دوو لە ژینگەپارێزانی کوردستان کە لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگری ئاوییەر سووتابوون و گیانیان لەدەستدا، بە ئاپۆرای خەڵکی کوردستان لە حەسەن ئاوا و بەهەشتی محەمەدی سنە بە خاک سپێردران. لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەو سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە چیاکۆ یووسفی نژاد و خەبات ئەمینی دوو ژینگەپارێزی کوردستان بەهۆی سەختی بڕینەکەیان و سووتاوییەکەیان گیانی خۆیان لەدەستدا و دوای حەمید مورادی بوونە سێیەم شەهیدی ژینگەی کوردستان و کووژاندنەوەی ئاگری ئاوییەر. پێشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە سەرەتا چیاکۆ یووسفی نەژاد لە حەسەن ئاوای شاری سنەو دوای نیوەرۆش خەبات ئەمینی لە بەهەشتی مەحەمەدی سنە بە خاک سپێردران. خەڵکێکی زۆری شاری سنەو شارەکانی دەوروبەری لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی هەردوو شەهیدی نوێی ژینگەی کوردستان بەشداریان کرد. خەڵک و چاڵاکوانان و هونەرمەندانی کوردستان لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی چیاکۆ و خەبات سرود و درووشمی شۆرشگێریان وتەوە. دروشمەکان زۆر بڕیتیی بوون لە:"داگیرکەڕی ئێرانی قاتڵی رۆڵەمانی"، "هەتا کووردێک بمێنێ کوردستانیش دەمێنێ." و "شەهید نامڕێ" و "خەبات و چیاکۆ قاڕەمانن شەهیدی کوردستانن." ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ئاگڕێک لە ئاوییەر کەوتەوەو پانتاییەکی زۆری گرتەوە، چاڵاکوانانی ژینگەو خەڵکی ئاسایی هەر زوو هەوڵی کووژاندنەوەی ئاگڕەکەیان دا، لەکاتی کووژاندنەوەی ئاگڕەکە پێنج کەس بڕیندار بوون و سووتانی سێ کەسیان زۆر سەخت بوو، بەداخەوە هەر سێکیان کۆچی دواییان کرد و بوونە نوێترین شەهیدانی ژینگەی کوردستان.