شوکریا برادۆست
وەرگێران لە ئینگلیزی: رۆژهەڵات نیوز
لەمانگی رابردوودا، ٢٤ی ژانویە، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران سەردانێکی تورکیای کرد، بۆ ئەوەی دوای شەڕی غەزە گفتوگۆ لەسەر ئاڵۆزییەکانی ناوچە بکەن. لەگەڵ ئەوەی یەو سەردانە دەریخست کە ئێران و تورکیا زەمینەی ئەوەیان هەیە کە لەسەر هەندێک پرسی هاوبەش هاوکاری یەکتر بکەن، بەڵام هێشتاش پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزە.
لە سەدەکانی رابردوودا، ئێران و تورکیە کێبەرکێیەکی بەردەوامیان هەبووە، کاریگەری و شانازی ناوچەیی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەو پەیوەندییە تاکوو ئێستاش بەردەوامە. لەهەندێک پرسیشدا تاران و ئانکارا ناتوانن ناکۆکییەکانیان بشارنەوە، بۆ نموونە لەسەر پرسی سوریە، عێراق و قەفقازی باشوور هاوپەیمانەکانیان لە بەرەی بەرامبەری یەکتردان. لەگەڵ ئەوەش ئەو دینامیکە بزوێنەرانە، تەنیا گرێدراوەکانیان لەو کێبەرکێ ژیۆپۆلیتیکەدا بەشدار نین، بەڵکوو تەنانەت هەتا ئاستی دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی یەکتریش پەلی کێشاوە. ئەو پرسە بەتایبەت لە باکووری رۆژئاوای ئێران، کە خالی گرنگی ژیوپۆلیتیکی سەر سنووری تورکیایە، بە ڕوونی خۆی دەرخستووە. لێرەدا، تورکیا نێوە نێوە هەوڵیداوە وێککەوتن و ئاڵۆزیی پەیوەندیدار بە کورد و ئازەربایجانییەکانی هەرێم ( شوێنێکە بەناوی تورکەکانی ئازەربایجان کراوە)، پەڕەپێبدات. لەلایەکی دیکەشەوە ئێران هەوڵیداوە کارتی کوردی لەدژی تورکیا بەکار بهێنێت، لەئێستاشدا پشتیوانی لە کوردە عەلەوییەکان لەدژی تورکیا دەکات.
پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ) لە باکووری رۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە، ئەوێ رێرەوێکی چارەنووسسازی ئابووری و بازرگانی نێوان ئێران و تورکیایەو بووەتە شوێنێکی پڕکێشە بەڵام سەرنجراکێش و تورکیا دەیەوێ وەکوو خاڵێکی بەهێزی خۆی لەبەرامبەر تاران بەکاری بهێنێت. دانیشتووانی ئەو ناوچەیە تێکەڵەیەک لە کوردی سوننە و تورکی ئازەربایجانی شیعەن. بەپێی هەندێک لێکدانەوە، دانیشتووانی تورکەکانی ئازەربایجان لەسەرووی ٢٠ ملیۆن کەس کە دەکاتە نزیکەی ٢٤ لەسەدی هەموو دانیشتووانی ئێرانن. کوردەکانیش وەکوو گروپێکی هەرێمی لەناو تورکیا نزیکەی ١٩ لەسەدی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنن. لەکاتێکدا ژمارەی کوردەکانی ناو ئێران ٨ بۆ ١٢ ملیۆن کەسە. لەگەڵ ئەوەش دۆخی تورکە ئازەرییەکان لە ئێران لەگەڵ دۆخی کوردەکان لەناو هەموو وڵاتێکدا زۆر جیاوازە. تورکەکان یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی بەرێوەبردنی ئێران لە هەموو سەدەکان بوونە، لە ماوەی نزیکی رابردووشدا تورکەکان لەناو کەرتی سەربازی و سوپای پاسداران هێزێکی بەرچاویان پەیدا کردووە.
ئەوەی ئێستا ئازەربایجانی رۆژئاوای پێدەکوترێت، مەکۆی بزوتنەوە نەتەوەییەکانی کوردستان بووە، لەو شوێنەدا یەکەم حزبی سیاسی مۆدێرنی کوردی دامەزرا، کەتوانی لەساڵی ١٩٤٦ کۆماری کوردستان دابمەزرێنێت. لەگەڵ ئەوەش، ئەو کوردانەی ئێستا لەوێدا دەژین، بەرەورووی دوو جۆر هەڵاواردنن: لەلایەک دەوڵەتی ناوەندی لەتاران و لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەن بەرپرسە تورکەکانی ناو ئازەربایجان. بۆ نموونە، لەبواری هەڵبژاردنی مەجلیسدا، زۆربەی کاندیدا کوردەکان لەلایەن تاران شیاویان پەسەند دەکرێت، بەڵام لەلایەن بەرپرسە تورکە لۆکاڵییەکانی ئازەربایجان رێگریان لێدەکرێت. هەربۆیە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو گروپە ئیتنیکییە لەو پارێزگایە زۆربووەو جێگەی نیگەرانییە.
