بەپێی نوێترین راپۆرتی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ بەکارهێنانی سەربازی بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو زیادیکردووە. ئەمرۆ چوارشەممە ٨ی رەشەممە راپۆرتێکی نهێنی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم گەیشتووەتە دەستی هەواڵدەری ئاسۆشیتێدپرێس و تێیدا هاتووە کە رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠ لەسەد هەتا ٢٠ی رێبەندان گەیشتبووە نزیکەی ٢٧٥ کیلۆگرام و ئەوەش دەریدەخات کە رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی شەست لەسەدی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیتووە. بەپێی راپۆرتەکەی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا، ئێران نزیکەی ٩٢ کیلۆگرام یۆرانیۆم شەست لەسەدی زیادکردووەو ئەوەش دەریدەخات کە رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ بەکارهێنانی سەربازی بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو زیادیکردووە. بەپێی راپۆرتی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، نزیکەی ٤٢ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بەرێژەی ٩٠ لەسەد، بەشی درووستکردنی یەک بۆمبی ئەتۆم دەکات. هەربۆیە راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات هەر ئەو رێژە یۆرانیۆم پیتێندراوەی ئێران ئێستا هەیەتی، بەشی دروستکردنی زیاتر لە ٦ بۆمبی ئەتۆم دەکات. ئەو راپۆرتەی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەکاتێکدا ئاشکرا کراوە، کە هەر ئەمرۆ چوارشەممە گیدئۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ماڵپەری پۆلیتیکۆی وتبوو کە هیوای ئەوەیان نەماوە کە لەرێگەی دیپلۆماسی کاریگەری لەسەر ئێران دابنێن و هەر بۆیە موومکینە پێویست بکات هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بکات.