کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی وەک هۆکاری سەرەکیی چەند دەیە سەرکوت، شەڕگێڕی و دروستکردنی قەیرانی لە ئێران و ناوچە دەزانێت و داواش لە رێکخستنی ناوخۆیی و پێکهاتە جەماوەرییەکان دەکەن، خۆیان بۆ تێپەربوون لە قۆناغی داڕمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە بکەن. دەقی بەیاننامەکە: لەم بیانیەیەدا داوا لە خەڵکی کوردستان کراوە تا بە ڕێکخستنی ناوخۆیی و دروستکردنی پێکهاتە جەماوەرییەکان، خۆیان بۆ تێپەڕین لە قۆناغی داڕمانی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکەن. هێرش بۆ سەر حکوومەتی ئێران و کوژرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسە هەرە باڵاکانی ئەو حکوومەتە ئاکامی زیاتر لە چوار دەیە سەرکوتی خەڵک، ئاژاوەگێڕی و تیرۆر لە ئێران، ناوچەکە و جیهانە. کۆماری ئیسلامیی هەر زۆر زوو پاش بە دەسەڵات گەیشتن، شەڕی دژی ژنان و نەتەوە ژێردەستەکان ڕاگەیاند و خولقاندنی نەورۆزی خوێناویی سنە و هێرش بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنەوەی دوبارەی کوردستانی ڕزگارکراو یەکەم هەنگاوی سەپاندنی دەسەڵاتیان بوو. تاوانەکانی ئەم حکوومەتە بە نانەوەی شەڕ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی، تەیارکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە چەندین وڵات، خەرج کردنی پووڵ و پارەیەکی زەبەند بۆ بەرنامەی ئەتۆمی و هاژەکیی بۆ پاراستنی خۆی و هەوڵ بۆ دامەزراندنی ئیمپیراتوورییەکی ئیسلامی، دۆخێکی خولقاند کە ئاکامەکەی شەڕ و ماڵوێرانی، چارەڕەشی و هەژاریی خەڵک، ئابووریی نەخۆش و ناسەقامگیر، گوشاری نێونەتەوەیی و دەرەکی و ناڕەزایی توندی خەڵک لە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتیدا بووە. لە هەموو ئاژاوە و کێشەکانی ناوچەکە شوێن دەستی حکوومەتی دیکتاتۆریی ئێران دەبیندرێ، دەسەڵاتێک کە لە حاڵێکدا خەڵکی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی بە توندی سەرکوت دەکا دروشمی ڕزگارکردنی خەڵکی وڵاتانی دیکە دەدا و درۆزنانە خۆی بە لایەنگری مافی خەڵک لەو وڵاتانە لەقەڵەم دەدا. دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکە بێجگە لە شەڕ و ماڵوێرانی بۆ ئەوان و هەژاری و گوشار بۆ سەر دانیشتوانی ئێران هیچ ئاکامێکی نەبووە. کارنامەی ڕەشی حکوومەتی ئێران بە درێژایی تەمەنیەتی و بێجگە لە مافیای دەسەڵاتداران و پاسدارانی حکوومەت و دەستوپێوەند و کەسە نزیکەکانیان هیچ کەس قازانجێکی لە بوونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران نەکردووە. کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی ئاژاوە و هۆکاری سەرەکیی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەیە و نەتەوەی کورد لە ئاکامی سیاسەتەکانی ئەم حکوومەتە زیاترین زەرەر و ئازاری بەرکەوتووە. ئەو فەرماندانەی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ئێران کە لە هێرشی ئیسرائیل تا ئێستە کوژراون تاوانبارانی شەڕ لە کوردستان و داڕێژەرانی پیلانی هێرش بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانن. ئەم پاسدارانە ئەوانەن وا لە سەر حیجابی زۆرەملێ ژیناکانیان کوشت و زیندانییە سیاسییەکانیان تەنها لەبەر ڕادەربڕین گوللەباران کرد، ئەمانە لەوەتی هەن دژی سەربەستی و مافی ڕەوای نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە و دژی ژن و دژی ئازادی و دژی شادی و ژیانی ئینسانیی خەڵک بوون. ئەمانە تاوانبارانی ٤٦ ساڵ سەرکوت و بێمافیی خەڵکن. ئەمڕۆ دەرکەوت ئەم تاوانبارانە کە تا مردن دەسیان لە هەڕەشە کردن لە خەڵک هەڵنەگرت، تەنانەت نەیانتوانی ئەمنییەتی خۆیان بپارێزن و ئاگرێک کە هەڵیانگیرساند و ساڵهایە ماڵی خەڵک دەسووتێنێ و قوربانیی لێدەکەوێتەوە، خۆیانی کردە سووتەمەنی. هێزە تیرۆریستەکانی سپای پاسداران کە لە سەرکوتی خەڵک و تیرۆری چالاکانی سیاسیدا دڕندە و بێڕەحم بوون لە بەرانبەر هێڕشی دەرەکیدا لاواز و ترساون و هیچیان لەدەست نایە. ئێستە ئەم دەسەڵاتە دژە مرۆڤە لەوپەڕی لاوازی و لە پەلەقاژەی لەناوچووندایە. نەتەوە مافخوراوەکانی ناو جوگرافیای ئێران، کرێکاران و چینی زەحمەتکێش، ژنان و لاوان و هەموو چین و توێژە مافخواراوەکان لە ئاکامی