راوێژکاری نێودەوڵەتی رێبەری ئێران دەڵێ ئەوان ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکەنەوە، بەڵام بەو مەرجانەی پێشوو هەمان بوون و یەک هەنگاویش لێیان پاشەکشێ ناکەین. کەماڵ خەرازی راوێژکاری نێودەوڵەتی رێبەری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکا رایگەیاند، تاران لەو مەرجانەی کە بەر لە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەیانبووە، یەک هەنگاو پاشەکشێ ناکەن. خەرازی دەڵێ ئەوان ئامادەن دانووستاندنە ئەتۆمییەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام بەو مەرجانەی کە پێشتر هەمانبوو. ئەو راوێژکارەی خامنەیی ئاشکرایکرد، ئەوان دەبێ مافی پیتاندنی یۆرانیۆم-یان هەبێت و هاوکات پرۆژەی مووشەکی باڵستیکی ئێرانیش بە تەواوەتی لەسەر مێزی دانووستاندنەکان لابدرێت. کەماڵ خەرازی داوا دەکات، سەرەتا ئەمریکا هەنگاوی یەکەم بهاوێت و رێز لە مەرجەکانی ئێران بگرێت، بۆ ئەوەی دانووستاندنەکان لەسەر بنەمای رێز و یەکسانی بێت. ئەو لێدوانەی خەرازی لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە دیداری سێ رۆژ لەمەوبەری لەگەڵ محەمەد بن سەڵمان جێنشینی عەرەبستان رایگەیاند، ئێران بەردەوام داوای گفتوگۆکردن دەکات.