کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەیاننامەی کۆتایی سێهەمین پلۆنۆمی دوای کۆنگرەدا باسی لەدۆخی جیهان، ناوچەو ئێران و پلان و هەڵوێستەکانی سەبارەت بە کوردستان کردووە. لەبەیاننامەکەدا هاتووە، ئەوان وەکوو حیزبێکی چەپ و سوسیالیستی پێداگرە لەسەر خۆتەیارکردن بۆ بەدەستهێنانی مافی خەڵکی کوردستان. هاوکات پێیوایە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس-دا هەندێک لایەنی چەپ بە پاساوی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم کەوتنە بەرەوی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. کۆی بەیاننامەکە لەژێرەوە بخوێننەوە: بەیانییەی سیاسیی پلۆنۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵه پێشەکی: لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێهەمین پلۆنۆمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کونگرەی ژن ژیان ئازادی (کونگرەی ١٤) بە بەشداریی هەموو ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و ئەندامانی جێگر بەڕێوە چوو. پلۆنۆم ڕەشنووسی بەیانەییەی سیاسیی کە پێشتر خرابووە بەردەستی ئەندامانی، خستە بەر باس و لێکدانەوە. پاش قسە و باسی چالاکانی هاوڕێیان و ڕەخنە و پێشنیارەکانیان دەقی کۆتایی بەیانییەی سیاسیی پلۆنۆمی سێهەمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پەسەند کرا. کومیتەی ناوەندی لە پلۆنۆمی دووهەم، لە بەیانییە و هەڵوێست وەرگرتنەکانی چەند مانگی ڕابردوو و بەتایبەت لە ساڵڕۆژی هێرشی داگیرکارانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە ٢٨ گەلاوێژدا و لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا بە تێروتەسەلی دۆخی سیاسیی کوردستان، ئێران و ناوچەکەی لێکدابووەوە (کە دەکرێ وەکوو پاشکۆی ئەم بەیانییەی دابنرێ). بەیانییەی سیاسیی پلۆنۆمی سێهەم بە شێوەی تایبەت لێکدانەوەی دۆخی حکوومەتی ئێران، هەڵچوونە سیاسییەکانی ناو ئێران، ئاسۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و ڕیزبەندیی هێزەکان و ئاکامە ناوچەییەکانی شەڕی دوازدە ڕۆژە تا پلانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کۆتایی شەڕی غەززەی کردە بنەما کاری خۆی. بەیانییەی سیاسیی پلۆنۆم ١. ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (و تا ڕادەیەک هەموو جیهان) کە لە ٧ی ئۆکتۆبرەوە چووەتە نێو دەورەیەکی تازەوە، خێراتر لە جاران درێژەی هەیە. ئێرانی ئیسلامی و چارەنووسی ڕژێمەکەی لە ناوەندی ئەم ئاڵوگۆڕانەدایە و هاوکات خۆی هۆکار، ئامانج و بابەتەی ئاڵوگۆڕەکانە. شەڕی ١٢ ڕۆژە کۆماری ئیسلامیی لە جاران سووکتر و بێقەدرتر کرد. شەڕێک کە ئاکامی ٤٦ ساڵ هەڕەشەی هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامی، سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی حکوومەتی ئێران کە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵی بوون، هەڕەشەی بەردەوام بۆ لەناوبردنی ئیسراییل، چەکدار کردن و بەکرێگرتنی گرووپە چەکدار و تیرۆریستەکان