20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

موحسین رەزەوی: هۆکاری کۆمەڵێ لە خەسار و دەسکەوتەکان!

موحسین رەزەوی: هۆکاری کۆمەڵێ لە خەسار و دەسکەوتەکان!
2 . سەرماوەز . 2723

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیستەم توانای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە وێرانکەرانەی نییە کە تا ئێستا دروستی کردووە، مەحاڵە درێژە بە دۆخی ئێستا بدرێت، سێڵاو بەڕێوە و قەیرانەکان لە لوتکەدایە.
- کەموکوڕی بنەڕەتی بزووتنەوەکە ئەوە بوو کە نەیتوانی ئەو چینە کە بە چینە خۆڵەمێشی ناسراوە، وەک چاوەڕوان دەکرا، لەگەڵ خۆیدا هاوڕێ بکات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم چینە پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی نەکرد. تەنها چەند گروپێک لە هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکان پشتگیریان لێکرد. چونکە بزووتنەوەکە نەیتوانی قۆناغی نەرێنی تێپەڕێنێت و بگاتە قۆناغی ئەرێنی. واتە نەیتوانی ڕژیم بخاتە تەنگانەو مەجبووری کات لاوازی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە نیشان بدات، بێگومان ئەم بزووتنەوە هێشتا لە قۆناغێکی نەرێنیدایە، بڵام ڕاستە ئارامی گرتووە، بەڵام نەکوژاوەتەوەو خەریکە بحەسێتەوە.

- قەیرانی کۆچ کە دوای سەرکوتی توند وە هێوەر بوونەوەی بزووتنەوەکە توندتر بوو، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی قەیرانی نائومێدی کۆمەڵایەتییە، کە گەورەترین خەساری لە بەفیڕوو چونی کەسانی مەیدانی و چۆڵ کردنی گۆڕەپانەکە دا.

- چینی خۆڵەمێشی کۆمەڵێک گروپی کۆمەڵایەتی زۆر و بەرفراوان لەخۆ دەگرێت کە سەر بە چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگان. لە سیستەمی سەرکوتگەردا ئەم گرووپە سەرباری خواستی ڕەوا زۆربەی کات بێدەنگن و هەندێک جار بە ترس و لەرزەوە پشتیوانی نافەرمانیەکان دەکەن. ڕژێمە پاوانخوازەکان زۆرترین ترسیان لە زۆرینەی بێدەنگ هەیە. چینی خۆڵەمێشی بە هۆکاری جۆراوجۆر بە شەرمەوە تەحەمولی ڕژیم دەکات. بەڵام ئەگەر درک بە لاوازی دەسەڵات بکات دێتە ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن، چونکە بە سروشتی خۆی و بە پێی پێداویستییە ئابووری و فەرهەنگی و سیاسییەکانی دژی وەزعی مەوجوود و دەسەڵاتە.

- ئەگەر شۆڕش لە هەفتەکانی یەکەمدا مۆدیریەتێکی بەهێزی هەبوایە، ڕەنگە بە سەرەنجام گەیشتبا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە چەند مانگی ڕابردوودا کە نیشانەکانی ئارام بونەوەی بزووتنەوەکە دەرکەوت، ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە هەوڵیاندا بۆشایی سەرکردایەتی بە شێوەیەک پڕ بکەنەوە بەبێ ئەوەی گرنگی بەو ڕاستییە بدەن کە سەرکردایەتی لە دەرەوەی بزووتنەوەکە پێکناهێنرێت. ئێمە چیتر لە سەردەمی سەرکردە کاریزماتیکەکاندا ناژین کە بە تەنیا سەرکردایەتی شۆڕشێکیان دەکرد. بەدوور دەزانرێت لە سەردەمی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم جۆرە سەرکردانە دووبارە دەربکەونەوە.
بۆیە سەرکردایەتی لە ناو دڵی ئەم بزووتنەوەیە سەرهەڵدەدات بە مەرجێک بزووتنەوەکە لە قۆناغێکی ئەرێنی نزیک بێتەوە. واتە دۆخێک ڕووبدات کە ڕژیم کۆنترۆڵی دۆخەکە لەدەست بدات و بێدەسەڵاتی خۆی نیشان بدات.

- ئەمڕۆ داواکاریەکانی داهاتوو لە ناوخۆ ڕوونن، زۆرینەی خەڵک سیستەمێکی دادپەروەر و فرەڕەنگ و دێمۆکراسییان دەوێت. گەورەترین دەستکەوتی بزووتنەوەی ژینا، ئەو گۆڕانکارییە فکرییە قووڵەیە کە لە نێو خەڵک و بەتایبەت کۆمەڵگای سیاسیدا ڕوویداوە، ئەم بزووتنەوەیە وای لێکردین ئاگامان لە دونیایەک بێت کە ئەوەندەی پێویست بوو نەماندەناسی، مەبەستم لە جیهانی گەنجان، کە بە نەوەی هەشتاکان یان حەفتاکان ناودەبرێن.
- زۆر کەس هەبوون هەوڵیاندا ئەم شۆڕشی گەنجانە بخەنە ناو فۆرمەکانی بیری کۆنەوە، لە کۆتاییدا، وێنەیەکی شێواوی لێ دەستکەوت، ڕێبەران و شرۆڤەکارانی ڕێژیمیش نەیاندەزانی مامەڵە لەگەڵ چ بزووتنەوەیەک دەکەن، ئەم بزووتنەوەیە نیشانی داین کە تێگەیشتن لەم جۆرە بزوتنەوانە پێویستی بە شێوازێکی نوێی مودیریەت و بیرکردنەوە هەیە.

- شەپۆلی نووسینی مەنشوور کە بە دوو ئامانج دەستی پێکردبوو، نەگەیشتە ئەو ئەنجامە خوازراوەی میساقنووسان، هەندێکیان پێیان وابوو بە ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی، بنەمای هاوکاری و ئەگەری هاوپەیمانی گروپ و ڕەوتە سیاسییەکان دابین دەکەن و دەبنە مایەی هاندان بۆ خەڵک، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت کە بەم کارە سووتەمەنییان بۆ جیابوونەوە و پەرشوبڵاوی نێوان هەوادارەکانیان داوە.
- ژنانی ئازادیخواز ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. بۆیە بەدوور نازانرێت ئیدارەی بزووتنەوەی ئێستا بەبێ ئامادەبوونی بەهێزی ژنانی خوازیاری ئازادی پێک بێت.

- ڕەنگە ئەگەر ئێمە درێژە بە هاوکاری و ئەو هاوپەیمانییە نەنووسراوەی کە لە یەک دوو مانگی یەکەمی بزووتنەوەکەدا دروست بوو، بەردەوام بووین، ئەنجامێکی باشترمان دەست دەکەوت.

- کۆتا قسە، دیاسپۆرا و ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە بە مەرجێک خۆیان بە پشتی جبهەی ئەو بزووتنەوە بە مانا سیستەمیەکەی بزانن و لە وەهمی سەرکردایەتی ڕزگاریان بێت دەتوانن ڕۆڵی باشتر بگێڕن، ئەگینا بەم زووانە دەبنە ژنەراڵی بێ جەنگاوەر.