بە بۆنەی ۲۵ی نوامبر ستەم لەسەر ژنان دیاردەیێکی ساختارمەندانە و چەندڕەهەندییە کە یەکێک لەم ڕەهەندانە توندوتیژیی سیستەماتیکە. ئەگەرچی تاک لەم خوێندنەوەیەدا بەتەواوەتی پەسیڤ نییە بەڵام توندوتێژی وەکوو کردەوەیێکی بەکۆمەڵ کە دەرهاویشتەی بنکە و ساختارە عەینی و زەینییەکانی نێو کۆمەڵگایە لەوانە عورف، یاسا، فەرهەنگ، نۆرم، ئایین، ئابووری و ... دەخرێتە بەر باس. جمگەبەندیی ستەمی جنسی و توندوتێژیی دژ بە ژنان لە نێو کانتێکستی داگیرکەر-داگیرکراویدا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ستەمی جنسی هاوئاست لەگەڵ ستەمی نەتەوایەتی، ڕەچەڵەکی، ئایینی و چینایەتی بەرهەم و دەرهاویشتەی ئەو دۆخەیە و ڕزگاربوون لە دۆخی داگیرکراوی گرێدراوی ڕزگاریی ئەم لایەنەیە. لێرەدایە کە ڕۆڵی ژنان لە ڕزگاری لە ژێردەستەیی ئەرێنی و ڕاستۆخۆیە و وەکوو پێشەنگی ئەم بزاڤەیە (بزاڤی ڕزگاری لە ژێردەستەیی (خاک_جێندەر) و لە خزمەتی ڕادیکاڵیزەکردنی بزاڤی ڕزگاری لە ژێردەستەییدایە. لێرەدایە کە ژنان ئەبێ لە ڕوانین و ئەزموونی ژینکردی خۆیان بە پێناسەیێکی نوێیەوە هەبوونی خۆیان لە مەیدانی گشتی لە بەرانبەری مەیدانی تاکەییدا وەکوو ئەمری واقێع بسەلمێنن. ئەم شوناسە بەکۆمەڵەی ژنان لە کوردستاندا پێویستی بە خوێندنەوەیێکی کوردستانییە بۆ پرسی ژنان تاکوو لەم خوێندنەوەیەدا فاکتەرەکانی شوناسی یونیڤرساڵی ژنان بکەونە بەر پرسیار و ببنە خاڵی دەسپێکی دابڕانی ژنی کورد لە ژنی فارس و ئەم دابڕانە دەسپێکێکە بۆ پێرسپێکتیڤێکی نوێ لە مەعریفەتی فێمێنیزمی کوردستانی و ڕاسانی هزری_گوتاری هەمبەر نەریت ،کۆمەڵگا، پیاوان، دەسەڵات و تەنانەت ژنانی پیاومەزنیشەوە. هەر بۆیە ژنی کورد وەکوو سووژەی سەرهەڵدراو و خەباتکارێکی ڕووناکبیر هەوڵ بۆ بردنەژێرپرسیاری تەواوی ئەو دیاردەگەلەی دەدات کە لە لایەن ساختارەکانەو و لە ڕێگەی توندوتێژیی هێمایینەوە هەوڵ بۆ سڕینەوە، نەدیتن و وەلانانی ژنان لە هەموو مەیدانە گشتییەکاندا دەدات و پاشان ئاساییان دەکاتەوە. یەک لەوانە بە ستاندارسازی و پێناسەکردنی ژنی ماڵ (حەوزەی تاکەیی) وەکوو پێناسەی مەعقووڵ هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی سەرکوت و سڕینەوەی ژنان دراوە. لەم ساتەوەختە ئەرکی تاکی کوردستانی شێواندنی ئەمرە ستەمییە ئاساییکراوەکانی دەسەڵاتە و دەبێ پێناسەی ئەمری ئاسایی بەرەو ئەمرێکی سووک و گەمژانە ببات کە لێرەدا هەر چەشنە توندوتێژییەک لە لێدان و کوشتن و.. تا ڕەنگدانەوەی ئەم دیاردەیە لە ساختاری زمانی و ئاندرۆسێنتریزمی، لە هەر دوو حەوزەی تاکەیی و گشتیدا وەکوو کردەوەیەکی قێزەوەن و هاوتەریب لەگەڵ دەسەڵاتی سەرکوتکەر و ملهوڕ پێناسە دەکرێت. #ڕێکخراوەی_نۆژین