لە ناوچەکە، پرۆژەی ئەتۆمی ومووشەکی بوو. لە چەند خولەکەی سەرەتای ئەو شەڕەدا ئەو فەرماندانەی ساڵانێک لافلێدانی بێزهێنەریان کردبووە پیشە و بەرپرسە شەڕخوازەکانی هێزی نیزامیی ئێران و سەرکردەکانی بەرنامەی مووشەکیی حکوومەت لەناوچوون. شەڕی ١٢ ڕۆژە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی لە ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتیدا تووشی زەبوونییەکی بێوێنە کردووە. حکوومەتێک کە هەر لە سەرەتاوە لە سەر بنەمای سەرکوت و تاوانی گەورە بەرانبەر بە ژنان، نەتەوەکانی ناو ئێران، تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی و تەنانەت ئەو کەسانەی دەوری بەرچاویان لە بە دەسەڵات گەیشتنیاندا هەبوو، دامەزرابوو، لە شەڕێکی کورت خایەندا زەلیل و خار کرا. فەرماندە شەڕئەنگێز و شەڕخوازەکانی حکوومەت کە دەوری سەرەکییان لە تاوانەکانەکانی ٤٦ ساڵ شەڕ دژی خەڵک و دژی ئارامی لە ناوچەکە بوو لە یەکەم ساتەکاندا لەناوچوون. خامنەیی خۆی شاردەوە و چیدیکە خەبەرێک لە وتە شەڕەنگێزانەکانی، هەڕەشە ناوچەییەکان و لاف لێدانەکانی لە سەر کۆنترۆڵی چەندین پێتەختی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو. ٢. پرۆژە ناوکی و موشەکییە دەیان ساڵانەکانی حکوومەت کە هەزاران میلیارد تێچوویان هەبوو لەم شەڕەدا هیچ یارمەتییەکی حکوومەتیان نەکرد و بە پێچەوانەوە هەوڵەکانیان بۆ دەسڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی (کە هەموو کاتێک نکۆڵییان لێ کردووە) وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییان و گەیشتن بە ئامانجە زێدەخوازانەکانیان، زیاتر لە جاران ئاشکرا بوو و ئیدانەکردنی ئاسانتر بووەوە و هاوپەیمان ناوچەییەکانی بێدەنگ و کپ کرد. ئەم شەڕە بزمارێکی دیکە بوو لە سەر تابووتی هەناردە کردنی ئینقلابی ئیسلامی، سپای تیرۆریستیی پاسداران، "میحوەری موقاومەت" و شەڕەنگێزیی ٤٦ ساڵەی حکوومەتی ئێران. ٣. سپای پاسداران کە فەرماندەکان و هێزە نیابەتییەکانی بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردبووەوە، لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا هێزی سەرەکیی سەرکوت و دەسەڵات و پارێزەری ترسناکترین دیکتاتۆریی ئایینی بووە و لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هەموو جمگە سەرەکییەکانی ئابووری و هەناردەکردن و هاوردەکردنی بەدەستەوە گرتبوو، بە جارێک داڕووخا، فەرماندە باڵاکانی لە چەند کاتژمێری سەرەتای شەڕدا کوژران و پێکهاتەکەی درزی تێکەوت، بنەڕەتەکەی تێکچوو و توانای خۆڕێکخستنەوەیان تا رادەیەکی یەکجار زۆر لەدەست چووە. هەر چەن هێشتا لە ناو ئێراندا توانای سەرکوت و تاوان و دڵ ڕەقی نواندنیان هەیە بەڵام هەیمەنەی درۆیینەیان لای خەڵک ڕووخاوە و ئەو کۆنترۆڵەی جارانیان بە سەر کۆمەڵگادا نەماوە. ٤. دەسەڵاتی بێ ئەملاوەئەولای بەیتی ڕابەری و خامنەیی خۆی کەوتووتە ژێر سێبەری کێشەی ناوخۆیی تا رادەیەک ئاشکرای دەسەڵاتداران. خامنەیی لە بەر بێئاکام بوونی هەموو پرۆژەکانی هەر لە پرۆژەی