1 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

نوێنەری حەوت لایەنی سیاسیی رۆژهەڵات باسی یەکگرتووییان کرد

نوێنەری حەوت لایەنی سیاسیی رۆژهەڵات باسی یەکگرتووییان کرد
17 . سەرماوەز . 2724

ئەمرۆ شەممە ١٧ی سەرماوەز ناوەندی لێکۆڵینەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنگتۆن (مێراو) وێبنیارێکی بۆ نوێنەری حەوت لایەنی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەبرد. لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران). کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، پارتی ئازادی کوردستان پاک و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران راوبۆچوونی خۆیان لەسەر بەرەیەک بۆ یەکگرتوویی باس کرد.


محەمەد نەزیف قادری ئەندامی ناوەندی بەرێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو یەکەم پانێلیست باسی لەدۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوخۆی ئێرانی کرد و، پێیوابوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو جاران پرۆکسییەکانی نەماون و ئیسرائیل بەشی زۆریانی لەناوبردووە. بەرای ئەو ئێران کاریگەرییشی لەسەر پرۆکسییەکانیشی وەکوو جاران نەماوە، چوونکە دوای ئەوەی ئیسرائیل حیزبوڵڵای لوبنانی لاواز کرد، حیزبوڵڵا لەدەرەوەی ویستی ئێران لەسەر ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوت.
محەمەد نەزیف قادری سەبارەت بە دۆخی سوریەش رایگەیاند کە هاوسەنگی هێز لەسوریە و لوبنان گۆراوەو ئێستا بەروونی سوریە دەبینرێت کە ئێران کاریگەری سەربازی و سیاسی نەماوەو میلیشیاکانی لەسوریەش بەرەو پاشەکشێ و لەناوچوون دەچن.
ئەندامی ناوەندی رێبەریی حدکا رایگەیاند کە ئێران لەناوچە بەرەو پاشەکشێ دەچێت و لەناوخۆش دۆخی خراپە. هەربۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەرەو یەکگرتوویی بچن. بەرای ئەو خەڵکی کوردستان هەر کاتێک هێزە کوردستانییەکان یەکگرتوون ئەوانیش هیوادارتر دەبن. بۆ پرسی یەکگرتووییش محەمەد نەزیف قادری داوا دەکات کە لایەنەکان لەسەر پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی یەکدەنگ بن، هاوکات داواشی لەلایەنە سیاسییەکان کرد بەدەر لە کێشە تەشکیلییەکانیان بەرەو یەکگرتووی بچن و پرەنسیبەکانی کاری هاوبەشی بپارێزن. داواش دەکات کە ژنان و لاوان و هەموو چین و توێژەکان بچنە ناو هاوپەیمانییەکی نیشتمانی.
لە بەشی دیکەی وێبنیارەکەدا کاکۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەباسکردن لەدۆخی ناوچەو لاوازبوونی پێگەی ئێران لە هاوکێشەکان دەستیپێکرد. ئەویش پێیوابوو کە جگە لەکێشە ئابووری و سیاسییەکانی ئێران، ئێستا پرسی جێنشینی رێبەریش کێشەیەکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
کاکۆ عەلیار سەبارەت بەیەکگرتوویی گوتی کە ئەو زۆر لەگەڵ گوتاری هاوبەش نەبێت، بەڵام دەبێ کارو پرۆژەی هاوبەشمان هەبێت. ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی شۆرشگێر دەڵێ لایەنە سیاسییەکان تێروانین و جیهانبینی وەکوو یەکیان نیە، هەر بۆیە دەبێ باس لە کاری هاوبەش بکەن. بەگوتەی کاکۆ عەلیا بۆ کاری هاوبەشیش دەبێ لە لانیکەمەکان دەستپێبکەین و، کاری یەکەمیش دەبێ رێککەوتن لەسەر لانیکەمەکان بێت.
کاکۆ عەلیار ئاماژەی بەوەدا کە کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان پلان و بەرنامەیەکی دیاریکراوی نیە، ئەوەش بە گەورەترین کێشەی کوردستان دەزانێت، ئەو پێیوایە دەبێ لایەنە سیاسییەکان بە پلانەوە بکەر بن، نەک تەنیا دژکردەوەیان هەبێت. عەلیار وتیشی کە بۆ کاری هاوبەش دەبێ بارودۆخی سیاسی و مەیدانی لەبەرچاو بگیرێت، دۆخەکەش وایە کە گۆرانکارییەکان لەهەموو کات نزیکترین و دەبێ خوێندنەوەی مەیدانیمان هەبێ.
