22 . ڕەشەمە . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە
9 . ڕەشەمە . 2724


بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا لە دایکبووە، کە پڕتووندوتیژیترین سەدەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و دوو جەنگی جیهانیی تێیدا روویداوە و هەموو هەلومەرجەکانی سۆسیالیزمی واقیعی و جەنگی سارد باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو و نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرا. پەکەکە لە هەلومەرجێکی ئاوادا لەدایکبووە، کە هەموو ئازادییەکان قەدەخەکرابوون.لە رووی تیۆری، پەیڕەو و پرۆگرام، ستراتیژ و تەکنیکەوە، لەژێر کاریگەریی قورسی سیستمی سۆسیالیستی واقیعیی سەدەکەدا بووە.

داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لەساڵی نەوەتەکاندا بە هۆکاری نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی پەکەکە نێوەڕۆک و مانای بوونی خۆی لەدەستبدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت.

کورد و تورک بەدرێژایی مێژووی هەزار ساڵەی پەیوەندییەکانیان، هەمیشە بەپێویستیان زانیوە لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا ئارەزوومەندانە پێکەوە بن، ئەوەش بە مەبەستی مانەوەیان و بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هێزە بە هەژموونەکان.

مۆدێرنیتەی کاپیتالیست لە 200 ساڵی رابردوودا، پارچە پارچەکردنی ئەم هاوپەیمانیێتییەی کردووەتە ئەرکی سەر شانی خۆی. هەموو ئەو هێزانەش کە کەوتوونەتە ژێر ئەو کاریگەرییەوە، لەسەر بنیچینەی چینایەتی خزمەتکردنیان بەم ئامانجە کردووە بە بابەتی خۆیان. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ تەفسیرە تاکڕەوییانەکانی قۆناخی کۆماری، خێراتر بووە. ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ کەوتووەتە دۆخێکی تا بڵێی شڵۆقەوە، پێویستە سەرلەنوێ لەچوارچێوەی رۆحی برایەتیدا و بەڕەچاوکردنی باوەڕەکان، جارێکی دیکە رێکبخرێتەوە و پێویستە ئەمە بکرێت بە ئەرکی سەرەکیی سەرشانمان.

هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک پێویستییەکی حەتمییە. پەکەکە کە تەمەندرێژترین و فراوانترین بزووتنەوەی سەرهەڵدان و تووندوتیژیی مێژووی کۆماری تورکیایە، بەهۆی داخرانی دەرگاکانی سیاسەتی دیموکراتیک، هێز و بنچینەی پەیدا کردووە.
داواکاریی دەوڵەتی نەتەوەیی جودا، کە ئەنجامی حەتمیی سەرلێشێواویی نەتەوەگەرایی پەڕگرانەیە، لەگەڵ داخوازیی بۆ فیدراڵییەت و خۆسەریی کارگێڕی و چارەسەرە کولتوورییەکان هیچیان ناتوانن ببن بە وەڵامێک بۆ سۆسیۆلۆژیای مێژوویی کۆمەڵگە.

تەنیا لە رێگەی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و هەبوونی بواری کاری سیاسییەوە دەتوانرێت ئەو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە بهێنرێنە کایەوە بۆ هەموو لایەن و پێکهاتەکان کە تێیدا رێز لە ناسنامەکان بگیرێت، ئازادیی رادەربڕین و رێکخستنی دیموکراتیک فەراهەم بکرێت.

کۆماری تورکیا لە سەدەی دووەمیدا تەنیا کاتێک پتەو و بەهێز دەبێت، کە لەچوارچێوەی برایەتییەکی بەردەوامدا، تاجی دیموکراسییەت بخرێتە سەر سەری. هیچ رێگەیەک نییە و نابێت بێجگە لە دیموکراسییەت بۆ گەڕان بەدوای سیستم و جێبەجێکردنی سیستم. رێککەوتنی دیموکراتیک رێچکەی بنەڕەتییە.

ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ زمان و راستییەکانی قۆناخەکەدا پەرەیپێبدرێت.
لەم کەشەدا کە لە ئەنجامی ئەوە هاتە کایەوە کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی بانگەوازێکی کرد و بەڕێز سەرۆککۆمار ئیرادەیەکی خستەڕوو و پارتە سیاسییەکانی دیکە بەشێوەیەکی ئەرێنی رووانییان لە بانگەوازەکە، منیش بانگەوازی چەکدادان دەکەم و بەرپرسیارییەتیی مێژوویی ئەو بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرم.

بەمەبەستی ئاوێتەبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە، وەکو هەموو کۆمەڵە و پارتییەکی هاوچەرخ کە بەزۆر کۆتایی بە بوونی نەهێنراوە و خۆویستانە ئەو کارە دەکات، ئێوەش کۆنگرەی خۆتان کۆبکەنەوە و بڕیار بدەن: هەموو گرووپەکان پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەو لایەنانەی باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن.
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥
عەبدوڵا ئۆجەلان