9 . گەلاوێژ . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

"رۆژ ئەتڵەس"، یەکەم پۆرتاڵی جوگرافیایی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

"رۆژ ئەتڵەس"، یەکەم پۆرتاڵی جوگرافیایی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە
8 . گەلاوێژ . 2725

بۆ یەکەمجار پۆرتاڵێکی تایبەتی جوگرافیایی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوەو سوڵەیمان چووکەڵی خاوەنی پرۆژەکە دەڵێ زانیاری ٧٠ شارستان و ١٩٠ شارو زیاتر لە ١٠ هەزار ئاوایی کۆکردووەتەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە سوڵەیمان چووکەڵی پسپۆری جوگرافیا و جی ئای ئێس لە پەیامێکدا "رۆژ ئەتڵەس"ی وەکوو یەکەم پورتاڵی جوگرافیایی رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:"سنووری جوگرافیایی بنکە – پڕۆژەی "رۆژئەتڵەس" شەش پارێزگای ورمێ( ئازەربایجانی رۆژئاوا)، سنە( کوردستان)، کرماشان، ئیلام، هەمەدان و لوڕسۆ(لورستان)یە. لە پارێزگای هەمەدان شارستانەکانی "هەمەدان، فامنین و رەزەن" بە هۆی زۆرینەی رەهای زاری هەمەدانی و زمانی تورکییەوە، هەروەها پارێزگای لوڕسۆ شارستانەکانی درود، ئەزنا و ئەلیگودەرز بە هۆی زۆرینەی رەهای زمانی لوڕییە لە پڕۆژەکە وەلا نەنراون."

لە "رۆژ ئەتڵەس"-دا جوگرافیایی زمان، گروپە زمانییەکان و ئایین وەکوو دوو تایبەتمەندیی گرنگی کەڵتووری لەبەرچاوگیراوەو شارستان، شارو ئاواییەکان لەسەر بنەمایی ئەو زانیاریانە جیاکراونەتەوە. هاوکات ناوی راستەقینەو رەسەنی ئاوایی و شارەکان لە پۆرتاڵەکەدا هاتووە.
لەبەشێکی دیکە راگەیاندڕاوەکەدا هاتووە:"دیاری کردنی سنووری نێوان زمانەکان، زار و بن زارەکان ئامانجی ئەو پڕۆژەیە نییە. دیاری کردنییەک کە دەتوانێ فرەچەشنی زمانی وکلتووری، تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی زمانی وەڵاوە بنێ. هاوبەشییەک کە لە ماوەی سەدان و هەزاران ساڵدا پێک هاتووە. بە پێچەوانە دەرخستنی ئەو فرەرەنگییە و راستینەی ئاڵۆزی زمانی لەو بەشە لە کوردستان ئامانجێتی."

سوڵەیمان چووکەڵی کە خۆبەخشانەو لەماوەو ماندووبوونێکی زۆر "ئەتڵەس رۆژ"-ی درووستکردووە، رایگەیاند:" ئەو پڕۆژەیە دەتوانێ جگە لە پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە زمان و ئایین، بەربڵاوی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دراوسێێ لە رۆژئاوای ئێران بە دڵنیاییەکی باشتر پێشان پێدا. لە ئەگەری هەر چەشنە گۆرانکارییەک، دەتوانێ یارمەتیدەر بێ لە بونیاتنانی هەر چەشنە سنوورێکی ژێئۆپۆلیتیکی لە سەر بنەمای رێز لەیەک گرتنی کۆمەڵگە خۆجێیی و دراوسێکان."

چووکەڵی وەکوو پسپۆری بواری جوگرافیا و جی ئای ئێس و بەرێوەبەرو خاوەنی پرۆژەکە داتا و زانیاری و ئانالیزی بۆ ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵات کردووە. ئەو لە ماوەی چەندین ساڵدا رووپێوی بۆ ٧٠ شارستان، ١٩٠ شار و نزیک ١٠ هەزارو ٦٠٠ ئاوایی کردووە.

جۆر و مێتۆدی ئەنجامدانی پڕۆژەکە جوگرافیایی (مەیدانی، ئامێری و پەرتووکخانەیی) بووە. زانییارییە ئامارییەکان بە پێی دوایین ئاماری سەرژمێری دانیشتوان، ساڵی ١٣٩٥ ی خۆری واتا ٢٠١٦ زایینی و چوارچێوە گشتییەکانی ئیداری ئوستان، شارستان و گوندەوارەکانیش بە پێی دوایین دابەشدارییەکانی ئیداری ئێران تا ساڵ ١٤٠٢ ی خۆری واتا ٢٠٢٣ زایینی بووە. لەو نێوەدا دواندنی خەڵک، پسپۆڕ و خەڵکی ئاسایی (بە شێوەیەکی دیجیتاڵی و نادیجیتاڵی) رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە. هەروەها تاپۆ و بەڵگە جوگرافیی و مێژووییەکانیش کەڵکیان لێ وەرگیراوە.

بنکە – پڕۆژەکە فۆرمێکی دیجیتاڵی هەیە. لە چواچێوەی وێبسایت – پۆرتاڵێکدا، بۆ هەر دوو وەشانی مۆبایل و دێسکتۆپ، گونجێندراوە. خوێنەر و بەکار‌‌هێنەر بە بێ هیچ جۆرە بەربەستێک و بە ئارەزووی خۆی زانیاری پێویست وەردەگرێ.


ماڵپەرو پۆرتاڵی "رۆژ ئەتڵەس":
map.rojatlas.com