نوێنەری کۆمەڵەی شۆرشگێر دەڵێ دوای ئەوە دەبێ زەمینەی کاری هاوبەش برەخسێنین، ناکۆکییەکان کەم بکەینەوە، رەفتارو هەڵسوکەوتی حیزبی ئامادە بێ، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ کاری هاوبەش برەخسێنین. بەرای کاکۆ عەلیار دەبێ بزوتنەوەو خواستی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێتە بنەمای کاری هاوبەش.
پانێلیستی سێیەم حەسەن رەحمان پەنا جێگری دەبیری یەکەمی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بوو. ئەو قسەکانی بە ئیسرائیل دەسپێکرد و رایگەیاند کە رەگەزپەرەستی نەتانیاهۆ پەیوەندی بە کوردەوە هەیەو رایگەیاند کە ئیسرائیل خەریکە خەڵکی بێتاوانی فەڵەستین کۆمەڵکوژ دەکات و پێشیوایە کە ئەوەی لەفەڵەستین روودەدات پەیوەندی بەوانیشەوە هەیە.
سەبارەت بە یەکگرتوویی لایەنەکانیش حەسەن رەحمانپەنا ئاماژەی بەهەندێک خاڵ کرد. یەکەم: دروستکردنی کەشێک بۆ گفتوگۆکردن بۆ ئەوەی زەمینەیەک بۆ کاری هاوبەش برەخسێت، بەو مانایەی رەخنەگرتنی حیزبەکان لەیەکتر وەکوو دوژمنایەتی سەیر نەکرێت. دووەم: پابەندبوون بە ئازادی سیاسی بێ مەرج و رێزگرتن لە مافەکان گشتییەکان. سێیەم: بەفەرمی ناسینی مافی خاوەندارییەتی خەڵک بۆ ئەوەی خۆیان بەرێوەببەن. حیزبە سیاسییەکان تەنیا بە دەنگی خەڵک مافی بەرێوەبەریان هەیە. چوارەم: خۆبواردن لە گفتوگۆکردنی هەر لایەنێک بەشێوەی تاک لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا. ئەگەر دانوستاندن و گفتوگۆ لەسەر پرسی سیاسیی پێویست بوو، دەبێ میکانیزمێکی گشتی و هاوبەش هەبێ. پێنجەم: جەختکردنەوە لەسەر بەکارنەهێنانی چەک لە یەکلاکردنەوەی بیرورا جیاوازەکان. پێویستە هێزی چەکداری حیزبەکان دوای روخانی رژێم بکەونە ژێر دەسەڵاتی جەماوەر. شەشەم: هاوکاریکردن لەپێشخستنی شۆرشی ژینا، بەهێزکردنی رۆڵی ژنان لەو شۆرشەدا، گرتنەبەری سیاسەتێکی یەکگرتووخوازانە لەناوخۆ بە مەبەستی بەهێزکردنی بزوتنەوە مەدەنییەکان.
پانێلیستی دیکەی وێبنیارەکە بێهروز مەلەکشا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو، بەرای مەلەکشا گەورەترین مەسەلەی کورد یەکدەنگ نەبوون بووە. بەرای ئەو هەرکات حیزبەکان یەکگرتوو بوونە، تەوژمێکی زۆر کەوتووەتە ناو خەڵکەکە. نموونەش شۆرشی ژینا دەهێنێتەوە کە بەباوەری بێهروز مەلەکشا هاوکاریکردنی ناوەندەی هاوکاری بووە هۆی ئەوەی کە جولەیەکی گەورە لەکوردستان دروست بێت و ئەوەش بۆ هەموو ئێرانیش گوازرایەوە.
لەگەڵ ئەوەش مەلەکشا پێیوابوو کە تەنیا یەکگرتوویی ناتوانێ هۆکاری سەرکەوتنی کۆتایی بێت، پێیوایە کە جیاوازیی بیرکردنەوەکان لە کاتە هەستیارەکان ناوەندەکەی لەناو برد، ئەوەش‌کێشەیەکی گەورەیە، چوونکە هەر یەک لەلایەنەکان پاڵیان لە لایەنێکی دەرەکی دا. نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پێشنیار دەکات کە لایەنەکان سەرەتا بەدوای گوتاری هاوبەشدا بن، بۆ ئەوەی بتوانن کاری هاوبەشیش بەیەکەوە بکەن. پێشیوایە کە گوتاری هاوبەش دەبێ بەرامبەر ئەویتری غەیرە کوردی بێت، نەک حیزبەکان خۆیان لەبەرامبەر یەکتردا پێناسە بکەن. مەلەکشا پێیوایە لە ئێستادا بەرامبەری لایەنە کوردییەکان خۆیانن، نەک دوژمن. ئەوەش بە هۆکاری سەرەکی دروستنەبوونی یەکدەنگی دەزانێت.
