9 . گەلاوێژ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

نیۆیۆرک تایمز: ئەو هاوینە ئاڵۆزی لەئێران روودەدات

نیۆیۆرک تایمز: ئەو هاوینە ئاڵۆزی لەئێران روودەدات
31 . پووشپەڕ . 2725

کۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای شەڕی ١٢ رۆژە رووی لە جۆرێک لە نەتەوە خوازیی کردووە، پێشبینی ئەوەشیکردووە لەو هاوینەدا بەهۆی کێشە قووڵە ناوخۆییەکان، ئاڵۆزیی لەناوخۆی ئێران رووبدات.

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکا لە ژمارەی رۆژی سێشەممەیدا راپۆرتێکی تایبەتی لەسەر دۆخی ئێران بڵاوکردووەتەوە، لەراپۆرتەکەدا هاتووە لەدوای شەڕی ١٢ رۆژەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی میللی رووی لە جۆرێک لە نەتەوەخوازی (ملی گرایی) کردووە.

لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بە بڵاوکردنەوەی سرود و شێعری نەتەوەیی لە رێورەسمەکانی موحەڕەمی ئەمساڵ کردووە. راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، دەسەڵاتدارانی ئێران پێیانوابوو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەتوانێ تووڕەییەکی میللی دروستبکات، ئەوانیش لەوە دەترسان بەهۆی دۆخی ئابووری و سیاسیی ناوخۆ، ئەو تووڕەییە دۆخێکی ئاڵۆزیان بۆ دروستبکات، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵیدا لەرێگەی نەتەوەخوازیی ئاراستەی هەستی خەڵک لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن.

لەگەڵ ئەوەش رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، لەسەر زاری شرۆڤەکاران پێیوایە، قەیرانی ئابووری، گەرمای زۆرو کەمی سەرچاوەکانی ئاو، کارەبا و سووتەمەنی و نەبوونی ئینتەرنێتی گونجاو دۆخێکی دروستکردووە، تەقینەوەی نارەزاییەتییەکان لەناوخۆی ئێران لە ئان و سات دایەو پێشبینی ئەوەش دەکات، هەر لەو هاوینەدا ئاڵۆزیی لەناوخۆی ئێران دروست ببێت.
راپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز باس لەوە دەکات، تەنانەت ئەگەر جارێ شەپۆڵی میلی گەرایی یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بدات، دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟ عەلی ئەنساری بەرێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ئێران لە زانکۆی سەنت ئەندروز بە رۆژنامەکەی وتووە:" کاتێک دۆخەکە بەرەو ئاسایی بوون رۆیشت، خەڵکی ئێران دەست بە پرسیار دەکەن و دەبینن کە هێشتا قەیرانی ئابووری، کێشەی ئاو، کارەبا و گازیان هەیە." ئەوەش دەتوانێ خۆپێشاندانی گەورەی لێبکەوێتەوە، چوونکە ئەو حکومەتە ناتوانێ هەموو ئەو قەیرانانە چارەسەر بکات.