شەش ئاکادیمیسییەنی رۆژهەڵاتی کوردستان نەخشەڕێگەیەکیان لەژێر ناوی "به‌ره‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی نیشمانی بۆ ڕۆژهه‌ڵات، پێشنیار بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان" بڵاوکردووەتەوە. ئەوان لە پێنج خاڵدا باسی دۆخی هەنووکەیی دەکەن، هاوکات پێشنیارەکانیان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە باس دەکەن. دەقی نووسینەکە: به‌ره‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی نیشمانی بۆ ڕۆژهه‌ڵات پێشنیار بۆ هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی کوردستان دوکتور فەریدوون ڕحمانی، دوکتور جەواد چەمەن‌ئارا، دوکتور مەنسوور سوهرابی، دوکتور سەلاح بایه‌زیدی، دکتور فەراز فیرووزی،دوکتور بێهرووز چەمەن‌ئارا پێشه‌کی ئه‌م نووسراوه وه‌کوو ده‌سپێکێک بۆ به‌دیهێنانی نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی ستراتیژیک به مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگێندراو له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری ڕووخانی ڕژیم، ده‌خرێته به‌رده‌ستی هێز و چالاکوانانی سیاسیی کوردی ڕۆژهه‌ڵات. لێره‌دا، به له‌به‌رچاوگرتنی ، مه‌ترسییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان و پێنج سیناریۆی پێشبینیکراو شی کراونه‌ته‌وه و گه‌ڵاڵه‌یه‌کی ده-خاڵی پێشنیار کراوه. مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسی به مافێکی سه‌ره‌تاییی مرۆڤ ده‌زانین، وێڕای ئه‌مه، له ئه‌گه‌ری مانه‌وه له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی یه‌کپارچه، به‌رنامه‌یه‌کی چه‌ندلایه‌نه‌ی چالاک و گونجاو بۆ حوکمڕانی، له سه‌ر بنه‌مای یه‌کیه‌تی، چاودێریی مه‌ده‌نی، گشتگیری و دیپلۆماسیی چالاک، به ئامانجی به‌رزکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسیی کورد بۆ داهاتووییه‌کی فیدراڵی و دیموکراتێک له ئێران پێشنیار ده‌کرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی چه‌ندین ئاژاوه‌ی ناوه‌کی و ده‌ره‌کیی نوێ بووه. ڕووخانی ئابووری، شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ناوچوونی ژینگه و په‌راوێزکه‌وتوویی به‌رده‌وامی سیاسی ڕێگایان بۆ ڕووخان یان گۆڕانی پێکهاته‌یی خۆش کردووه. بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد، ئه‌م کاته مێژووییه، ده‌توانێت هاوکات هه‌م ده‌رفه‌تی ستراتیژیکی گه‌وره‌ی تێدا بێت و هه‌م مه‌ترسیی پێکهاته‌یی و کوشنده. له نه‌بوونی کرده‌وه‌ی پێشوه‌خته و پێشگیرانه‌دا، بۆشاییی ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت ببێته هۆی ئاژاوه، توندوتیژیی و ده‌ستێوه‌ردانی بیانییه‌کان و لێکبڕانی ناوخۆ. سێناریۆ پێشبینیکراوه‌کانی داڕمان بریتین له: 1) داڕمانی وردە وردەی ڕژیم و دەستپێکردنی دانووستان بۆ نەزمێکی دەستووریی نوێ؛ 2) بۆشایی لەناکاوی دەسەڵات و دروستبوونی ناوەندە ناکۆکه‌کان، پێکدادانی چەکداری و دەستێوەردانی دەرەکی؛ 3) داڕمانی ئەندازیاریکراو و گۆڕینی ده‌سه‌ڵات به ده‌وڵه‌تێکی دانراو؛ 4) گواستنەوەی بەڕێوەبردراو بە کەمترین گۆڕانکاریی پێکهاتەیی، بە سەرکردایەتی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. 