ناوکی و مووشەکییەوە بگرە تا وتووێژی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە پڕچەک کردن و پشتیوانیی هێزە پرۆکسییەکانەوە بگرە تا "هاوپەیمانی" لە گەڵ چێن و ڕووسییە، کەوتووتە بەر شەپۆلی هێرشی بەشک لە کاربەدەستانی حکوومەت و ئەو جێگە و پێگە و هێزەی وەکوو ڕابەرێک کە فتوا دەدا و قسەی کۆتایی دەکا نەماوە و لاواز بووە. بەیتی ڕابەری و فەرماندەکانی سپا و ناوەندی سەرەکیی شەڕەنگێزیی ڕژیم لەبەر یەک هەڵوەشاوە. ٥. سەرەڕای هەموو زەبوونی و لاوازییەک کە ڕژێم لە ئاکامی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا تووشی بووە، بۆ چرکەیەکیش دەستی لە سەرکوت، هەڕەشە، لەشکرکێشی، گرتنی بە کۆمەڵی خەڵک و پڕکردنی زیندانەکان هەڵنەگرتووە. لە ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار کەس ئیعدام کراون، لەشکەرکێشی و داگیرکاری لە کوردستان و بەلووچستان درێژەی هەیە. ڕێک لەو کاتەدا ئەمریکا و ئیسراییل سەدان تۆن بۆمبیان بەسەریان دا دەباراند ڕژێمی ئێران هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان دەکرد. حوکمی ئیعدامی سێ زیدانیی سیاسیی ژن (وریشەمورادی، شەریفە موحەممەدی و پەخشان عەزیزی) وەکوو خۆی ماوەتەوە و کراوەتە ئامرازێکی گوشار بۆ سەر چالاکیی سیاسیی و بەتایبەتی چالاکانی ژن. ئیعدامی ٦ کەس لە ئەهواز و یەک زیندانیی سیاسی لە سنە نیشانەی ترسی ڕژێم لە ئاخێزە جەماوەرییەکانە کە سەرهەڵدانەوەیان لە ئان و ساتدایە. هەژاری و هەڵاوسانی ئابووری بەردەوامن. هێڵی هەژاریی ٥٥ میلیۆن تمەنی و لانیکەمی حەقدەستی ١٧ میلیۆن تمەنی، وشک بوونی ڕووبار و گۆل و سەد و سەرچاوەکانی ئاو، بڕانی بەردەوامی وزەی کارەبا و خاڵی بوونی سفرەی خەڵک لە پێداویستییە سەرەتاییەکان بەشێک لەو باجەیە کە خەڵک لە ئاکامی هەوڵی حکوومەت بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و هاژەکی دوورهاوێژ، دابینکردنی خەرج و چەک بۆ هێزە پرۆکسییەکانی، دروستکردنی زیندان و بەهێزکردنی دامودەزگای سەرکوت، دەیدەن. هەموو دانیشتوانی ئێران بارمتەی ڕژێمێکن کە کەس لەو بڕوایەدا نییە لەم ئەزمەی ئەمجارە دەرباز دەبێ. ٦. شەڕ دەتوانی حکوومەتی ئێران تا لێواری ڕووخان ببات، زەبوون و لاوازی بکا و لە بەربەرەکانێی ناوچەییدا تووشی شکستی بکا، بەڵام بۆ ڕووخانی ئەم ڕژێمە جەماوەری خەڵک، کرێکاران، ژنان، نەتەوە مافخوراوەکان و بزووتنەوە ناڕەزاییەکانیانن کە دەبێ لە ئەم هەلە تێبگەن و گەیشتبێتنە ئاستی پێویستی خۆ تەیارکردن بۆ ئەوەی بتوانن لە درزەکانی ناو دەسەڵات، وازهێنانی ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتکەرەکان و بەگشتی لاوازبوونی بنەماکانی دیکتاتۆریی ئایینیی ئێران بە قازانجی خەباتی خۆیان بۆ ڕووخاندنی حکوومەت سوودوەرگرن. ئەمە گرینگترین دەرسێکە کە دەتوانین لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی وەرگرین. کەلک وەرگرتن لە کێشە ناوچەییەکان، سوود وەرگرتن لە ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییەکان و کاریگەرییەکانیان لە سەر