جەلال خۆشکەڵام نوێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران یەکێکیتر لە پانێلیستەکان بوو. خۆشکەڵام وتی ئەگەرچی زۆر هەوڵی پەراوێزخستنەوەی ئێمەیان داوە، بەڵام بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدا بووینە کە یەکگرتوویییەکی کوردستانی دروست بکرێت. نوێنەری سازمانی خەبات پێیوایە کە کاری هاوبەش پێویستی بە دروستکردنی روحیەتی متمانەبەیەک کردن هەیە. بەرای ئەو لەگەڵ ئەوە لایەنە سیاسییەکان رای جیاوازیان لەسەر ئێستا و داهاتوو هەیە، بەڵام دەتوانین لەسەر خالی هاوبەش کار بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ سەرەتا گوتارێکی هاوبەش لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەکان دروستبکەین.
جەلال خۆشکەڵام نایشارێتەوە کە یەکنەبوونی کورد بەدرێژایی مێژوو دەرفەتی زێرینیشی لەکیس کورد داوە، هۆکارێکی دیکەی ئەو دۆخەش بۆ دەستاودەستکردنی لایەنە سیاسییەکان دەگەرێتەوەو بەردەوام کارەکان بۆ داهاتوو بەجێدەهێڵن و کاریان لەسەر ناکرێت.
خۆشکەلام داوا دەکات کە لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی پێشکەوتنەکانی ناوخۆ بن، هەروەها کار بۆ هێنانی پێشی ژنان و لاوان بدرێت، دەشڵێ نابێ قەوانی کۆن لێبدرێتەوەو بە دیدی کلاسیکی جاران لەیەکتر بروانین. نوێنەری سازمانی خەبات پێیوایە کە بە گەورەو بچووک و خۆسەپاندن ناکرێ کار بکرێت، ئاشکراشیکرد کە ناوەندی هاوکاری بەو هۆکارانە لەناوچووە، چوونکە نەیاندەویست لەوە گەورەتری بکەنەوەو بیروبۆچوونی حیزبی بەسەر ناوەندەکەدا زاڵ بووە. بەرای ئەو لەگەڵ هەموو را جیاوازەکان و تەنانەت هەبوونی سەربەخۆییخوازەکانیش دەتوانرێ ناوەندێکی یەکگرتوو هەبێ و لەسەر بنەمای دیاریکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس رێکبکەون.
خەلیل کانی سانانی گوتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان پاک، یەکێکی دیکە لە پانێلیستەکانی ئەو وێبنیارە بوو. بەرای کانی سانانی هۆکاری سەرەکی ئەوەیکە تاکوو ئێستا گوتاری هاوبەشمان نەبووە، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە حیزبی جیاوازمان لەرووی ناسنامە و پێناسەی جیاوازمان هەیە. هەندێک کوردستانین، هەندێک لەگەڵ ئەوەی کوردستانین ئێرانیشن و هەندێکیش ئێران تەوەری دەکەن. بەرای نوێنەری پاک ئەو جیاوازییە لەمپەری سەرەکی بەردەم یەکریزییە.
بۆ چارەسەری ئەو جیاوازییە، خەلیل کانی سانانی پێیوایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبێ بکرێتە بنەما. بەرای ئەو ئەو مافە لەرووی پرەنسیب و یاسایی نێودەوڵەتی دانی پێدانراوە، هەر بۆیە دەتوانێ خاڵکی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکان بێ کە بۆچوونی جیاوازیان هەیە. جگە لەوەش خاڵێکی دیکە بۆ ئەوەی یەکگرتوویی دروست بکرێت، ئەوەیە کە بتوانین کاری هاوبەش بکەین. نوێنەری پاک لەسەر ئەو باوەرەیە کە ئەگەریش لەسەر پرەنسیبی مافی چارەنووسیش نەکەوینە رێککەوتن، بەڵام دەکرێ لەسەر چەند خاڵێکی دیاریکراو کاری هاوبەش بکەین، بۆ ئەوەی بە رێککەوتنێکی کاتی لەو قۆناغە تێپەرین. ئەو کارانەش هاوکاری سیاسی لەدژی ئێران، بانگەوازی مانگرتن، راگەیاندن، هەواڵگری و هەماهەنگی لەشکری لەنێوان لایەنەکان هەبێت.
