درۆنێک بناری مەسیف و لەدیوی باڵیسان کەوتووەتەخوارەوەو دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێ ئامانج بنکەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار، درۆنێک لە بناری مەسیف و لەدیوی باڵیسانی باشووری کوردستان کەوتووەتەخوار، دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، کە ئامانجی درۆنەکە بنکەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە شوێنی مەبەست کەوتووەتەخوار و هیچ زیانێکیشی نەبووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی گوت کە دەنگی تەقینەوەی کەوتنەخواری درۆنەکە زۆر بووە و، شوێنی کەوتنەخواریشی شەش و بۆ حەوت کیلۆمەتر لە بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. کۆمسیۆنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەراگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە درۆنەکە بۆمبرێژکراوەو هی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەو ئاراستەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە، لەراگەیاندراوەکەدا هاتووە کە خەڵکی ناوچەکە تووشی دڵەراوکێ بوونە، بەڵام هێزەکانیان سەڵامەتن و هیچ خەسارێکی نەبووە.