5) مانه‌وه‌ی دەسەڵاتێکی ناوەندیی لاواز، به ئه‌گه‌ری بووژاندنه‌وه‌ی پێکهاته‌ی پێشوو، چاکسازیکراو، یان له ڕێگای گۆڕانی ناوه‌که‌یه‌وه، کە دەسەڵاتی ناوەکی دەهێڵێتەوە بۆ هێورکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی و گوشاره نێونه‌ته‌وه‌ییەکان. هەموو ئەم سیناریۆیانە کاریگەریی قووڵیان لە سەر ئابووری، سیاسەت، ئاسایش و ئه‌و ئامانجه دیموکراتیکه‌کانه‌ی هەیە کە دەیان ساڵە ئامانجی خەباتی نه‌ته‌وه‌ی کوردن. لە هەلومەرجێکی وادا زۆر گرنگە کە ئەکتەرە سیاسیەکانی کورد بەیەکگرتوویی و دووربینی و وردبینیی ستراتیژییه‌وە مامەڵە بکەن تاکوو بتوانن به‌رزترین ئاستی ماف و ئاسایش و ئامانجی گەلەکەیان بپارێزن؛ لە هەمان کاتدا به پێی پێویست و به له‌به‌رچاوگرتن و هه‌وڵ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی زۆرینه‌ی مافه‌کانی گه‌لی کورد، کاریگەریی چالاکیان له دامەزراندنی چوارچێوه‌یه‌کی سیاسیی دێموکراتیک هه‌بێت. ب زووتنەوەی سیاسی کورد لە ئێران، به‌رده‌وام له پارچەپارچەبوون، پەراوێزخستن و ناکارامەیی خه‌ساری بینیوه؛ ئەمەش بە هۆی هۆکاره‌کانێک بووه وەک سنوورداربوونی ئاسۆی حیزبی و ئایدیۆلۆژی، ناهاوسەنگی نوێنەرایەتیی ناوچەیی، لاوازبوونی دامەزراوەیی‌سازیی دێموکراتیک و لاوازی لە دروستکردنی گوتارێکی هەمەلایەنەی پێناسه‌یی بۆ کورد. سەرەڕای خەباتی قارەمانانە بۆ گەیشتن بە خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و مافە بنەڕەتییەکان، وەک خۆتان ئاگادارن هەوڵه‌کان به‌رده‌وام له ژێر کاریگه‌ریی که‌موکۆڕیگه‌لێک بوون وه‌کوو: 1) نەبوونی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوو، کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەجێندای دژ بەیەک، کێبڕکێ بۆ کاریگه‌ری و له ده‌ره‌نجامدا شکستهێنان لە بەرهەمهێنانی یەکگرتووییه‌کی ستراتیژیک؛ 2) نه‌بوونی پلانی کارامه‌ی دیپلۆماسی و فه‌رهه‌نگی، لەسەر ئاستی وڵات، ناوچه و نێودەوڵەتیدا؛ 3) لاوازی لە پته‌وکردنی هاوپەیمانیی ستراتیژیک لەگەڵ هێزه ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی ئێران، کە بووەتە هۆی دابڕانی سیاسی بزووتنەوەی کوردی لە ساتەوەختە گرینگەکاندا؛ 4) لاوازی لە چارەسەرکردنی واقیعبینانه بۆ بەدیهێنانی مافی دیاری کردنی چارەنوسی سیاسی وهەر چه‌شنه سه‌روه‌رییه‌کی سیاسیی دیکە– له ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی و حزبی؛ 5) دیارنه‌بوونی پلانی پێشوه‌خته و بیرکراوە بۆ حوکمڕانی و ئاسایش و ئیدارەی ناوچه لە قۆناغەکانی گواستنەوەدا، ئەمەش مەترسی ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانی ئەکتەرە دەرەکییەکانی زۆر زیاد کردووە. لەم هەلومەرجە مەترسیدارەی ئێستادا، درێژەدان بەو کەموکوڕییانە دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتە مێژووییەکان، سەرهەڵدانی گرژیی نێوخۆیی، لاوازبوونی ناوبانگی گشتی و شکستهێنان له دەستەبەرکردنی پێگەیه‌کی قانوونی. ئێمە، لە پێشهاتە خێرا و ناجێگیرەکانی ئەمڕۆدا نیگەرانین، وێڕای ڕێزمان، ئەم پلانە دە خاڵییە پێشنیار دەکەین و داوا لە هەموو ڕەوتە کاریگەرەکان و تاکە بڕواپێکراوه‌کان دەکەین کە بە وردی سه‌رنجی خاڵه‌کان بده‌ن و له‌به‌رچاویان بگرن. ئەم پێشنیارەش وه‌ک پێشنیاره هاوشێوه‌کانی دی، هەناوێکه به‌ره‌وه سازدانی نەخشەڕێگایەکی واقیعی بۆ کەمکردنەوەی پچڕان، زیادکردنی هاوکاری و یەکگرتنی ستراتیژیک لە پرۆسەی گواستنەوەدا. پێشنیاره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئێمه بریتین له: 1) پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسیی یەکگرتوو: هەموو لایەنە کوردییەکان بەبێ گوێدان بە جیاوازییەکان، کێشه‌کانی ڕابردوو و فرەچەشنی داخوازییه‌کان، دەبێت دەستەیەک له