەو بەپێی ئاماری خودی مەجلیسی ئێرانیش زیاتر لەنیوەی دانیشتووانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان. چینی ناوەراست لەژێر باری ئەو گوشارانە لەناوچووە. گەندەڵییەکی بەرفراوان، هۆکاری سەرەکی ئەو کێشانەیە. خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵە، دەوڵەت توانایی جێبەجێکردنی سەرەکیترین خزمەتگوزارییەکانی نیە. لەکاتێکدا خەڵکی ئاسایی خەریکی بەرەنگاریکردنن، مافیاکانی پەیوەندیدار بە نووسینگەی رێبەریی و سوپای پاسداران سوودمەندی سەرەکیی ئەو دۆخەن. بۆ زۆرینەی خەڵک، دژواریی دۆخەکە تاقەتپڕووکێنە. بەڵام کێشەکانی خەڵک زۆر زیاتر لە دۆخە ئابوورییەکەن. هەڵاواردن و تووندوتیژی سیستماتیک لەدژی ژنان و کەمینە ئەتنیکی و مەزهەبییەکان، سانسۆری زۆر، ژمارەی زۆری دەستبەسەرکردنەکان، ئەشکەنجەدان، دانپێدانانی زۆرەملێ، کوشتاری نایاسایی و لەسێدارەدانەکان بەشێکن لەژیانی رۆژانەی خەڵک. ئێران تەنیا لەبەردەم داڕمانی ئابووریدا نیە، بەڵکوو لەبەردەم داڕمانی ئەخلاقی و سیاسیش دایە. کەڵەکەبوونی ئەو نارەزایەتیانە لەهاوینی ١٣٩١ بووە هۆی گەورەترین بزوتنەوە لەمێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە کوردستان سەریهەڵدا، بەخێرایی بەهەموو وڵاتدا بڵاوبوویەوە. رژێم ئامادە نەبوو گوێ لەداوای خەڵکەکە بگرێت و بەشێوەیەکی وەحشیانە هەوڵیدا سەرکوتی بکات. زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران، چەند هەزار کەس چاوەکانیان لەدەستدا یان بڕیندار کران، لەسێدارەدانیش تاکوو ئێستا بەردەوامە. لەگەڵ هەموو ئەو سەرکووتکردنانە، بەڵام ئەو بزوتنەوەیە خاڵە لاوازەکانی رژێمی دەرخست. لەگەڵ ئەوەش، ئەوە تەنیا دۆخی ئێستای ئێران بە تەواوی دەرناخات. کۆماری ئیسلامی هیچ کات وەکوو ئێستا لاواز نەبووە. زۆر لەمێژە رەوایەتییەکەی لەناوخۆ هەڵپرووکاوە، بەڵام ئێستا هەژموونییەکەی لەئاستی جیهانیشدا خەریکە لەناو دەچێت. شکستە سیاسییە دەرەکییەکانی، شکستی پرۆکسییە ناوچەییەکانی و رووخانی دیکتاتۆری سوریە و یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانییەکانی دەرخەری ئەو دوورە پەرێزییەی ئەو وڵاتەیە. هەڵبژاردنی سەرۆکی ترەمپ و هیواکانی بۆ کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ نەرمینواندنی ئەمریکا بەرامبەر رژێمی ئێران زیادکردووە. لەراستیدا، دەوڵەتی ترەمپ شێوازێکی نوێی بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران لە ئەمریکا، رۆژهەڵاتی ناوەراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووەتەبەر. وەکوو کەسێک کە لەنزیکەوە لەگەڵ چاڵاکوانان و تۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ و دەرەوە لە پەیوەندیدام، دەتوانم بە متمانەوە بڵێم: دۆخی وڵات ناجێگیرە. پێتان سەیر نەبێت، بەیانی کە لەخەو هەستان، شەپۆلێکی نوێی خۆپێشاندانەکان دەستپێبکاتەوە. ئێران بەرمیلی بارووتە، چەخماخێک دەتانوێ تەقینەوەیەکی سیاسی لێبکەوێتەوە. ئایا ئەو قەیرانەی ئێران، پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەیە؟ بێگومان هەیەتی. بەڵام ئەوە بەمانای دەستتێوەردانی سەربازی نیە. ئێمە داوا لەخەڵکی ئەمریکا ناکەین، شەڕ بۆ ئێمە بکەن، داواش لە سوپای ئەمریکا ناکەین، پێ لەناو خاکی ئێران دابنێن. ئێمە بۆ ئازادی، شکۆ و مافی مرۆڤ خەبات دەکەین. ئەوەی کە ئێمە داوا دەکەین کە بەشێوەیەک پشتیوانی لەداهاتووی ئێران بکرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندی و بەهاکانی ئەمریکا هاوتەریب بێت. ئێمە وڵاتێکمان دەوێ کە لەجێگەی ناسەقامگیری لەناوچە، لەپێناو ئاشتی و ئەمنییەتدا هاوکاری دراوسێکانی بکات. وڵاتێک کە خەڵکەکەی خۆی لەپێش سەرەرۆییە ئەتۆمییەکانی دابنێت، رێگە بە فیڕۆدانی سەدان میلیار دۆلار لەپێناو هەژموونیخوازییە ناوچەییەکانی نادات، لەکاتێکدا خۆشبژێوی لەبەرچاو ناگرێت. ئێمە ئێرانێکمان بۆ داهاتوو دەوێ کە رێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت، ئازادی رادەربرین و مەزهەب لەبەرچاو دەگرێت و مافی کوردەکان و ئەتنیکییەکانی دیکە لە یاسایی بنەڕەتیدا دەگونجێنێت. ئێمە بەدوای وڵاتێکداین کە دژایەتیی ئەمریکا ناکات و پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەموو جیهان دەوێت. گەیشتن بەو ئێرانە تەنیا خەون نیە، بە تەواوەتی موومکینە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرفەتێکی دگمەنی لەبەردەم دایە، بۆ ئەوەی لە لای راستی مێژوو بوەستێت. پشتیوانیکردن لە بەها دیموکراتییەکانی خەڵکی ئێران کە هاوتەریبی بەرژەوەندیی و بەها ستراتیژییەکانی ئەمریکایە. کاتی ئەوە هاتووە، دەوڵەتی ئەمریکا، کۆنگرە، راگەیاندنەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵوێستیان هەبێت. ئێرانێکی ئازاد، ئاشتیخواز و دیموکراتیک لەبەردەستدایە. بەڵام بۆ گەیشتن بەوە پێویستیمان بە پشتیوانی جیهانی هەیە. بەو مانایە "باهۆزێکی کامڵ" لەگوشارە نێودەوڵەتییەکان و هاوارێک لەناوخۆ بۆ گۆرانکاریی.