خەبات و بزووتنەوەی مافخوازانە ڕێگەپێدراوە و نیشانەی وشیارییە بەو مەرجە ببێتە هۆی پەرەگرتن، بەهێزبوون و یەکگرتوویی زیاتری خەباتی جەماوەری و بەستێن بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری ئامادە بکا، ڕاپەڕینێک کە ڕێگە بۆ ڕۆشتن بۆ دواڕۆژێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانە خۆش بکات. کۆمەڵە حیزبی ڕێکخەر و پێشڕەوەی بزووتنەوە جەماوەرییەکانە ئەم ئاسۆیە دەبێ لە هەموو مەیدانەکانی چالاکیی کۆمەڵەدا ناوەرۆک و ڕێنوێنی کاری ئێمە بێت. ٧. لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ژمارەیەک ڕێکخراوی سیاسی کە بەداخەوە هەندێکیان ئیدەعای چەپ بوونیان هەیە جارێکی دیکە ترس و دژایەتیی ئیمپێریالیسم و "هێرشی دەرەکی" خستیانیە داوی پشتیوانی لە دەسەڵاتی سەرکوتکاری "خودی". هەر وەکوو سەردەمی داگیرکرانی سەفارەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٣٥٨دا و کاتی شەڕی نێوان حکوومەتەکانی ئێران و عێراق، ڕویان کردە دەسەڵاتداران و پشتیان کردە خەڵک. ئەگەر لە ڕابردوودا و لە سەردەمێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی بنەمای ترسناکترین دەسەڵاتی ئایینیی دادەمەزراند فریو خواردن بە ناوی "خەباتی دژە ئیمپریالیستی" کارەساتی لێکەوتەوە و ئاکامەکەی بوو بە سەرکوتێکی خوێناوی، لەم شەڕەدا بێهوودەیی سیاسی، پەراوێزکەوتن و نوقم بوون لە وەهمە کۆنەکاندا وای لێیان کرد دانە دانە بکەونە سەر ڕێگەیەک کە ژیانیان بە دوا پەلەقاژەکانی ڕژیمەوە ببەستنەوە. ٨. گۆڕانی دۆخی ڕژێمی ئێران لە حکوومەتێکەوە کە ئیدەعای کۆنتڕۆڵ کردنی چەندین پێتەختی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکرد بۆ حکوومەتێک کە لە ئاکامی شەڕی ١٢ رۆژەدا و بەمدواییانە بە پلانی تراپ بۆ کۆتایی شەڕی غەزە (کە لە ڕاستیدا خاڵی کۆتایی خەونی هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامییە) بووتە دەسەڵاتێکی زەبوون و خار، ئەوە دەردەخەن کە سیستەمێکی لەرزۆک کە لەسەر بنەماگەلێکی لاواز دامەزرابوو خەریکە بە تەواوەتی تێکدەچێ. ڕژێمی ئیسلامی بە تەواوەتی لە هاوکێشەکانی ناوچەکە وەلانراوە. هیچکام لە حکوومەتەکانی ناوچەکە فریایان نەکەوتن و هەرکامەیان بە شێوەیەک بە تەمان دواچۆڕی شیرەی گیانی هەڵمژن. چین و ڕووسییە لەو ڕۆژانەدا کە دەبوو کارێکیان بۆ بکەن بە شێوەیەکی نزیک لە ئاشکرا دەستیان بە ڕوویانەوە نا، تورکییە چاوەڕوانە حکوومەتی ئێران کۆتا مانگەکانی تێپەڕکات بۆ ئەوەی خۆی لە ڕۆژهەڵاستی ناوەڕاست جێگەیان بگرێتەوە هەرچەن ئەمەش خەونێکە کە هەر لە ئێستاوە نیشانەکانی شکستهێنانی دەبیندرێ. ٧٥ وڵاتی عەرەبی لە کۆبوونەوەیان لە دۆحە پاش هێرشی ئیسراییل بۆ سەر بەرپرسانی حەماس لەو وڵاتە هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەبوو و ئەمە دەریخست کە ئەو وڵاتانە هێشتا حکوومەتی ئێران بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆیان دەزانن و ٤٦ ساڵ هەوڵەکانی ئەو حکوومەتە بۆ ناردەکردنی ئینقلاب و ئەو گرفتانەی بۆیانی