دو ناوەندی راگەیاندن و توێژینەوەی ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە، پشتیوانییەکان لە رەزا پەهلەوی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ساختەن و لەناو خاکی ئیسرائیل و بە پارەی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت. لێکۆلینەوەی هاوبەشی رۆژنامەی هائارتس و ناوەندی توێژینەوەی مارکەر ئاشکرایکردووە، بەشێکی زۆر لە پشتیوانییەکانی رەزا پەهلەوی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ساختەن و لەرێگەی ئەکاونتی ساختەو لە ناوەندێک لە ناو خاکی ئیسرائیل ئاراستە دەکرێن. بەپێی راپۆرتی ئەو دوو ناوەندە: لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، رەزا پەهلەوی کوڕی دوایین شای ئێران سەردانێکی فەرمی بۆ ئیسرائیل دەکات. هەر ئەو کات لەلایەن "گیلا گوملیئێل" وەزیری ئەوکاتی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل (وەزیری زانستی ئێستا) وەکوو وەلیعەهد ناوی هێندرا. لەراپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەرچی لە دەرەوەی وڵات و لەلایەن ژمارەیەک هاوولاتی ئێرانی ناوی رەزا پەهلەوی دێت، بەڵام دیار نیە، رەزا پەهلەوی لەناوخۆی ئێران چەندەی پشتیوانی خەڵکیی هەیە. ئەو میراتگری باوکییەتی، ئەو باوکەی لەگەڵ ئەوەی لە رۆژئاوا نزیک بوو، بەڵام بەهۆی گەندەڵی، سەرکوتی دژبەرانی و ئەشکەنجەی نارازییەکان ناسرابوو. رەزا پەهلەوی لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام خۆی وەکوو نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران ناساندووە، ئەگەرچی لەناوخۆی ئێران خەڵک وەڵامی هیچ یەک لە بانگەوازەکانی نەداوەتەوە، بەڵام لەئاستی دەرەوەدا و لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکان و میدیادا پشتیوانییەکی زۆری لێدەکرێت. ئێستا هەردوو ناوەندی راگەیاندن و توێژینەوەی "هائارتس" و "مارکەر"-ی ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە، ئەو پشتیوانییەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیش لێی دەکرێ، راستەقینە نیەو ساختەو جەعلین. ئەو دوو ناوەندە لە راپۆرتەکەیاندا باسیان لەوە کردووە:"تۆرێکی بەرفراوان لە ئەکاونتی ساختەکراوی فارسی بە بودجەی دەوڵەتی ئیسرائیل خەریکی بەرهەمهێنانی ناوەرۆک لە بەرژەوەندی و بۆ پشتیوانی لە رەزا پەهلەوین." پێنج سەرچاوەی ئاگادار بەو دوو ناوەندەیان وتووە، دوای سەردانەکەی رەزا پەهلەوی بۆ ئیسرائیل و بەتایبەت دوای شەڕی ١٢ رۆژە، ئۆپەراسیۆنێکی ئانلاین بە ناوەندییەتی زمانی فارسی و لە بەرژەوەندی رەزا پەهلەوی دەستیپێکردووە. سەرچاوەکان بە "هائارتس" و "مارکەر"یان وتووە، ئەکاونتی ساختەو جەعلی لە ئیکس و ئینستاگرام هەن، ئەوان لەرێگەی هۆشی زیرەک پەیام بەرهەم دەهێنن، رێکیان دەخەن و بڵاویان دەکەنەوەو پێدەچێ خودی گیلا گوملیئێل ئەو وەزیرە ئیسرائیلییەی نزیک لە پەهلەوی سەرپرشتی ئەو ئۆپراسیۆنە بکات.