زیادبوونی کاریگەری تورکیا لەسەر تورکە ئازەرییەکانی ئێران
سروشتی ئاڵۆز و پڕکێشەی نێوان گروپە ئەتنیکییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و، یەکگرتوویی تورکەکانی ئازەربایجان لەگەڵ یەکتر وایکردووە کە کۆمەڵگەی تورکی ئازەربایجان بەردەوام وەکوو ئامانجێکی گرنگی تورکیای لێبێت. لەگەڵ هەبوونی جیاوازییە مەزهەبییەکان، ئەوەش خۆی ئێرانی نیگەران کردووە. لەهەمان کاتدا بەکارهێنانی بەرفراوانی سەتەڵایت و دەستپێراگەیشتن بە کانالە تەلەفزیۆنییەکانی تورکیا، بەشێوەیەکی بەرچاو هێزی نەرمی تورکیای لە نێو تورکەکانی ئازەربایجان بەرزکردووەتەوە. زۆربەی خێزانەکان لە باکووری رۆژئاوای ئێران، بەردەوام سەریری ئەو کانالانە دەکەن. جگە لەوەشتورکیا لەرێگەی کونسوڵگەری خۆی لە ورمێ، پەڕە بە پەروەردەو پشتیوانی تورکەکانی ئازەربایجان دەکات و، پشتیوانی چالاکوانان و رۆژنامەنووسەکانی ئەو ناوچەیەش دەکات، هەموو ئەو کارانەش لە چوارچێوەی زیندووکردنەوەی کەڵتووری ناوەندو هاوبەش دەکات. ئەو جۆرە لە ناسین و دیپلۆماسی گشتی جۆرێک لە وەکوویەکی تورکی دروستکردووەو پەڕەش بە پەروەردەی زمانی تورکی دەدات و تێکرای ئەوانەش وایکردووە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ تاکوو ئێستا کاریگەرییەکانی تورکیا زۆرتر ببینرێن. بەهۆی ئەو سیاسەتەوە، بەرپرسانی لۆکاڵی ئازەربایجان لە رۆژئاوای پارێزگای ئازەربایجان ناوی ئەکتەرە ئازەرییەکانی وەکوو ناوە فارسییەکانی وەکوو فیردۆسی بەناوی شەقامەکانەوە چەسپاندووە. بەرپرسانی خۆجێیی ئازەری تەنانەت لە کۆبوونەوە فەرمییە ئیدارییەکانیشدا لەبڕی زمانی فارسی ئەولەویەت بە زمانی ئازەری دەدەن و ئەوەش بووەتە هۆی ناکۆکی لەگەڵ کوردەکان. هەر بۆ نموونە کاردانەوەی کوردەکانی ناو شۆرای شاری ورمێ لەهەمبەر بەکارهێنانی زمانی ئازەری، هەتا ئاستی بەجێهێشتنی کۆبوونەوەکان لەلایەن ئەندامە کوردەکانیش چووە. ئەو رووداوانە قەیران و تووڕەییەکی زۆری لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و رای گشتی دروستکردووە.
بەهۆی سیاسەتە بەردەوامەکانی هەردوولا (تورکیا و ئێران)، ناکۆکی ئەتنیکی لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. لە مانگی ژویەی ساڵی ٢٠٢٢، ناکۆکی لەنێوان قاچاغچییە کورد و ئازەرییەکان لە ماکۆ پێکدادانی لێکەوتەوە. دوای تەشەنەکردنی پێکدادانەکان گروپێک لە تورکەکان پەلاماری کەمپێکی هاوینەی کوردەکانیان لە ناوچەی ئاواجیق دا، بەو هۆیەوە رەشماڵی کۆچەرییە کوردەکان سووتێندران. هەر لەو چوارچێوەیەدا هێرشبەرە ئازەرییەکان کوردێکی تەمەن ٤٣ ساڵیان کوشت، لەبەرامبەریشدا کوردەکان دوو تورکی ئازەربایجانیان کوشت. دوای ئەوە زیاتر لە ١٢٠ خێزانی کۆچەری کورد و ٢٠ هەزار ئاژەڵی هاووڵاتیان لەلایەن بەرپرسانی خۆجێی کە تورک بوون، بەبێ هیچ روونکردنەوەو قەرەبووییەک لەو ناوچەیە دەرکران. پەرەسەندنی ئەو رووداوانە لە راپۆرتێکی یەنی شەفەقی تورکیا باسی لێکرا، ئەوان ئەو هێرشانەیان بە پەکەکە گرێدا، هەندێک تۆمەتیشیان لەو رۆژنامەیە باس کرد کە گوایا ئێران بەیارمەتی کوردەکان دەیەوێ پاکسازییەکی رەگەزی لەو ناوچەیە بکات.
