پارتی ئازادیی کوردستان سەبارەت بە بەرپەلامارکەوتنی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو وتی: «وەک هەمیشە روون و ئاشکرا پشتیوانیی لەو هێرشانە و لە پڕۆسەی لە ناوبردنی تواناییە لەشکری و ئاسایشییەکانی ئێران دەکەین» لە راگەیاندراوی پاک-دا هاتووە:"دەوڵەتی ئێران لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا بە گشتیی و ٤٦ ساڵی کۆماری ئیسلامیی بەتایبەتیی، بە نرخی برسییکردنی خەڵک، داهاتی گشتیی لە پڕۆژە و بواری لەشکریی و ئاسایشی و تێرۆریستیی دا، خەرج کردووە؛ لە حاڵێکدا هەرگیز لە هیچ شەڕێکی دەرەکییدا سەرکەوتوو نەبووە و کۆی مەکینەی جەنگ و ئاسایشی لە خزمەت سەرکوتی نەتەوە بندەستەکان و پاراستنی قەوارە ناڕەسەن و ئیستیعمارییەکەیدا بووە." پارتی ئازادی کوردستان پشتیوانی لەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی تواناییە لەشکەری و ئاسایشییەکانی ئێران دەکات. پاک داوای راپەرینی خەڵکیش دەکات و دەڵێ:" بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاریی بە ڕێژیم یان پچووک کردنەوە و لە تاران پەستاوتنی، لەسەر راپەڕینی سەرانسەریی نەتەوەکان پێدادەگرێ و هیوادارە کە راپەڕینی گشتیی خەڵک کۆتایی بە٤٦ ساڵ حوکمی تاوان و تاڵان بێنێ." هاوکات پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پەژاک، سەبارەت بە باروودۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین بەرگری لە گەلەکەمان و گەلانی دیکەی ئێران بکەین لە بەرامبەر هەر چەوساندنەوە و هەڕەشەیەكی کوشتن و لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا بەرگری لە ماف و بوونمان دەکەین. داوا لە هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە خۆیان لە ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتییکەکاندا ڕێکبخەن و بە هاوپشتییەکی تەواوەوە کاریگەرییە تێکدەرەکانی شەڕ لەسەر یەکتر کەم بکەنەوە. پێکهێنانی گرووپ بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی شەڕ، کۆمیتەی ناوخۆیی بۆ ڕزگارکردنی بریندارەکان، لیژنەکانی هاوکاری دارایی، هەروەها دامەزراندنی ئیدارەی خۆجێی و دوورخستنەوەی بە کرێگیراوانی حکومەت لەبارەی كاریگەرییان کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان، دەتوانن هەنگاوی گرنگ بنێن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خۆبەڕێوەبەری و دیموکراسی.