سازکردووە لەبیر ناکەن و لە ریزبەندییە ناوچەیی و جیهانییەکاندا خۆیان لە ئەمریکا و ئیسراییل و ئورووپا بە نزیکتر دەزانن. بۆ ئیسراییل هێشتا حکوومەتی ئێران بیانوو و دەرفەتێکی ڕەوایە بۆ ئەوەی خەونەکانی بێنێتە دی. ئەمریکا و ئورووپاش باش دەزانن کە کۆماری ئیسلامی چیدیکە مەترسییەکی ئەتۆمی و ناوچەیی نییە بۆ سەریان بەڵام بە ناوی دژایەتیی ئەم دێوزمە کات بەسەرچووە، ستراتێژی نوێی ناوچەیی و جیهانییان دادەڕێژن و بەڕێوەی دەبەن. بۆ ئەوان تەرمی حکوومەتی خامنەیی بیانوویەکە بۆ گەیشتن بە ویست و ئامانجەکانیان و دەسەڵاتی ناوچەیی و جیهانی. چالاک بوونەوەی مێکانیزمی سنەپ بەک سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ئێران دەخاتە دۆخێکی قەیراناویتر و دژوارترەوە بەڵام بە سەرەنجدان بەو شکستە سیاسی و نیزامی و دیپلۆماتیکانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ئێران تووشیان بوو، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر چارەنووسیان نابێ. ٩. هەڵچوونە سیاسییەکانی کۆمەڵگا لە ئێران پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە بەرەو سەردەمی پاش کۆماری ئیسلامی، پاش سیستەمی ویلایەتی فەقی و خامنەیی و پاش دەسەڵاتی سپای پاسداران ڕۆشتووە. ئەم شەڕە و ناکارامەیی و لاوازیی ڕژێم ئاشکراتر لە جاران بۆ هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان، نەتەوەکانی خەساردیتوو لە داگیرکاری، کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو توێژە ناڕازییەکانی دەرخست کە لەناوچوونی هەموو سامان و سەرچاوە سروشتییەکان بەرهەمی سیاسەتی شەڕنگێزانەی ٤٦ ساڵی ڕابردووی حکوومەتە. ژنان و نەتەوەکان و هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە جاران هەوڵ دەدەن ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە دەورانی پاش کۆماری ئیسلامی بدۆزنەوە و دەرفەت بۆ دەورگێڕانی ئیرادەی جەماوەر، بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە و دادپەروەرانە و بۆ بەشداریی گشتی لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیاندا لەبارترە. ئاڵتێرناتیڤە چەقبەستووەکان و هەوڵ بۆ سازان لە سەرەوە و شانۆ قیزەونەکانی ئەو بە ناو سیاسەتمەدارانەی هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتییان نییە بە هیچ شێوەیەک شانسێکیان بۆ خۆ سپاندن نییە. سوننەتی بزووتنەوە ناڕەزاییە جەماوەرییەکان و پایەداریی ٤٦ ساڵەیان بەرانبەر بە حکوومەتێک کە دەسەڵاتی خۆی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەپێدابوو، زۆر پڕمایەتر و بەهێزتر لەوەیە دەسەڵاتپەرەستان بتوانن خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە کە یەکێک لە لایەنە دامەزرێنەرەکانی بەرەی "همبستگی فراگیر برای آزادی و برابری در ایران"ە ئەم دامەزراوە و بەیانییە و سەندە بنچینەییەکەی زەرفێکی شیاو بۆ یەکخستن و هاوئاهەنگیی بزووتنەوەی ناڕەزایی و ڕووخاندنی ڕژیم ئیسلامیی ئێرانن. ١٠. کۆماری ئیسلامی تەمەنی تەواو بووە. لە دنیای