ئایا ئێران دەتوانێ کاریگەری تورکیا بۆ سەر ئازەربایجانی رۆژئاوا رابگرێت؟
تاران لە هەڕەشەی پشتیوانی تورکیا لە تورکەکانی ئازەربایجان لەناو سنوورەکانی خۆیدا ئاگادارە، بەڵام زۆر درەنگ وەخۆ کەوت، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵێکی ناوەندی باشتری لەسەر ئەو ناوچانە هەبێ، کە کورد و تورکەکان ناکۆکیان لێ پەیدا بووە. بۆ یەکەمجار کۆماری ئیسلامی دوو کوردی شیعە مەزهەبی بە ناوەکانی محەمەد مەهدی شەهریاری ٢٠١٧ هەتا ٢٠٢١ و محەمەد سادق موعتەمەدیان لە ٢٠٢١ تاکوو ئێستای وەکوو پارێزگاری ئازەربایجان دەستنیشان کرد. (لەکاتێکدا زۆرینەی کوردەکانی ئەو ناوچەیە بە مەزهەب سوننەن). لەگەڵ ئەوەش تاکوو ئێستاش تورکەکان زۆرترین بەرپرسی جێبەجێکاری لەو پارێزگایە هەیە. لەکۆی چوار جێگری پارێزگار بۆ کاروباری سیاسی، ئەمنی، ئابووری و سەرچاوە مرۆییەکان، هەر هەموویان تورکی ئازەربایجانن. هاوکات لەکۆیی ١٧ نووسینگەی جێبەجێکاری پارێزگار، ١٤ نووسینگەیان لەلایەن تورکەکان بەرێوەدەبرێن، دوویان لەلایەن کوردەکان و یەکیشیان لەلایەن فارسێک بەرێوەدەچێت.
هاوکات گرنگترین خاڵیش ئەوە بوو کە لەسەردانێکی حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە ساڵی ٢٠١٩، لەجیاتی بەکارهێنانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، ناوی ئۆرمێی بەکارهێنا. ئەو ناوەی کوردەکان پێیان خۆشە بەکاریبهێنن. لەگەڵ ئەوەش بەکارهێنانی ئەو ناوە بۆ دڵخۆشکردنی کوردەکان نەبوو، بەڵکوو هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئانکارا بوو کە ئەو ناوچەیە وەکوو بەشێک لە جیهانی تورک سەیر دەکات.
پشتیوانی تورکیا لە ئازەرییەکانی ئێران لەچوارچێوەی جیهانی تورک لەچەند ساڵی رابردوودا پەڕەی سەندووە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لەرەجەب تەیب ئەردوغان لەچوارچێوەی بەشدارییەکی لە نمایشێکی سەربازی کۆماری ئازەربایجان لە باکۆ کە بۆ سەرکەوتنی ئازەربایجان بەرامبەر ئەرمینیا رێکخرابوو، کۆپلە شێعرێکی خوێندەوە کە ناوەرۆکەکەی داوای لەهەموو تورکەکان دەکرد کە هەوڵ بۆ ئازادی ئازەربایجانی رۆژئاوا بدەن. کاردانەوەی کەم وێنەی ئێران گەیشتە ئاستێک کە هەردوولا دیپلۆماتکارەکانیان لە وڵاتی یەکتر کشاندەوە. مەولود چاوشئۆغلوو وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا لەگەڵ مەحکوومکردنی کاردانەوەکانی ئێران، روونیشیکردەوە کە ئەردۆغان لە هەستیاربوونی ئەو کۆپڵە شێعرە ئاگادار نەبووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئێران ساڵانێکە سیاسەتی پشتیوانیکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە پێرەو دەکات، ئەوەش لەلایەک بۆ لاوازکردنی حزبە کوردستانییەکانی دیکەی وەکوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە و، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ پەرەپێدانی ناکۆکییەکان لەگەڵ تورکیا کێبەرکێکارە ناوچەییەکەی دەکات. پەیوەندی تاران لە گەڵ پەکەکە بۆ ساڵی ١٩٨٢ دەگەرێتەوە، ئەو کاتەی ئێران پارتی دیموکراتی کوردستان لەعێراقی رازی کرد کە رێگە بە پەکەکە بدات کە بنکەکانیان لە باکووری عێراق بکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەش، دینامیکەکان گۆرانکاریان بەسەردا هات، کاتێک خەڵک لە شارەکانی کوردستانی ئێران لەهەمبەر دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ خۆپێشاندانیان کرد. ئەو خۆپێشاندانانە بۆ بەرگریکردن لە ئۆجالان بەخێرایی بووە خۆپێشاندان لەدژی حکومەتی ئێران بۆ بەدیهێنانی مافی کوردەکان. حکومەتی ئێران بەتووندی وەڵامی خۆپێشاندانەکانی دایەوەو بە سەرکوتکردن سەدان کەسی کوشت و زیاتر لە دوو هەزار کەسی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەستبەسەر کرد. جگە لەوەش ئێران داوای لە پەکەکە کرد کە هێزەکانی لە ناو خاکی وڵاتەکەی بکشێنێتەوە، پێشتر لە ساڵی ١٩٨٧ رێگەی پێدابوون لەناو خاکی ئێران بنکە بکەنەوە.
خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٩٩٩ لە کوردستانی ئێران بە روونی دەریخست کە پەکەکە توانیویەتی پشتیوانییەکی زۆری کوردەکان لە ئێران بۆ لای خۆی رابکێشێت و بیانجولێنێت. لەراستیدا زۆرینەی کوردەکانی ئێران لە دوای ساڵی ١٩٩٩ پەیوەندیان بە پەکەکە کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک تایبەت بە کوردستانی ئێران دابمەزرێنێت. لەسەر ئەو بنەمایە، ئێران سیاسەتی خۆی گۆری و سیاسەتی پشتیوانیکردن لە عەلەوییەکان گرتەبەر، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەولەویەتدان بە شوناسی مەزهەبی بەرامبەر شوناسی کوردی بوو. ئەوەش ئەو دەرفەتە بە ئێران دەدات بەبێ ئەوەی بزاڤێکی کوردی لەناوخۆ دروست بکرێت، بەرامبەر تورکیا بوەستێتەوە.
ئەنجامگیری
سیستەمی ئیسلامی ئێران کە بەتووندی وەبەرهێنانی لەسەر بنەمای ئیسلامی شیعی کردووە، ئێستا لەناوخۆ و دەورووبەری لەگەڵ گرفتی نەتەوەگەرایی بەرەوروو بووەتەوە. ئەو هێزە نەتەوەیی و قەومییە بەتایبەت لەنێو لاوە تورکەکانی ئازەربایجان لە شوناسی مەزهەبیان بەهێزتر بووەتەوە، لەکاتێکدا حکومەت هەوڵی پەرەپێدانی هویەتی مەزهەبی ئەوانی دەدا. ئەو خەڵکە ئێستا بەرەو نەتەوەگەرایی تورکی رۆیشتووە، ئەوەش گرفتێکی جیدی بۆ ئێران دروست دەکات، ئەگەر ناکۆکییە ئەتنیکییەکان لەناوخۆ بەردەوا بێت و دەستێوەردانیش لەکاروباری یەکتر رانەگرن، ئەگەری دووپاتبوونەوەی مێژوو هەیەو شەڕە ساردە درێژمەوداکەی نێوان تورکیا و ئێران بەرەو گەرمبوون دەروات. ئەگەر ئەو پرۆسەیە رانەگیرێت، جێگرەوەکانی ئیمپراتۆرییەکانی پێشووی عوسمانی و فارس رەنگە تووشی پێکدادانێکی سەربازی لە سنوورەکانیان بن. لەگەڵ ئەوەش جیاوازییە تائیفییەکان لەنێوان ئازەرییە شیعە مەزهەبەکانی ئێران و تورکە سونییەکانی تورکیا لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نابێت،
پێگەی لاوازی ناوخۆیی ئێران، گرفتی دوورکەوتنەوەی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە دوو بەربەستن بۆ ئەوەی ئێران لەئێستادا ئێران راستەوخۆ بەرەنگاری تورکیا ببێتەوە. تەنانەت لەکاتێکدا تورکیا پشتیوانی لە ئازەرییەکانی ئێران دەکات و هاوکات هەڕەشەکانی بۆ رووبەرووبوونەوەی پەکەکە لەسەر سنووری ئێران ناشارێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەش بۆ تاران و ئانکارا وا باشترە کە درێژە بە ناکۆکییە ئەتنیکییەکان لە ناو خاکی یەکتر نەکەن، چوونکە بەهۆی تایبەتمەندی فرە ئەتنیک و مەزهەب بوونی هەردوولا کۆکردنەوەی دۆخەکە بۆ هەردوولا زۆر دژوار دەبێت.
شوکریا برادۆست خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی ڤێرجینیا تەکی ئەمریکا، خاتوو شوکریا زۆرتر توێژینەوە لەسەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات، چەندین وتاریشی لەسەر گۆرانکارییە ژیۆپۆلیتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستی لە ژورنال و میدیا بەناوبانگەکان بڵاوکردووەتەوە.