هێزه‌کان، که‌سایه‌تییه‌کان و نوێنەرانی کۆمه‌ڵگا پێکبهێنن کە بتوانێت بە فەرمی و مه‌شرووع، بە یەک دەنگ، بەناوی گەلی کوردستانەوە لە کۆڕ و کۆڕبەندە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا قسە بکات، دانووستانه‌کان بەڕێوە ببات و ستراتیژیی هاوبەش بگرێتە بەر. 2) پابەندبوون بە خەباتی ئاشتیانە: هاوکات له‌گه‌ڵ پێداگری له‌سه‌ر مافی بەرگریکردن لە خۆ، به مه‌به‌ستی پێکانی ئامانجه نیشتمانییه‌کان ئەولەوییه‌ت به دانووستاندنه سیاسییەکان، ڕێکخستنی خەلکی و دیپلۆماسی بدرێت. 3) داڕشتنی پلانێکی گشتگیری حوکمڕانی بۆ قۆناغی ڕاگوزا‌ر: زۆر گرنگە پلانێکی فره‌ڕه‌هه‌ندی گشتگیر و پسپۆڕانه بۆ ئیدارەی ناوچه‌کانی کوردستان لە قۆناغی ڕاگوزاردا دابڕێژرێت کە هەموو بوارەکانی ئەمنی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دادوەری و سەقامگیری ئابووری تێدا بینرابێت. 4) یەکخستنی سەرجەم هێزە چەکدارەکان لەژێر چاودێرییه‌کی مەدەنیدا: پێویستە سەرجەم هێز و پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە حزب و گروپە جۆراوجۆرە کوردییەکان له نێو هێزێکی سه‌ربازیی ڕێکخڕاو و یەکگرتوو ڕێک بخرێن، به چه‌شنێک کە لەژێر چاودێریی بەرەیەی سیاسیی یەکگرتوو، هه‌م پشتیوانی به‌ره‌ی سیاسیی کوردستان بێت و هه‌م بتوانێت به‌پێی پێویست هاوکاری هێزە دێموکراتیکه‌کانی دیکەی ئێران بێت. 5) پێکهێنانی هاوپەیمانیی دامەزراوەیی لەگەڵ بزووتنەوە ئۆپۆزیسیۆنه ئێرانییه‌کانی دیکە: پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی فەرمی لەگەڵ هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنە دێموکراتیک و غەیرە کوردەکانی ئێران به مه‌به‌ستی پاراستنی فره‌ڕه‌نگی و گشتگیری له دوای ڕژیمی ئێران. 6) ئاماده‌بوونی ستراتیژیک لە هه‌موو ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات: دامه‌زراندنی نووسینگەی هەمیشەیی نوێنەرایەتی لە پایته‌خه‌ت و شارە گەورەکانی تر هه‌روه‌ها دانانی دامه‌زراوه فەرهەنگی، میدیایی و سیاسییه‌کان لەو هه‌موو ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆ چەسپاندنی مافە بنەڕەتییەکانی گه‌لی کورد لە ژێر ڕۆشنایی ئامرازە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و له ڕێی سازدانی هاوپەیمانی ستراتیژیک لەگەڵ چالاکه دێموکراته‌کانی فارس، ئازەری، بەلووچی و عەرەب . 7) برەودان بە مافی یەکسانی و فیدرالیزم لە دەستووری داهاتوودا: پێشکه‌شکردنی ده‌ستوورێکی بنه‌ڕه‌تی زوڵاڵ و ورد له سه‌ر بنه‌مای فیدراڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی-جوغرافیایی که له چوارچێوه‌ی ئێران، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بۆ ناوچه کوردستانییه‌کان مسۆگه‌ر بکات. 8) ستراتیژیی دیپلۆماتیکی تایبه‌ت به ئەکتەرە سەرەکییە نێونه‌ته‌وەییەکان: دانان و په‌یڕه‌وکردنی دیپلۆماسییەکی چه‌ندلایه‌نه‌ی به‌بنه‌ما و گونجاو لەگەڵ ئەمریکا، یەکییه‌تیی ئەورووپا، هێزه ناوچەییەکان و دامەزراوە نێونه‌ته‌وه‌ییەکان به مه‌به‌ستی ڕاکێشانی پشتگیریی هه‌مه‌لایه‌نه، ڕێخۆشکه‌ری هاوپه‌یمانیی سه‌قامگیر و وه‌پێشخه‌ری بەرژەوەندییه هاوبەشه‌کان لە پێناو سەقامگیری ناوچەیی و گواستنه‌وه‌ی دیموکراتیکدا. 