هاوچەرخدا تا ئێستە نەبیندرابوو کە حکوومەتێک کە هێشتا نەڕووخاوە ئاوا لە بەرچاوی هەمووان بێدەرەتان و بێبایەخ بێ. ئەوی ئەمڕۆ لە حکوومەتی ئێران ماوەتەوە ڕابەرێکی داماو، سپای پاسدارانی لەبەریەک هەڵوەشاو و لایەنگرانێکی سەرلێشێواو کە بە ترسەوە چاوەڕێی داهاتووی دیاری خۆیان دەکەن. یەکەم: کوردستان مێژوویەکی پرشنگداری لە خۆڕاگری بەرانبەر بە داگیرکەران، بەرخۆدانی چەکدارانە، پەرەسەندنی خەباتی مەدەنی، خەباتی یەکسانیخوازانە، مانگرتنی میلیۆنی، خۆڕاگریی نیو زیندانەکان و لە مەیدانەکانی ئیعدامدا و ئاخێزی جەماوەری و بەمدواییانە شۆڕشی شکۆمەندی ژینا بۆ خۆی تۆمار کردووە. مێژوویەک کە دەریدەخا کوردستان بۆ دەورەیەکی دوورودرێژ بە تەنیا ئەرکی خۆراگری و بەربەرانکێ لەگەڵ دەسەڵاتێکی وەحشی و سەدەناوەڕاستیی لەسەر شان بووە حکوومەتێک کە ترسی خستبووە گیانی هەموو ناوچەکە. بۆیە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا و لە کاتی هەر ڕووداو و ئاڵوگۆڕێکدا و لە سەردەمی ئاخێزە جەماوەرییەکاندا هەمووان چاویان لە کوردستانە و بێگومان لە داهاتووشدا هەر وا دەبێ. ڕژێمی ئێران تەنانەت لە کاتی بوردومانە توندەکانی ئیسراییل وئەمریکادا چاوی خۆی لە کوردستان دانەخست و هەڕەشە پەیتاپەیتاکانیان ئەوەی دەسەلماند کە کوردستان ئامادەی هەستانە. هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە بزووتنەوەی کوردستان لە سەر مێژوویەکی پڕ لە خۆڕاگریی جەماوەری، بزووتنەوەگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەردەوام و لە سەدەمێکیشدا خۆڕاگریی پێشمەرگانەی بەحەق دامەزراوە و بە درێژایی مێژوو هیچ کەسێک بێجگە لە دەستوپێوەندەکان و هاوبیرە فاشیستەکانی ڕژیم نەیتوانیوە ئەو بزووتنەوە بە تیرۆریست و ناسەربەخۆبوون تاوانبار بکا. دووهەم: لە مەودای نێوان پلۆنۆمی دووهەم و سێهەمدا کوردستان نموونەگەلێکی نوێی خەباتی مەدەنی و توانا و لێهاتووییە جەماوەرییەکانی و وشیاری و ڕێکخراوبوون و ئامادەیی نواند. ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز کە نزیکەی دوو مانگیان خایاند یەکێک لە داهێنان و دەسپێشخەرییە جێی دەسخۆشییەکانی چالاکانی مەدەنیی کوردستانی دەرخست. نواندی لووتکەی خۆئاگایی نەتەوەیەک. هاوکات بینیمان چۆن چالاکانی ژینگە بە ئاستێکی بەرزی فیداکاری و بە دەستی بەتاڵ چوونە برگری لە شاخ و سروشتی کوردستان و بەداخەوە چوار کەسیان لەو ریگەیدا گیانیان بەخت کرد. (سێ چالاکی دیکەش لە باشووری کوردستان گیانیان بەخت کرد). ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکانی ڕێزلێنان و ئەسپەردە کردنیان و بەشداریی بەرینی خەڵک ئاستی بەرزی پێشکەوتن و وشیاریی دەرخست و بەهێزبوونی کۆمەڵگای مەدەنیی لە کوردستان سەلماند. ئەو داهێنانگەلە بەرهەمی زیاتر لە دوو دەیە خەباتی مەدەنی، شێوەکانی نوێی ڕێکخستن، هەزاران ڕێکخەر و لیدر بە بوون بەرچاوی ژنان لە ریزەوەی پێشەوەیان، هاوکاریی مەیلە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان و بەهێزبوونی کۆمەڵگای مەدەنییە. ئەم