زاگرۆس ئەندەریاری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک لە پانێلەکەی خۆیدا بە دۆخی ئێستای ناوچە و بەتایبەت لەناوخۆی ئێران و سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد. بەرای ئەندەریاری گۆرانکارییەکانی ناوچە ئەوە دەردەخەن کە گۆرانکاریی لەناوخۆی ئێران حەتمییە. هەربۆیە پێیوایە کە کاری هاوبەش دەتوانێ وابکات کە کورد پێشەنگایەکی گەلانی ئێران بکات، نەک تەنیا هی کورد.
نوێنەری پژاک دەڵێ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەریخست کە کورد دەتوانێ پێشەنگایەتی هەموو ئێران و گەلانی ناوچە بکات. ئەگەر بتوانین ئەو پێشەنگییە بەردەوام بکەین، دەتوانین کاریگەری راستەوخۆمان لەسەر داهاتووی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەراست هەبێت. زاگرۆس ئەندەریاری پێیوایە دۆخی سوریە دەریدەخات کە دەستی ئێران لەناوچە دەقرتێندرێت، چوونکە ئێران رۆژهەڵاتی ناوەراستی تێکداوەو جیهانیش لەوە تێگەیشتووە. کەوایە بەرای زاگرۆس ئەندەریاری چیتر رێگە نادرێت، ئێران وەکوو جاران بێت.
نوێنەری زاگرۆس پێیوایە کە لەئەگەری گۆرانکارییەکاندا ئەرک و رۆڵی مێژووی کورد زۆر گرنگ دەبێت. ئێستا لەئاستی ئێران ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو نیە، کەوایە ئەو ئەرکە بۆ کورد ماوەتەوە. دەبێ کوردیش کەڵکی لێوەربگرێت. ئەندەریاری ئاشکرایکرد کە هەندێک لایەنی کاریگەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە شۆرشی ژن ژیان ئازادی لەناوخۆ و دەرەوە کاری هاوبەشیان کرد، کاریگەرییەکەشی دیار بوو. هەربۆیە دەبێ بەردەوام بێت.
نوێنەری پژاک پێیوایە کە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان دەستکەوت هەیە، لە رۆژهەڵات و باکووریش ئەزموونی مێژووی تایبەتی خۆیان هەیە. هەموو ئەوانەش دەتوانێ دەرفەت بێت بۆ ئەوەی بتوانین بۆ دوارۆژی سیاسی گەلەکەمان رۆڵی دیار و مێژوویمان هەبێت. گەلی کورد گەلێکی زۆر سیاسییە، لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەگەر کورد لەهەر گۆرانکارییەکدا بەشدار نەبێت، گۆرانکارییەکە سەرکەوتوو نابێت. کاریگەرییەکانی ئێمە لە قەوارەکەمان زیاترە، بەرای زاگرۆس ئەندەریاری ئەگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوردەکان ١٥ لەسەدی ئێران بن، بەڵام کاریگەرییەکانیان سەروو ٤٠ لەسەدە. هەربۆیە دەبێ کەڵک لەو هێزو کاریگەرییە بۆ پرسەکەمان وەربگرین.
نوێنەری پژاک پێشنیاری ئەوەیکرد کە پێویستە کۆمسیۆن یان ناوەندێکی هاوبەش پێکبهێندرێت لەناویدا مەجلیس و کاری بەیەکەوەیی راگەیاندن و سیاسی و بواری ژنان و هەموو بوارە مەدەنییەکانی تێدابێت.
وێنیارەکە لەلایەن خالید بۆکانی بەرێوەدەچوو، ئەرکی دابەشکردنی کات و بەرێوەبردنی پانێلەکانی لەئەستۆ بوو. هاوکات لەکۆتایی وێنیارەکەدا دکتور ناسر باباخانی ماموستای زانکۆ و بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست مێراو باسی لەئامانجی ئەو بەرنامەیە کرد، کە لەکۆتاییدا هەستکردن بە دۆخی هەستیاری ناوچە، ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستانە. باباخانی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، کە لەدەرەوەی ئەوەی کە کام هێز گەورە یان بچووکە لەدەوری یەکتر کۆبننەوەو بەیەکگرتوویی کاری هاوبەش بکەن.