ئەم لاوازییەی حکوومەتدا بوونەتە خاوەن دەرفەتێک کە بۆ هەمیشە ئەم کۆتی ستەمە لە مل خۆیان بکەنەوە و ببنە خاوەن سەروەری و دەسەڵاتی خۆیان. خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە لە لاوازبوونی دوژمنیان واتە دەسەڵاتدارانی ئێران و کوژرانی گەورە تیرۆریستانی سپای پاسداران و هێزەکانی حکوومەت کە دەستی باڵایان لە سەرکوت و خوێن ڕەشتن و ئیعدام لە کوردستان بووە، شاد بن بەڵام ئاشکرایە بۆ نەتەوەی کورد شەڕی کۆتایی و ئەو خەباتەی دەمانگەیەنێتە ڕزگاری هەر دەبێ خۆمان بیکەین و داهاتوویەکی شیاو بۆ کوردستان لە لایەن هیچ کەس و دەسەڵاتێکی دیکەوە بێجگە هێزی جەماوەر مسۆگەر نابێ. ئەمڕۆ ڕۆژی یەکگرتوویی و هەستانەوەی جەماوریی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە لەمێژینەکانیان. خەڵک لە کوردستان دەبێ ئەم هەلە بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە و خۆیان بۆ ڕاماڵینی هێزی داگیرکەر و دواڕۆژی پاش حکوومەتی ئێران ڕێکبخەن و بێنە مەیدان. خەڵکی کوردستان دەبێ ئامادە بن ئەمنییەتی خۆیان دابین بکەن و بۆ بەرگرتن بە بشێوە و ئاژاوە کۆنتڕۆڵی ناوەند ئابوورییەکان و شوێنە گرینگەکانی وڵات بگرنە دەست و هەوڵ بدەن کوردستان بە کەمترین خەسارەوە لەم قۆناغە تێپەڕ بێ. هەڵبژاردنی شووراکانی گەڕەک و شار هەنگاوێکە کە دەتوانێ ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی هێزی جەماوەر لە ئێستە و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەکتەری سەرەکی بێ و خەڵک خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. خەڵک دەبێ خۆیان شار و دێهاتەکانیان و شوێنی ژیان و سەرچاوە ئابوورییەکان بپارێزن و ناوەندە نیزامییەکان کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی بە هێمنی لەم قۆناغە تێپەڕ بن. دەسەڵات بەسەر خاکی کوردستاندا مافی خەڵکی کوردستانە و هەر دەسەڵاتێکی سیاسی کە لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد خۆی بە سەر ئەم وڵاتەدا زاڵ بکات، نایاسایی و ناڕەوایە. داگیرکراوبوونی کوردستان ڕێگری سەرەکیی سەروەری، ئازادی، یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، و بەختەوەریی نەتەوەی کورد و کوردستانییەکانە و ئێستا کە حکوومەت لە لاوازترین دۆخدایە خەڵک دەتوانن و دەبێ ئەو ئیرادەیە بنوێنن و ئەو مافانەیان دەستەبەر بکەن. شۆڕشی ژینا و دەسکەوتە بەنیرخەکانی کە بە خوێن و ئارەقەی هەزاران خەباتکاری کوردستان دەستەبەر کراون دەتوانن بنەمایەکی باش بن بۆ ئەوەی داهاتووی کوردستانیان لەسەر دامەزرێنین. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ناوەرۆکی ڕزگاریخوازانە، یەکسانیخوازانە، دادپەروەرانە و ئازادانەی هەیە و مانیفیستێکە بۆ دواڕۆژی کوردستان. یەکگرتوویی و هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات فاکتۆرێکی گرینگی دیکەی هەمیشە و بەتایبەتی ئەمڕۆی خەباتی ڕگاریخوازانە و مافخوازانەی کوردستان بووە و هەیە. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوا لە هەموو حیزب و ڕێکخراوە و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی خێرادا و لە سەر بنەمای هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە دەسەڵاتی داگیرکەری داڕماوی کۆماری ئیسلامی، هاوکاریی بکەن و پێکەوە پلانێکی گونجاو بۆ دۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داڕێژن. کوردستان پێویستی بە هێزی هەموو چالاکان و خەباتکارانی هەیە و ئەمڕۆ هەلێکی مێژوویی دەسکەوتووە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات و خۆڕاگری و مافخوازیی هەیە و لە شۆڕشی ژینا و لە نەورۆزی ئەم ساڵدا ئیرادەی بەهێزی کوردستان بۆ ڕزگاری و سەربەستی و یەکسانی بە ڕوونی خۆی دەرخست. ئەم ئیرادەیە لە دۆخی ئەمڕۆدا دەتوانێ و دەبێ ببێتە هەوێنی خەباتێکی جەماوەریی بەرینتر لە هەمیشە و دەسەڵاتی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی بۆ هەمیشە لە کوردستان ڕاماڵێ. سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بژی هاوپشتی و ئیرادەی یەکگرتووی جەماوەر دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی ١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٥ زایینی