9) دانانی میکانیزمی پێشگری و چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان: میکانیزمێکی ناوخۆیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییه ناوخۆییه‌کان، پێشگری له پارچه‌پارچه‌بوونی ناوچه کوردستانییه‌کان و کەمکردنەوەی ئه‌گه‌ری هه‌ر چه‌شنه ناکۆکییه‌ک. 10) پابەندبوون بە هاوبه‌شکردنی سەرجەم توێژه کۆمەڵایەتییەکان: متمانه بدرێت به‌وه‌ی که هه‌موو ژنان، گه‌نجان، که‌مینه ئایینییه‌کان و گروپە پەراوێزخراوەکان له هه‌موو ئاست و پێگه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردی‌دا نوێنه‌رایه‌تییان ده‌بێت. بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەم پێشنیارە پێویستە چوارچێوەیەکی فرەچین، چالاک و خۆگونجێن دابڕێژرێت تاکوو لە کاتی گواستنەوە و دواتردا، سەقامگیری و یەکگرتوویی حوکمڕانی دیموکراتیک ده‌سته‌به‌ر بکرێت. توخمە سەرەکییەکانی ئەم چوارچێوەیە بەم شێوەیەن: 1) ئەنجومەنی گروپە کۆمەڵایەتییەکان: سه‌کۆیه‌کی گشتگیر و جێی هاوبه‌شی کە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی، ژنان، گەنجان، کەمینە ئایینیەکان و دامەزراوە پیشەیی و پسپۆڕه‌کان بێت و ببێته ڕێپیشانده‌ری پێواژۆ دیموکراتیکه‌کان. 2) ئیدارەی ناوخۆیی و ناوچەیی: ئەنجومەنی به‌ربژێرانی شار و شارۆچکه‌کان بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە‌گشتیەکان، ئاسایشی ناوخۆیی و حوکمڕانی ناوچەیی لە چوارچێوەی پێکهاتەی فیدراڵیدا. 3) بەرەی یەکگرتووی کوردستان: یه‌که‌یه‌کی مه‌شرووعی سیاسیه کە هه‌م نوێنه‌ری کوردستان لە دانووستانه‌کان، دامەزراوە نیشتمانییەکان و دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکانه؛ هه‌م نوێنه‌ر و لێپرسراوی داڕشتنی ستراتیژیی ناوخۆیی و دابینکردنی سیاسەت و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە (ئەو بەرەیە جگە لە نۆنێەری حیزبە سیاسێ کانی کورد کەسانی پسپۆر و ئاکادمیش لە خۆدەگرێت.) 4) هێزی چه‌کداری یه‌کگرتوو: یەکخستنی هەموو پێکهاتە سەربازییەکانی ئێستا له یەک هێزی یەکگرتوو بۆ پاراستنی کوردستان، به چه‌شنێک که سەقامگیریی به‌رده‌وامی نیشتمانی مسۆگه‌ر بکات. 5) کۆمیسیۆنی دادوەریی ڕاگوزا‌ر: ده‌سته‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراوی یاسایی به مه‌به‌ستی بەڵگەمه‌ندکردنی پێشێلکارییەکانی ڕابردوو، ئاسانکاری بۆ ئاشتەوایی و پێشنیارکردنی پشتیوانیی دامەزراوەیی بۆ ڕێگری‌کردن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاری و سه‌رپێچی. ئه‌م کۆمیسیۆنه بۆی هه‌یه لە قۆناغی ڕاگوزاردا خزمەتگوزاریی دادوەری پێشکەش بکات. ئه‌م چوارچێوه‌یه له سه‌ر پابه‌ندبوون به گواستنه‌وه‌یه‌کی ئاشتیانه و دیموکراتیک، گشتگیری و پشتیوانی له هه‌موو ئیتنیک و ئایینه‌کانی کوردستان و ئێران، هاوکاریی کارا له گه‌ڵ بزووتنه وه ئۆپۆزسیۆنه‌کانی دیکه بۆ داڕشتنی ده‌ستوورێکی فیدراڵی و دێموکراتیک، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی و کاریگه‌ریی ستراتیژیک له پایته‌خت و دام‌وده‌سگا نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی خواسته دیموکراتیکه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد پێداگری ده‌کات. داهاتووی کورد لە ئێران تەنیا لە ڕێگەی یەکڕیزی، ڕوانینی ستراتیژیک و پابەندبوونێکی نەگۆڕ بە دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە مسۆگه‌ر ده‌بێت. ئێمە بانگهێشتی ئۆپۆزسیۆنی کورد ده‌که‌ین تاکوو به له‌به‌رچاوگرتنی ئەم پێشنیارانه‌مان، هەنگاوێکی بوێرانە و هەماهەنگ هه‌ڵبگرن. هەروەها ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ پێشکەشکردنی هه‌ر چه‌شنه ڕاوێژکارییه‌کی پسپۆڕانه، کاریگەر و بەشداری چالاکانە لە جێبەجێکردنی هەر بەشێکی ئەم پلانە پێشنیارکراوەدا.