کۆمەڵگایە لە مەیدانی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتیدا و پشتگوێخستنی یاساکانی داگیرکەران و دەرخستنی خۆ وەکوو نەتەوەیەکی مافخوراو کە مافی خۆی و دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەێ، تاقیکردنەوەیەکی سەخت و تاقەتپڕووکێنی تێپەڕاندووە. سێهەم: لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە سەرەتاکانی مانگی جۆزەردان چالاکیی حیزبە کوردستانییەکان بۆ هاوکاری و هاوپشتی و گەیشتن بە پلاتفۆرمێکی هاوبەش و لە کۆتاییدا دامەزراندنی هاوپەیمانییەک لە نێوان حیزبەکاندا، پەرەیسەندووە. هەر وەک لە بەیانییەی پلۆنۆمی دووهەمدا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ڕامانگەیاند دیسان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە لاوازترین خاڵی بزووتنەوەی کوردستان لەمڕۆدا نایەکگرتوویی حیزبەکانی و نەبوونی بەرەیەکی سەقامگیر و ڕێکخراوی کوردستانییە. کۆمەڵە هەموو کاتێک پێی لەسەر ئەو خاڵە گرینگە داگرتووە و لە چەندین بانگەوازدا پێویستیی وەها هاوکارییەکی بە مەرجی سەرەکیی ڕێکخستن و پێشەنگایەتی و نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی کوردستان و سەرکەوتنی باس کردووە. چوارەم: لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا کە بووتە سوننەتێکی خەباتکارانە لە کوردستان، کوردستان هاتە دەنگ و بەتایبەت لە سەقزی شارەکەی ژینا و دیواندەرە بە مانگرتنی سەرانسەری ڕێز لە ساڵڕۆژی شۆرش و یادی ژینا گیرا. ئەم ناڕەزاییانە سەرەڕای هێنانی هەزاران هێزی سەرکوتکەر و لیباس شەخسی و داخستنی ڕیگەکانی گۆڕستانی ئایچی و هەڕەشە لە خانەوادەی ژینا بەڕێوەچوون. خانەوادەی ژینا هەم دەور و نەخشێکی بەرچاویان لە دەسپێکی شۆڕشەکەدا گێڕا و هەم لە ساڵڕۆژەکانی گیانبەختکردنی ژیندا وەکوو هەمیشە لە ڕیزی پیشەوە راوەستاون. پێنجەم: پلۆنۆم دیسان پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاڵوگۆڕی بەرین لە بەردەم کوردستان و بزووتنەوەکەیدایە و سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە ئاڵوگۆڕەکان و رووداوەکانی ناوچەکە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە بەڵام لەبەر ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەسەڵاتی داگیرکەری ئەو بەشەی کوردستان لە ناوەندی ڕووداوەکاندان، پێویستە کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان و یەکێک لە ڕەوتە سەرەکییەکانی رێکخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و ئازادیخوازانەی کوردستان کە بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆ نووسین، دەورێکی چالاک و بەرچاوی گێڕاوە، سوورە لەسەر ئەوەی بە خۆتەیارکردن و ڕوون و شەفاف بوون لە هەڵبژاردنی ڕێکارهایەک کە مافی خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەکەن و هاوکاریی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی دیکە ئەم دەورە مێژووییە سەربەرزانە و سەرکەوتووانە تێپەڕکات. ١٧ ڕەزبەری ١٤٠٤ ٩ی ئۆکتوبری ٢٠٢٥